نێچیرڤان بارزانی و ئەردۆگان مۆ
February 23, 2010
وتار و بیروڕا
بوونی نێچیرڤان بارزانی بە سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، دواتریش ئەو هەنگاوانەی بۆ پیادەكردنی حوكمڕانێتییەكەی نای، ئاسۆیەكی نوێی بۆ خەڵكی كوردستان كردەوەو ئەوەی سەلماند ئەگەر سەركردەی بە توانا هەبێت با بارودۆخەكانیش دژوار بن، مێژووی خەباتی گەلان ئەوەمان پێ دەڵێت سەركردە دەتوانێت واقیعی تاڵ بگۆڕێت . نموونەش كۆریای باشوورو تایوان و سەنگافوورەو...هتد. نێچیرڤان بارزانی رێك ئەو سەركردەیە بوو كە توانی لە پیادەكردنی یەكگرتنەوەی حكومەت زۆر سەركەوتوو بێت و ئەو شڵەژانە دەروونیەی بە سیمای هەر تاكێكی كوردستانەوە دیاربوو نەیهێلێت.كرانەوەیەكی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەوتۆیشی بۆ كوردستان فەراهەمكردووە، كە زۆر حەكیمانەیە، چونكە تایوان بە پشتگیری توندی ئەمریكاو رۆژئاواوە توانی ئەو كرانەوەیە بكات ئەویش لەبەر دژایەتیكردنی چین و ژاپۆن، بەڵام ئەوەی كوردستان لەسەر حیسابی هیچ وڵاتێك نییە.
ئەوەی بەدیدەكرێ لە توركیاش رەجەب تەیب ئەردۆگان، جیا لە حوكمڕانەكانی پێش خۆی توانی توركیا لە پەیوەندییە هەرێمیی و نێودەوڵەتییەكاندا بباتە قۆناخێكی ترەوە،ئەردۆگان بوو پێوەندی خۆی لەگەڵ ئێران و سوریاو وڵاتانی عەرەبی بەرەو باشتر برد، ئەوە نێچیرڤان بارزانییە پێوەندی خراپی (18) ساڵەی توركیا لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەباتە قۆناخێكی ترەوە، ئەردۆگان بوو هەستی بەوە كرد لە ئەنجامی هەر قەیرانێكی سیاسی ناوەخۆدا، سووپا هەمیشە لە ئامادەباشیدایەو سەدان ملیۆن دۆلار دەخاتە قوڕگی خۆیەوە، كە لە بنەڕەتدا قەیرانەكەش بە سووپا نەك هەر چارەسەرناكرێ، بەڵكو قووڵتری دەكاتەوە.ئەو جورئەتەی ئەردۆگان بۆ وڵاتێكی وەك توركیا كە سووپا خۆی بە پارێزەری عەلمانییەت دەزانێ، ئاسان نییە، لێرەش ئەوە نێچیرڤان بارزانی یە،نایەوێ لە بچووكترین قەیرانیشدا لەشكر جوولە بكات و، لە جیاتی لەشكر دیپلۆماسیەت كاری خۆی دەكات، نێچیرڤان بارزانی ئەزموونی تاڵی شەڕی چەشتووە، بۆیە نایەوێ جارێكی دیكە بەرەو ئاگر مل بنێین، بەڵكو لە جیاتی بەهێزكردنی لەشكرو سووپا، بنەماكانی بەهێزكردنی هزرو عەقڵ بە زەروورتر دەزانێ،ئەو خەرجییەی سووپاو لەشكر دەیبات ئەو لە ئاوەدانكردنەوەو بەهێزكردنی ژێرخانی ئابووری وڵات بەكاریدەهێنێت، لە پڕۆسەی پەروەردە خەرجیدەكات، ئەردۆگان یەكێكە لەو سەركردانەی توركیا كە عەدالەتی كۆمەلأیەتی تا رادەیەكی بەرچاو پاراستووەو كەمترین گەندەڵیش لە حكومەتەكەی ئەودا هەیە، نێچیرڤان بارزانیش هەوڵی داوە، خۆی ببێتە نوێنەری هەژارەكان و تا ئێستا باشترین حوكمڕانی لە سەردەمی ئەودابووە، رەنگە كەموكورتی لە حكومەتەكەیدا هەبێت، بەڵام كەموكورتی لە حوكمڕانێتییەكەیدا نابینرێ، ئا لێرەیە دەبێت جیاوازی لە نێوان حكومەتەكەی نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ حوكمڕانێتییەكەی بكەین، چونكە حوكمڕانێتییەكە پەیوەندی بە خودی نێچیرڤان بارزانییەوە هەیە، بەڵام حكومەتەكەی ئەوەیە كە هەر وەزیرەو لەسەر خواستی لایەنێكەوە هاتوون و مەرج نییە كابینەكە دەربڕی خواستی نێچیرڤان بن، بۆیە كاتێك رەخنە دەگرین، پێویستە ئەوە لێكجیا بكەینەوە كە رەخنە لە حكومەتەكەیە یاخود لە حوكمڕانێتییەكەیە.
