بۆچی بارزانی نەمر وەكوو خۆی ناخ

بۆچی بارزانی نەمر وەكوو خۆی ناخ
مستەفا بارزانی هەر وا بە سانایی نەبووەتە باوكی كورد یا سەرۆكی رۆحی نەتەوەیی یا رەمزی خۆبەختكردن و گیانی بەرخودان و یەكبوونی گەلی كورد، زۆرن ئەوانەی لە مێژووی گەلانی دونیادا زۆر كەمتر لە بارزانیشیان بۆ میللەتەكەی خۆیان كردووە، كەچی نەك هەر بەرز راگیراون لە لایەن میللەتەكەیانەوە، بەڵكو چ سەركردەكانی دوای ئەو هاتوون، چ میللەت خۆی، هەوڵیانداوە رۆحی ئەو سەركردەیە بەوە زیندوو بكەنەوە كە پێڕەوی لە كردارو گوفتاری بكەن، پێڕەوی رێبازەكەی بن. ئەمەیان لەناو كورد بە سەركردایەتی و بنكردایەتی نەتوانراوە تەواو پابەند بن بە ئەو میتۆدەی بارزانی نەمر كە بێ جیاوازی بۆ هەموانی رەنگڕێژ كردو كردی بە میتۆدێك بۆ بەرەو سەرفرازی و پێشەوەچوون.
ئەوەی جێی نیگەرانییە ئەوەیە، هەموو گەلانی دونیا كاتێك پێڕەوی سەركردەو رابەرە رووحییەكانیان دەكەنەوە، لە كاتی خۆیدا یادی دەكەنەوەو هەر لە كات و شوێنی خۆیشیدا میتۆدەكەی بەرز هەڵدەسەنگێنن، كەچی لەناو ئێمەی كورد زۆر بە پێچەوانەوەیە، هەموومان رۆژانە كە باس لە بارزانی نەمر دەكەین، بۆ ئەوە باس ناكەین كە لاپەڕە شاراوەكانی بارزانی هەڵدەینەوە (كە پێموایە هێشتا زۆر لاپەڕەی پڕشنگداری بارزانی ماون و هەڵنەدراونەتەوە)، بۆ ئەوە باس ناكەین جارێكی تر گەرمی و گوڕییەكی تر بە بەرگیانی خۆماندا بكەینەوەو، ئەمڕۆمان باشتر بكەین لە دوێنێمان و بنەمایەكیش بۆ سبەی بونیاد بنێین، یان هەڵەكانی دوێنێمان راست بكەینەوەو جارێكی دیكە بە باشترین شێوە خزمەتكاری میللەتی خۆمان بین، گرفتەكە لێرەوە دەست پێدەكات، ناڵێم هەر هەمووی چونكە لەناو هەموو شتێكدا ئیستیسنا لێرەو لەوێ هەیە، بەڵام ئیستیسنا كەمینەیەو ئێمە مەبەستمان لێرەدا زۆرینەیە، هەموومان وێنەی بارزانی نەمر لە ژوورەكانماندا بە گەورەیی هەڵدەواسین، بەڵام لە لایەك بۆ ئەوەیە جۆرێك لە چاوبەستەیی دروست بكەین و زیاتر ماڵی حیزب و حكومەت بە فیڕۆ بدەین، لە لایەكی تریش بۆ ئەوەیە هەمیشە دڵسۆزی و وەلائی خۆمان تازە بكەینەوە،بێ ئەوەی رێبازەكە پەیڕەو بكەین. بەڵام ئەمەش سنووری هەیە، ئەوەتا خەڵك خەریكە بڕواو متمانەمان پێ ناكات كاتێ لە ژێر وێنەیەكی رازاوەو گەورەی بارزانی نەمر دەمانبینێ.واتا خەڵكە گشتییەكە باشتر لە خەڵكی حیزبی دەزانێ بارزانی نەمر چۆن هەموو ژیانی خۆی بۆ گەل تەرخان كردبوو، یەك رۆژ بەدوای ئارەزووە شەخسییەكانی خۆی نەچووە، لەبەر ئەوەیشە پێچەوانەی هەموومانە.
ئەمڕۆ لە هەموو كات زیاتر پێویستیمان بەتێگەیشتن لە میتۆدی بارزانی هەیە، نەك بەتەنها لە بواری سیاسیدا، بگرە لە بوارەكانی عەدالەتی كۆمەڵایەتی، هزری نەتەوەیی و پەروەردەیی و، ....هتد . بەڵام ئایا توانیومانە بارزانی نەمر وەكوو خۆی بخوێنینەوە؟ ئایا توانیومانە بەشێكی كەم لەو رێبازەی كە زیاتر لە نیو سەدەیە بۆی رەنگڕێژ كردووین پیادەی بكەین؟ بۆچی هێشتا حەقیقەتی بارزانی لە ناخماندا چەكەرەی نەكردووە، مەگەر دەروێشی ئەم رێبازەی بارزانی نەمر نین؟بۆچی ئەوانەی هەمیشە باسی بارزانی نەمر دەكەن، زۆرترین گەندەڵی بەو ناوەوە دەكەن ؟ چما بارزانی بۆ ئەو رۆژە تێكۆشا تا خەڵك لە كارو كردەوەكانمان توووڕە بن؟ بۆچی ئێستا ناوەندێكی تۆژینەوەیی نییە تا جارێكی تر رووی راستەقینەی بارزانی نەمر بۆ تەواوی خەڵكی كوردستان نیشانبداتەوەو سەرلەنوێ خۆمان پاك بكەینەوە؟ ئەی ئێستا لە هەموو كاتێك زیاتر پێویستیمان بە پاكبوونەوە نییە؟ درێژەدان بە ڕێبازی بارزانی درێژەدانە بە لەخۆبوردوویی و خۆ نەویستی و خزمەتكردنی زیاتری خەڵك. ئیمڕۆ لە هەموو كاتێك زیاتر پێویستیمان بە خوێندنەوەو تێگەیشتنی پەیامەكانی بارزانی نەمر ە، بەڵام بە داخەوە لە قسەی رووت زیاتر، شتێكی گرنگی بۆ نەكراوە، ئاخر ئینتیمای هاووڵاتیبوون و ئینتیما بۆ نیشتیمان بە كەرەستەی سەقەت دروست نابێت.
هەندێك لەوانەی لەم چەند رۆژەی رابردوودا لە كەناڵەكانی رادیۆ و تی ڤی قسەیان لەسەر راپەڕین دەكرد، نەك هەر بەشداری راپەڕینیان نەكردبوو، بەڵكو بەعسییەكی زۆر پیس بوونەو هەمیشە چەپڵەیان بۆ تاوانەكانی بەعس لێداوە،كەچی تی ڤی یەكان ئەوانیان هێنابوو باس لە شكۆی راپەڕین بكات، ئاخرخەریكە رووی راپەڕینەكەشمان لێ قێزەون دەكرێ، بۆیە ئەم نموونەیەم هێنایەوە با بارزانی نەمریش وای لێ نەیەت تەنها گەندەڵەكان لە پێشەوە بن بۆ یادكردنەوەی بارزانی نەمرو قسەی قەڵەو قەڵەو فڕێدەدەن . با هەر هیچ نەبێت بۆ بەرژەوەندییە گشتییەكانمان، بۆ نەتەوەكەمان رۆحێكی نوێتر وەبەر بارزانی نەمردا بكەینەوە، كە شایستەی ئەو سەركردە ئەو رابەرە میللییە بێت. كە ئەوەی پێی كرا بۆ كورد و كوردستان، كردی.
Top