كاتێك قسە لەسەر جیاكردنەوەی حیزب لە حكومەت دەكرێت، قسە لەسەر وردو درشتی هەموو ئەو جومگانەی حكومەت دەكرێت كە بە حیزب هەڵدەسووڕێنرێن، ناكرێ و ناشبێت، تەنها لە هەندێ بواری بچووك بڵێین با لەمەیان و لەوەیان حیزب دەستتێوەردانی تێدا نەكات، لە كاتێكدا كوردستان لە قۆناخێكی ئینتیقالیدایە، ماوەی تەواوبوونی ئەو قۆناخە ئینتیقالییەش دیارنییە،چونكە حیزب تا بتوانێت بۆ نفوزو لەدەست نەدانی دەسەڵاتی خۆی تەنانەت بۆ ئایندەیەكی دووریش، هەوڵیداوەو دەیدات زۆرترین دەستكەوتی مادی و مەعنەوی بۆخۆی مسۆگەربكات، بۆ ئەوەی بەردەوام هەر خۆی دەسەڵاتدار بێت . بەتایبەتی كە پێشتر كوردستان حوكمڕانێتییەكی وای تێدا پیادەنەكراوە، تا بچووكترین بەرپرسیارێتی مەدەنی-دیموكراسی-دەستاودەستكردنی دەسەڵات بە رێگای هەڵبژاردن وەئەستۆگیرابێ،بەهۆی بوونی ئەو حكومەتە دەسەڵاتدارە تۆتالیتارە دیكتاتۆرەی لە عێراقدا رەگی داكوتابوو، ئەوحیزبە كوردستانیانەی كە ئێستاش خۆیان بە شەریكی حوكم نازانن لە كوردستاندا، لەناو خودی حیزبەكەی خۆیاندا نەیانتوانیوە دەستاودەستكردنی دەسەڵات پەیڕەو بكەن،نەیانتوانیوە لەنێو رێكخراوە بەناو مەدەنییەكانی خۆیاندا ئاراستەیەكی دیموكراسیانەو مەدەنیانە پەیڕەوبكەن، دەستتێوەردانی حیزبەكەیان هەمیشە ئامادەگی هەبووە لە چارەسەرو لە گرفت نانەوەی ئەو رێكخراوەدا، جا هی قوتابیان بووبێت یا هی ئافرەتان یا هەر رێكخراوێكی دیكەی لەم چەشنە،ئەمەش لەوەوە سەرچاوەی گرتووە چونكە كولتوورێكی دیموكراسی- مەدەنیان بەرهەمنەهێناوە، گرفتەكە لێرەوە دەستپێدەكات، پێویستە بەرلە هەموو شتێك دیموكراسی بونیاد بنێین، راستە دیموكراسیش كەموكورتی تێدایە، بەڵام باشترین چارەسەریشە،ئەمەش بە قسەو نووسین نایێتەدی، بەڵكو هەنگاوی عەمەلی دەوێ، بەرلەوەی حكومەت هەنگاوی بۆ بنێ، پێویستە حیزبە كوردستانییەكان هەنگاوی عەمەلی بۆ بنێن، بۆئەوەی خەڵكیش دڵی بەوەخۆشبێت كە ئۆپۆزیسیۆنێك لە كوردستاندا بەڕێوەیە ئومێدی زۆری خەڵكەو، ئەوكاتە دەبنە كارتی گوشاریش بۆسەر حكومەت كە زیاتر لە ئێستای شەفاف بێت، كەرتی گشتی بۆ بەرژەوەندی گشتی خەڵك بێت، پەرلەمان ئەكتیڤ تربێت لە ئێستای و بتوانێ لێپێچینەوە لەگەڵ هەموو بەرپرسانی حیزبی بكات بێ لەبەرچاوگرتنی مەیلی حیزبایەتی و....هتد. بەڵام تەرجەمەكردنی بەدیموكراسیبوون و بە مەدەنیبوونی حیزبە كوردستانییەكان و ئینجا حكومەتی هەرێمی كوردستان، زۆر جاران شتێكی تری لێدەكەوێتەوە.چونكە ئەمە پڕۆسەیەكی لەسەرەخۆیەو تەنها بە نووسین و قسەی رووت نایێتە دی، بەڵكو ئەم پڕۆسەیە یاساو رێسای خۆی هەیە، كە تیایدا ركابەرێكت بۆ دروستدەكات، نەك پەنا ناباتە بەر توندوتیژی، بەڵكو خەڵك متمانەی پێدەدات بیهێنێتە سەر دەسەڵات، بەڵام دەپرسین لەكوردستاندا جگە لە پارتی و یەكێتی هیچ پارتێكی دیكەی سیاسی شك دەبردرێ، خەڵك ئەو متمانەیەی پێبدات؟؟بێگومان وەڵامەكەی هەر نەخێرە.چونكە ئەوەی نەتوانێ ژیانێكی مەدەنی و دیموكراسی لەناو حیزبەكەی خۆی دروست بكات،بێگومان ناشتوانێ حكومەتێكی دیموكراسی مەدەنی بێنێتە ئاراوە .ئاخر ئەو حیزبانە كامانەن ئامادەن دەست لەو ئیمتیازاتانە هەڵگرن و دەسەڵات بۆ كەسێكی تری هاوخەبات و هاوبیری خۆیان چۆلبكەن؟.
