ئیسلامی سیاسی؟

ئیسلامی سیاسی؟
دەكرێ لەو پرسیارەوە دەستپێبكەین، زەروورەتی بوونی ئیسلامی سیاسی لە كوردستاندا چییە ؟ ئایا هەموو ئەو بزووتنەوە بەناو ئیسلامی سیاسیانەی چ لە وڵاتانی عەرەبی یا وڵاتانی غەیرە عەرەبی وەكوو پاكستان و ئەفغانستان و هیندستان و ئێران و...هتد بوونەتە مایەی خۆشگوزەرانی و ئاسوودەیی بۆ دانیشتوانی ئەو وڵاتانە؟ ئایا لە خودی ئەو وڵاتانەی عەرەبی هەر لە میسرەوە كە بۆ یەكەمجار ئیخوانی موسلمین لێی هاتە سەرهەڵدان، تا دەگاتە سوریاو تەنانەت ئەو فەڵەستینەی كە ئێستا بەدەستی حەماس ەوە گیری خواردووە، جگە لە ماڵوێرانی و رشتنی ژەهری ناكۆكی نانەوە چیتریان كردووە؟.
باشە كە لە سەرانسەری ئەم دونیایە نموونەی تەنها یەك وڵاتمان پێ نیشان نەدەن كە بەهۆی دەسەڵاتی بزووتنەوە ئیسلامییە سیاسییەكانەوە، وڵات كەوتبێتە خێرو خۆشییەوە، چۆن دڵمان بەوە خۆشبكەین كە ئەو بزووتنەوە ئیسلامی سیاسییەی كە هەڵگری بیروباوەڕی ئیخوان موسلمین ی میسر و وەهابیزمن، مایەی رزگاری نیشتمانیمان و فەراهەمكردنی ئازادی و دیموكراسین؟، لە كاتێكدا رابەرانی ئەو ئیسلامی سیاسییەی كوردستان چ سەلاحەدین بەهائەدین و چ عەلی باپیر نەیانشاردۆتەوە، كە ئەوان بڕوایان بە دیموكراسی نەبووەو، ئەو قسانەشیان لە زۆر بڵاوكراوەدا هەیە، قسەكانیان لەوكاتەدابوو كە هێشتا ئەزموونی كوردستان وەكوو ئەمڕۆ جێگیر نەببوو.باشە بۆچی دەبێت لاوی كورد ئیستیغلال بكەن و تەنها رووی ناشیرینی حكومەتی پێنیشانبدەن وجۆشیدەن بۆ بەربەرەكانیكردنی ئەو حكومەتەی كە ئەوان(حزبە ئیسلامییەكان) لە سایەیدا دروستبوون و گەشەیان كرد.ئەندام و كادیرانی كۆمەڵ یا یەكگرتوو ئەوەندەی نووسینەكانی حەسەن بەننا و سەید قوتب و عەبدولسەلام فەرەج وماوەردی و ..هتد دەخوێننەوە، سەدا یەكی ئەوەندە روو لە خوێندنەوەی میانڕەوەكانی وەكوو جەمالەدینی ئەفغانی و كەواكبی و محەمەد عەبدە ناكەن. ئەمە لەكاتێكدا بوونی هەر بزووتنەوەیەكی ئیسلامی سیاسی لە كوردستان بە پێویست نازانرێ و بگرە لە مایەی ئاژاوە بەولاوە شتێكی دیكەیان بەرهەم نەهێناوە.
كاتێك ئەم گرووپە ئیسلامی سیاسییە دەیانەوێت ئایین بكەن بە سەرچاوەی یاساكان و بڕیارەكان، ئایا چ بەهایەك بۆ ئەوخەڵكە نیشتمانییە دەمینێتەوە كە لە كوردستان دەژین ولەسەر ئاینێكی ترن، وەك مەسیحی و ئێزدی و..هتد باشە ئەوكاتە ئینتیمای هاووڵاتی بۆكوێ بارگەی دەپێچرێتەوە؟یان بە هەڵە زاراوەی عەلمانییەت بە خەڵك ئاشنا دەكەن و دەڵێن عەلمانیەت كوفرە،یان بڕوایان بە موقەدەساتی نەتەوەیەك نییە و بۆ سروودی نیشتمانی و ئاڵای كوردستان و خوێنی شەهیدان هەڵناسنە سەر پێ، دەبوو هەر ئەو كاتە بە جیدی لێپێچانەوەیان لەگەڵدا بكرێ و نەگەیشتایەتە ئەمڕۆ تا ئەوان خۆیانمان لێ بكەن بە مەدەنی و حكومەتی كوردستانیش نامەدەنی.سەیری ئەم دەستەواژەیە سەرسوڕهێنەرە، كورد راستی گوتووە تا خاوەن ماڵ دزی گرت، دز خاوەن ماڵی گرت.
دیارە تاڵو سوێری ئەو حزب و گرووپە ئیسلامی سیاسییانەی كوردستانمان بینیوە، كە هەر كاتێك شنە بایەكیان بۆ هاتبێت هەوڵیانداوە گرفتێك بنێنەوە، لەكاتێكدا ئیخوان لەسەردەمی بەعسیشدا هەبوو، بەڵام هەر خەریكی خۆ سڕ(تجمید)كردن بوو، لەودیویش ( ئێران) یان خۆیان سڕ دەكرد یان نەیاندەهێشت لاوی كورد چەك هەڵگرێ لە بەرامبەر بەعس و پڕوپاگەندەی ژەهراوییان بڵاودەكردەوە، ئەگەر نا دەبا بفەرموون ئەو گوتارو بڵاوكراوەی خۆیانمان بۆ بڵاوبكەنەوە كە پێش راپەڕینی 1991 خەباتیان لە دژی بەعس كردبێت!.
بەداخەوە ئەو حزبە ئیسلامییانە ئیستغلالی ئەوەشیان كردووە كە هێشتا یاسای حزبەكان لە پەرلەمان دەرنەچووەو تەواو نەبووە، ئەگینا دەبوو بەتوندی ئیجرائاتیان لەگەڵ بكرایە، چۆن رێگە بە حزبێك دەدرێ دژ بە دەستكەوتەكانی نیشتمانیمان یاری بكات، لە هەموو دونیادا وڵاتێك نادۆزیتەوە رێگە بدات دژی موقەدەساتی نیشتمانی كار بكەیت، كەچی هێشتا ئەوان لەم دیموكراتییەتەی كوردستان رازی نین.
Top