قەیرانی حزبە سیاسییەكانی كوردس
June 1, 2010
وتار و بیروڕا
حزبە سیاسییەكانی كوردستان لە بارێكی ئاسایی لەدایك نەبووینە، بەڵكو لە ئەنجامی ئەو زوڵم و زۆردارییەوە هاتوونەتە دروستبوون، بۆئەوەی كۆتا بەو رژێمانە بهێنن كە نەتەوەی كوردیان رووبەرووی نەك هەر زوڵم و زۆرداری كردوونەتەوە، بگرە هەڕەشەی لەناوچوونیشیان لێكراوە.ئا لەبەر ئەوە دروستبوونی ئەو حیزبانە بەو گیانە شۆڕشگێڕییەوە، بمانەوێ و نەمانەوێ،جۆرێك لە داخرانی پێوە بووە .ئەمە نەخاسمە ئەو حیزبانەی كە بەهۆی ئینشیقاق و قەیرانی قووڵی حزبی دایك درووستبوونە، هەمیشە شانازیان بە رادیكاڵییەتی خۆیانەوە كردووەو، هەمیشە خۆیان بە راست و راستتر زانیوەو ئەوەی بەرامبەرەكەیان بە هەڵە و هیچ لەبار نەبوو زانیوە.
لێرە جگە لەوەی سیاسەتی حزبەكە تەنها خۆی پێ راست بووە، بەڵكو بەرپرسی یەكەمی حزبەكەش زەمینەیەكی ئەوتۆی دروستكردووە لە نێو ئەندامانی حزبەكەی كە كەسێكی نائاساییەو بەهەڵكەوت ئەم كەسە خوڵقاوەو وەك رزگاركەر سەیریان كردووە، بەڵام لە بنچینەدا نەیانتوانیوە ببنە كەسێكی كاریزمیش، كاریزمی وەك ئەوەی ماكس ڤێبەر باسی كردووە.
هەموو ئەم جۆرە لێكدانەوانەش لە سەردەمانێك هاتن و دروستبوون كە سەردەمی خۆبەراست زانین بوو، سەردەمی شۆڕشگێڕی بوو، كۆمەڵگاكەش بە ناخی دیموكراسیدا نەچووبووە خوارەوە تا ئەمەی لێ قەبووڵ نەكات، بۆیە كاتێك گۆڕانكاری ریشەیی لە بواری بیركردنەوەو هاتنەدی دیموكراسی ودیالۆگ بۆ چاری گرفتەكان پێڕەوكراو بونیادنانی كۆمەڵگەیەكی دیموكرات بووە مۆدێل، ئیتر تەواوی پێكهاتەی ئەو حزبە رادیكاڵانەی جا خۆیان لەژێر هەر ناوێكەوە بەستبووەوە، بوونە مینێكی چێنراو كە لە هەر ئان و ساتێكدا مەترسی تەقینەوە(كەرتبوون و پەرتبوون و هەڵگەڕانەوە)ی لێدەكرا، رێك وا دەرچوو لە ماوەی (18) ساڵی رابردووی كوردستاندا یەك رستە ئینشیقاق لە نێو حزبە سیاسییەكاندا روویداوە، بۆنموونە تەنها حیزبی زەحمەتكێشان كە خۆی بە ئینشیقاق لەدایك بووە، كەچی لەماوەی ئەو (18) ساڵەی رابردوویدا، چەندین ئینشیقاقی گەورەیشی لەناودا دروستبووە، بەجۆرێك هەندێك لەو ئینشیقاقانە حزبەكەی هێناوەتەوە سەر ساجی عەلی، كە یەكەمین ئینشیقاق لە باڵەكەی ئاڵای شۆڕشەوە دەستی پێكرد و دواجاریش ئەوەی لە مانگی رابردوودا روویدا كە تەنها سكرتێرێكی تەجمیدكراوی لێ مایەوە. كارەساتی گەورەش ئەوەیە هەموو جار حزبەكان بیانووی نابەجێ بۆ كەرتبوونی حزبەكانیان دەهێننەوەو دەیانەوێ ئەو ئەندام و لایەنگیرەی ماویانە قەناعەت پێبهێنن كە ئەمە دەستی دەرەكی لە دواوەیەو حزب كاریگەر بوو بۆیە وایان لێكرد و ...هتد.ئەمە گەورەترین هەڵەی حزبە سیاسییەكانە كە بە پاساوی ناواقیعی هیچ بوارێك بۆ ئەندامەكانیان ناهێڵنەوە تا بە هێمنی بیر بكەنەوە، بیر بكەنەوە كە ئاخۆ گرفتەكان لە كوێن.پێڕەوكردنی ئەم عەقڵیەتە راستەوخۆ رێگە خۆش دەكات بۆ روودانی ئینشیقاقێكی دیكە،كە دواجار دەبنە جەستەیەكی نامۆ لە نێو كۆمەڵگەدا.