رێككەوتنی ستراتیژی(پارتی و یەك®

رێككەوتنی ستراتیژی(پارتی و یەك®
بەرلەوەی باس لە جیاكردنەوەی حزب لە حكومەت بكەین، پێویستە كۆمەڵێك پرسیار لە خۆمان بكەین،ئایا ئەو حزبانەی كە دەسەڵاتیان وەرگرتووە، سەركردەكانیان لەنێو حكومەتدا چۆن مامەڵەیان لەگەڵ حزبەكەی خۆیان كردووە؟،ئەی ئەوانەی لە پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن هاتنە ناو ململانێكەو دواتر نەگەیشتن بە كورسی دەسەڵات،چۆن رەفتاریان كردووە لەگەڵ ئەو حزبە شكستخواردووەدا. پێم وابێ نموونەی زۆر لەبەردەستمان هەن، هەر لە ئەوروپا(تایبەت ئەڵمانیاو فەرەنساو ئیسپانیاو ئیتالیا)و ئەمریكاو ئیسرائیل و ئەمریكای لاتینی(بەرازیل بە نموونە دوای رووخانی حوكمی دیكتاتۆری لە 1983 ودەستپێكی بڕیاری یاسای حزبەكان لە 1985) و تایوانی دوای حوكمی كۆمینتاغ كە لە 1987 كۆتایی پێهێنراو..تادەگاتە ئەو توركیایەی كە زۆر لێمان نزیكەو بەردەوام نوێنەری حزبەكانیش لەوێ هەن و..هتد.لەم سەروتارەدا ناكرێ بە درێژی باسی هەموو ئەو حزبانە بكەین كە بۆ وەرگرتنی دەسەڵات چ میكانیزمێكیان گرتۆتەبەر،بەڵام ئەزموونی ئەو وڵاتانە ئەوەمان پێدەڵێن گرفت ئەوەنییە حزب و حكومەت تێكەڵ كراون، بەڵكو گرفت ئەوەیە حزب نوێنەرەكانی ناتوانن خواستەكانی خەڵك وەدیبهێنن، بەڵكو گرفت ئەوەیە پڕۆسەی دیموكراتی لەنێو حزبەكاندا لە هەنگاوی بەراییدایە، بەڵكو گرفت ئەوەیە كە حزب ئەو هەموو خەڵكە بۆناو ئۆرگانەكانی حكومەت رەوانە دەكات، لەلایەن تێكڕای ئەو حزبەوە هەڵنەبژێردراون، بەڵكو زۆرجاری وا هەیە لە لایەن تەنها كەسێكەوە دەستنیشانكراوە و دەرئەنجام مایەی گلەیی و گازەندەی خودی كادیرانی حزبیشی لێ كەوتۆتەوە بەر لەوەی گلەیی خەڵكی لێ بكەوێتەوە، بەڵكو گرفت ئەوەیە پڕۆسەی دیموكراسی لەناو حزبدا نەیتوانیوە لەسەر دوو قاچی ساغ بوەستێ و هەمیشە پێویستی بە گۆچانێك هەبووە تا هاوسەنگییەكە لەیەكتر نزیك بكاتەوە.لێرەوە ئەو پرسیارەش دەكەین، بۆچی وا بكەین چی مەینەتی هەیە بیكەین بەسەرسەری حیزبەوە، كە وا نییە، چونكە ئەگەر وابوو خۆ بەرلەهەموو كەسێك دەبێت بەرپرسی یەكەمی هەموو حیزبەكان بانگەشەی پێداچوونەوەیەكی جیدی و بنەڕەتی لە حیزبدا بكەن، لە كاتی ئەو ناپووتبوونەی حیزبیشدا، ئەوحیزبە بێ جەماوەر بێ دەسەڵات .....هتد دەبێت.ئەمە لە كاتێكدا تا ئێستاش پارتی و یەكێتی هەریەكەو خاوەنی سەدان هەزار ئەندامن، بێجگە لەم هەموو دۆست و لایەنگرە.ئەی قەیرانەكە لەكوێدایە؟
با بپرسین ئایا قەیران لە حوكمڕانیدا هەیە؟ئایا حزبە كوردستانییەكان هۆكاری تا سەر ئێسقانن لە دروستبوونی ئەو قەیرانی حوكمڕانییە ئەگەر قەیران هەبێت؟باشە بۆچی حیزبەكان كە خۆیان خاوەن بەرهەمی دامەزراندنی پەرلەمان و پێكهێنانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بوون و یاسای حوكمیان داڕشت و ویستیان مۆدێلێك بۆ دەستاودەستكردنی دەسەڵات لە كوردستانا بهێننە ئاراوە، بەڵام بوخچەی ئەو دیموكراسییەتە پێچرایەوەو قەیرانی گەورەی كردە بەدیل؟
لە راستیدا وەك دەڵێن دیموكراسی چارەسەری هەموو گرفتەكان ناكات بەڵام باشترین شێوازی حوكمڕانییە، دەبێت حیزبەكانیش بەرلەوەی باس لە جیاكردنەوەی حزب لە حكومەت بكەن، دەبێت دیموكراتی لەنێو ئەنداماندا قووڵ بكەنەوە، دەبێت بڕوامان بە دەستاودەستكردنی دەسەڵات هەبێت، دەبێت ئەو حزبەی سەركەوتنی وەدەست هێنا باشتر لە جاران داخوازی خەڵك بهێنێتەدی و باشترین شێوەی حوكم بگرێتە بەر، ئەو حزبەی دەریش نەچوو، كۆتایی مێژوو نییە، هەوڵبدات هەموو ئەو كەلێنانەی لە بەڕێوەبردنی حكومەتدا هەیە، زەقی بكاتەوەو رێگاچارەی گونجاو بخاتە بەردەست، تا زۆرترین متمانە بهێنێتەوە، پاڵێوراوەكانیشی بۆ ناو حكومەت تەنها لەناو چواردیواری تەسكدا ئەنجام نەدرێت،لانی كەم پرس و ڕا لەگەڵ كادیرانی پێشكەوتووی حزبەكەی بگۆڕێتەوە، ئاخر كادیرانی پێشكەوتووی هەر حزبێك مەرجن بۆ ئایندەی حزبەكە، چۆن دەكرێ نوێنەری میللەتێك رای حزبەكەی خۆی لێ وەرنەگیرێ!
رێككەوتنی ستراتیژی هەموو بەهاكانی دیموكراسی و دەستاودەستكردنی دەسەڵات و هەمووئەو نزیكبوونەوەی حزب لە خەڵكی كوشتووە، با هەوڵی ئەوە بدەین ئەو بۆشاییانە بچووك بكەینەوە، با هەوڵبدەین ململانێكانمان لەسەر زیاتر خزمەت گەیاندن بە خەڵك بێت، نەك ئەوەندەی تر رووی حزب ناشیرین بكەین لەبەردەم جەماوەردا،لە كاتێكدا هەمیشە حزب پشت و پەناگەی خەڵكی كوردستان بووە، با ئەو پشت و پەناگەیە بە مۆدیلی ئەمڕۆ هەر بۆ خەڵك بێت، چونكە ئەو حزبەی خەڵكی نەبێت، دیارە هیچ سەنگێكیشی نییە.
Top