گەندەڵی......!!

گەندەڵی......!!
لەوەتەی لە نێو حزب و میدیای كوردیدا بە گەرمی باس لە جیاكردنەوەی حزب لە حكومەت دەكرێ، ئەزموونێكی سەركەوتووی چەند وڵاتێكی جۆراوجۆرمان نیشان نادەن كە بە كام رێگا حزبیان لە حكومەت جیاكردۆتەوە، بۆیە كاتێ پرسیاری ئەوە دێتە ئاراوە ئەرێ حزب لە حكومەت جیادەكرێتەوە؟ وەلامەكەی تەنها بە بەڵێ یان بە نەخێر نابێت، بەڵكو بەر لە هەموو شتێك هەڵوەستەیەكی زۆر جیدی دەوێ. لێرە باس لە جیاكردنەوەی حزب لە حكومەت ناكەین، چونكە پێویست بە باسی دیكە دەكات، بۆیە باشتر وایە بەر لە هەموو شتێك باس لە رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی بكرێت، چونكە گەندەڵی بكوژی راستەوخۆی گەشەی ئابووری و پەرەپێدانە،ناكرێ گەندەڵی هەبێت و چاوەڕوانی گەشەپێدان و پەرەپێدان بكەین،ئەگەر رووبەڕووی گەندەڵی نەبینەوە.ئەم رووبەرووبوونەوەیەش وەك (كوباس دی سوارت) سەرۆكی پێشووی رێكخراوی شەفافییەتی نێودەوڵەتی دەڵێت پێویست بە بوونی ئیرادەیەكی سیاسی و وەرگرتنی بڕیاری سەخت دەكات، تا بتوانرێ پلانێكی كارای روون پیادە بكرێت، بەڵام ئەم ئیرادە سیاسییە نەبێت بە پێچەوانەوە گەندەڵی دەگەشێتەوە، كە ئەنجام وڵات تووشی كارەسات دەبێت. وەك چۆن ئێستا عێراق و سۆمال و میانمار لە ساڵی رابردوودا (2008) لە ریزبەندی 180 وڵاتدا لە ریزی هەرە پێشەوەی گەندەڵین، بە شێوەیەك سۆماڵ و میانمارو عێراق پلەی یەكەم و دووەم و سێیەمیان هێناوە، نابێت ئەوە لەبیركەین ئەوە زۆر زەحمەتترە واتا كەمكردنەوەی كاریگەری پەتای گەندەڵی عێراق لەسەر كوردستان. بۆیە پێش ئەوەی بزانین عێراق لە گەندەڵی ژمارە چەندەمە، پێویستە بپرسین ئەم وڵاتانە كامانەن كە پەرێزیان زۆر پاكژەو لە ریزبەندی یەكەمی ئەو وڵاتانەن كە گەندەڵی تێدانییە، بێگومان لە نێو ئەو 180 وڵاتە دانیمارك و سویدو نیوزلەندا بە پلەی یەكەم و دووەم و سێیەم دێن، ئینجا سەنگافوورەو فنلەنداو سویسراو هۆڵەنداو ئوسترالیاو كەنەدا لە نێو ئەو 10 وڵاتەی پێشەوە دێن. بەم شێوەیە وڵاتانی ئەسكەندەنافی باشترین تۆماریان لە رووبەڕووبوونەوەی هەموو جۆرەكانی گەندەڵی هەیەو، وڵاتانی ئەفریقی و عەرەبی و ئاسیای ناوەڕاستیش خراپترینیانن.
مەبەستم لەم نموونە هێنانەوانە تەنها دوو شتە، یەكەمیان ئایا هەندێك لەو وڵاتە عەرەبی و جیهانیانەی كە زۆر گەندەڵ بوونە، لەبەرئەوەیە حیزب تێكەڵی حكومەتەكەیان بووە؟ ئەی ئەو وڵاتانەی حیزب ئەوەندە تێكەڵ بە حكومەتیش نەبووەو كەچی زۆر گەندەڵن؟ كەواتە گرفتی ئێمە پێش هەموو شتێك چییە؟ كار بۆ جیاكردنەوەی حیزب لە حكومەت بكەین، یان كار بۆ ریشەكێشكردنی گەندەڵی بكەین؟ خەڵكی كوردستان بە گشتی كامیان دەخاتە پێش كامیان؟.