ئەو قۆناخە ئینتیقالییەی لە كوردستاندا بەڕێوەیە، نازانرێ كەی تەواودەبێت، چونكە بۆ هەڵبژاردنی داهاتووش كە رێككەوتنێكی ستراتیژی هەیە لە نێوان هەردوو حیزبی حوكمڕان، بواری بۆ حیزبەكانی دیكە كەمكردۆتەوە تا بتوانن ببنە ركابەرێكی جیددی، جیاكردنەوەی حیزبیش لە حكومەت كارێكی زەحمەتدەبێت، چونكە پێشوەختە هەندێك ئەنجام دیاردەبن بۆ حكومەت بەڕێوەبردن. ئەم رێككەوتنە ستراتیژییە گرفت بۆ پێشوەچوونی یاخود تەواوكردنی قۆناخی ئینتیقالی دروستدەكات. بەمە دەستاودەستكردنی دەسەڵات لەكوردستاندا نابێتە مۆدیلێك وەك هەندێك كەس چاوەڕوانی لێدەكەن، بەڵام ئەم حكومەتەش رەنگدانەوەی واقیعی سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئابووری ئەو كۆمەڵگەیە دەبێت، ئەمە نەك هەر تەنها لە كوردستان بەڵكو لە تەواوی ئەو وڵاتانەی لەژێر چەپۆكی دیكتاتۆرییەتدا خەباتی زۆریان داوەو قوربانی بێ سنووریان داوە، حكومەت لەلایەن حیزبەوە بەڕێوەچووە. بەڵام دەكرێ حكومەت زیاتر بەتەنگ هاوڵاتیانەوە بێت و خۆشگوزەرانی زیاتر لە ئێستایان بۆ دابین بكات، رێوشوێنی گونجاو بۆ كەمكردنەوەی گەندەڵی بگیرێتە بەر، كە داخوازی هەموو خەڵكە، دەستێوەردانی حیزبی لە رێكخراوو كۆمەڵە پیشەییەكان كەمبكرێتەوە و لەمەودوا كەسانی تەمبەڵ و بێ توانا نەكرێنە بەرپرس هەر لەبەرئەوەی لە حیزبی دەسەڵاتدارە، دەكرێ كەسێكی با حیزبیش بێت بەڵام چالاك و بە تواناو خزمەتگوزار دابنرێت، بۆ ئەوەی وردە وردە كەسی شیاو بۆ جێگەی شیاو ببێتە مۆدیل، با پەرلەمان لە خولی داهاتوو ئەكتیڤتر بكرێ، ئەم دوو حیزبە كادیری سەركەوتوویان زۆرە دەكرێ ئەوان جێگەی كەسانی سەرنەكەوتوو بگرنەوە. وەزیرەكان بە هەمان شێوە، ئەمە بۆ ئەمڕۆ باشترین سوود بە حیزب دەگەیەنێ، باشترین رێگاشە بۆ مانەوەو بەردەوامبوونی لە دەسەڵاتدا. باشترین خزمەتیشە بۆ خەڵك.