نابێت ئەوەش بشارینەوە نێچیرڤان بارزانی لە ماوەیەكی زۆر كەمدا توانیویەتی ئابووری وڵات لە سفرەوە بۆ قۆناخێكی باش گەشە پێبدات، كە خۆی لە گرێبەستی نەوت وكرانەوەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا دەبینێتەوە، بە شێوەیەك تا ئێستاش بەغدا گرفتی گەورە دروستدەكات لەبەردەم ئەو گرێبەستانەدا،كە ئابووری وڵاتیش گەشەی كرد، چینی ناوەند دروست دەبێت و پەرەپێدانی مرۆیی كاری خۆی دەكات . كۆریای باشوورو سەنگافورەش سەرەتا بونیادنانەوەیان لە پەروەردەو گەشەپێدانی ئابوورییەوە دەستپێكرد ماوەیەكی زۆری ویست تا بووە ئەو وڵاتەی كە دەیبینین، بەڵام نێچیرڤان بارزانی دەیەوێ لە هەموو بوارەكانی ژیان، بە بووژانەوەی ژێرخانی ئابووری (بە مانا فراوانەكەی) تا دەگاتە هەموو كایەكانی دیكە، گرنگی پێبدات و بیباتە قۆناخێكی ترەوە، تا ژێرخانی ئابووریش بەهێزنەكرێ، بنەمای ئابووری كوردستان هەر بە لەرزۆكی دەمینێتەوە .بۆیە نێچیرڤان بارزانی دەیەوێ گرنگی بە كشتوكاڵ بدرێ تا بە زوویی ئەو قۆناخە بۆ گەیشتن بە قۆناخی پیشەسازی بگوازێتەوە، ئا لێرەدایە پەرەپێدانی مرۆیی كاری خۆی دەكات.سەرمایەداری كورد لە پەنای نێچیرڤانەوە جورئەت دەكەن سەرمایەكانیان بخەنە گەڕ، كە پێشتر نموونەی نەبووە.
نێچیرڤان بارزانی و ئەردۆگان دوو مۆدێلی حوكمڕانی زۆر زیندوو زۆر پێویستن لە ناوچەكە، بەردەوامبوونی هەردووكیان لە حوكمڕانی دەتوانن توندوتیژی لە هەموو بوارەكانی سەربازی و كۆمەڵایەتی(توندو تیژی كۆمەڵایەتی هەرلە كوردستاندا ئاوا زەقە لە توركیا تا رادەیەكی باش چارەسەریانكردووە) بەرەو پووكانەوە ببەن، پەیوەندییە هەرێمییەكان كە سەهۆڵبەند ئاسایە بیتوێننەوە، قەیرانی ئابووری بە كۆتا بێنن، دەتوانن زۆر شت بكەن كە پێشتر لە مێژووی ئەم دوو وڵاتە نەكراوە،هەردووكیان بەرامبەر هەندێ تەحەدی پێدادەگرن، كە لە بەرژەوەندی ستراتیژی نیشتمانییانە، بەڵام ئازارێكی شیرین بۆ خۆیان دروستدەكەن.ئەوەی نێچیرڤان لە ئەردۆگان جیا دەكاتەوە ، یەكەمیان بڕوای بە عەلمانییەت هەیە ، لێ دووەمیان ئیسلامییەكی میانڕەوە.
ئەوەی نێچیرڤان بارزانی كردوویەتی سەرەتایەكی زۆر ئومێد بەخشن، بەڵام لە هەموو بارێكدا ئەو سەرۆكە پێویستی بە كات هەیە تا پلان وهیواكانی خۆی تەواو جێبەجێدەكات.بەڵام ئاخۆ ململانێی حزبایەتی لە كوردستاندا گەیشتۆتە ئەو قۆناخەی وەك ئەوەی كە لە ناو حكومەتدا كاڵ بۆتەوە؟ رەنگە وەڵامی ئەم پرسیارە لەدوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەستمان بكەوێت.