هەندێك لە وڵاتانی عەرەبی وەك سوریا 147 ەمین و میسر 115 مین وڵات دێن لەریزبەندییەكە، بەڵام عومان لە ماوەی (1) یەك ساڵی رابردوویدا پێش (12) وڵات كەوتۆتەوەو قەتەریش ئەمساڵ پێش (4) وڵات كەوتۆتەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، لە كاتێكدا ئیمارات لەساڵی (2006) ەوە ساڵ بە ساڵ بەرەو دواوە دەچێت .
مەبەست لەم نموونانە ئەوەیە، ئێمە دەوروبەرمان ئەوەندە پاكژ نین، ئەوەتا ئێران تەنها (6) خاڵ لە پێش سوریایە،واتە (141) ە، بۆیە پێش ئەوەی بۆچوون ولێكدانەوەكانمان سیاسیانە بن، با میللی بن، با بزانین گرفتی شەقامی كوردی لە كوێدایە، كامیان مومكینە بكرێ و كامیان پێویستی زیاتریان بە كاتە، ناڵێین جیاكردنەوەی حیزب لە حكومەت خراپە، بەڵام دەردی كوشندەی ئێمە ئەوە نییە، ناكرێ نەخۆشییەكەت تەواو تەشخیس نەكرابێت و نەزانرابێت، كەچی كۆمەڵێك داودەرمانت بۆ بنووسرێت گوایا پێی چاكدەبیتەوە. ئەوانەی كاری گەندەڵی دەكەن خۆ هەرهەموویان كادیری حزبی نین، ئەی ئەوانەی حزبی نین و لە گەندەڵیش تێوە گلاون؟ خراپیش تێوە گلاون؟
ئەی ئەو كادیرانەی زۆر حیزبین و نووكە لەناو حكومەتیشن و باشترین رۆڵیشیان لە خزمەتكردنی خەڵكیدا هەیە؟ چونكە پێموانییە ئەوەی كادیری حزب بێت ئیتر دەبێت گەندەڵ بێت، خۆ ئەگەر وا بێت دەبێت فاتیحا بخوێنین. راستە پێویستە لەناو حزبەكانی كوردستان، لە پێشەوەیان پارتی و یەكێتی زۆرترین گرنگی بە مەعریفە بدەن، لە پێناوی دەنگی ناشیریندا، دەنگی جوان نەكرێ بە قوربانی، واتە حزبەكانیش پێویستیان بەخۆنوێكردنەوە هەیە، كە تا ئێستا پرۆسەی خوێ نوێكردنەوە لەناو هەموو حزبەكاندا زۆر زۆر سستە و خەڵك چاوەڕوانی هەنگاوی زیاتر و خێراترن. پێموانیە كەس لاری لەم بۆچوونە هەبێت. ئەمە جیایە، بەڵام نابێ لەبیرمان بچێ هەندێك لەو وڵاتانەی لە ریزی پێشەوەی گەندەڵین، خودان حزبێكی رەها نین،تەنانەت هەر خودان حیزبیش نین، تا خەتای ئەو حزب و ئایدۆلۆژیایە بگرین، نموونەش سعودیە و ئێران زۆر لێشمان نزیكن بۆیە ناوی ئەو دوو وڵاتەم هێنا.
پێویستە بەدوای ئەومیكانیزمانەدا بگەڕێین كە چارەسەری باشن بۆ گەندەڵی، كە توانرا سنوورێك بۆ گەندەڵی دابنرێ، ئەوكات ئاسانتر دەتوانرێ، بەسەر هەموو ئەو گرفتانەدا زاڵ بین كە كۆسپن بۆ پێشكەوتنی نیشتمان وكۆمەڵگامان.
Top