لە نێوان هەرێمی كوردستان و بەغد

لە نێوان هەرێمی كوردستان و بەغد
تا دێ گرفتی پەیوەندی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا ئاڵۆزتر دەبێت ، بە شێوەیەك ئەوەی توانیمان لە دوای رووخانی بەعس وەدەستیبهێنین، نووكە تەنها سەرقاڵی ئەوەین داكۆكی لەو كەمە دەستكەوتانە بكەین، نەبادا ئەوەی وەدەستیشمانهێناوە، بە تەواوی لەدەستیانبدەین.
پێم وایە سەركردایەتی كوردستان بە قۆناخێكی زۆر سەختدا تێپەڕدەبێت، چونكە لە لایەك مالیكی رۆژ لە دوای رۆژ هەڵوێستە دژەكانی بەرامبەر بە كورد زەقترو راشكاوانەتر دەكات، لە لایەكی تریشەوە، كورد نەیتوانیوە لە بەغدا ئەو دەسەڵاتەی خۆی بپارێزێ وەك لە كاتی رووخانی بەعس یا دوای رووخانی بەعس مەبەست كاتی ئەنجوومەنی حوكم ە لە عێراق هەیبوو، راستە قۆناخی ئێستا قۆناخی دوای بەعس نییە كە عەرەبی عێراق لەوپەڕی پەرتەوازەییدا بوو، بەڵام رەنگبێ ئەگەر كوردیش بە بەرنامەیەكی پتەوەوە لەم چەند ساڵەی رابردوودا هەوڵەكانی خۆی چڕ كردبایەوە، ئێستا جۆرێك لە هاودەنگییەك كە باشتر بێت لە ئێستا دروست بووبایە لەسەر بە فیدڕاڵیكردنی عێراق، بەتایبەت گەورەترین باڵی سیاسی عەرەبی لە پەرلەمان كە ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامییە تا رادەیەكی باش هاودەنگمان بوون و وەك ئێستا ئەوانیش لە نێوخۆیاندا درزیان تێنەكەوتبوو.
ئەوەی ئێستا مالیكی دەیەوێ بیانهێنێتەدی، جگە لە گەڕانەوەی دیكتاتۆرییەت و سەركوتكردنی گەلی كورد و راكێشانە ژێر باڵی ناوەند شتێكی دیكە نییە، بۆیە هەموو هەوڵەكانی سەركردایەتی كورد لە بەرامبەر مەیلی تاكڕەوی و دیكتاتۆرییەتی مالیكی شتێكی ئەوتۆی لێ شین نابێت لەكاتێكدا مالیكی خەریكە هاوسۆزییەكیش بۆ خۆی دروستدەكات، چ لەنێو شیعەكاندا، چ لەنێو عەرەبی سونیدا، چونكە تا ئێستا سایكۆلۆژییەتی خەڵكی عێراق سایكۆلۆژییەتێكی توندوتیژییە، خەون بە عێراقی مەزن (عێراقی مەزن بە عەقڵییەتێكی رۆژهەڵاتی كە نیشاندانی هێزو دەستبەسەرداگرتنە) دەبینن، بەمە مالیكی لە هەوڵی ئەوەدایە هاوسۆزییەكی وڵاتانی هەرێمیش بەتەواوی مسۆگەر بكات.
بەڵام ئەو قۆناخەی ئێستا كە عێراقی پێدا تێپەڕدەبێت، هەر وا سانا نییە تا مالیكی بتوانێ لەسەر ئەم یاریكردنەی بەردەوام بێت، بەتایبەت كە بەرژەوەندییەكان پێكناكۆكدەبن، وەك دیارە هەر لە ئێستاوە لیستی هەڵبژاردنی پارێزگاكان كەوتوونەتە پێشبڕكێ و هەر یەكەو دەیەوێ زۆرترین دەنگ بهێنێت، كارێكی باشیش بوو ئەنجوومەنی باڵا بەتەنیا كەوتە ململانێی هەڵبژاردنەوەو بە ناوی لیستی شەهیدولمیحراب بەشداری دەكات، رەوتی سەدرو ئەوانی دیكەیش بە لیستی جیاواز دەچنە هەڵبژاردنەوە، لێرە ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەوەیە، تا كاتی هەڵبژاردنەكان كە هێشتا نزیكەی دوومانگ و نیوی ماوە ئەنجام بدرێ،رۆژ لە دوای رۆژ هەڵمەتی راگەیاندن گەرمتر دەبێت، كە تا ئێرە ئاساییە، بەڵام ئەوەی نا ئاساییە ئەوەیە مالیكی سەروەت و سامانی عێراق كە لە بنەڕەتدا هی گەلانی عێراقە بە كاری بهێنێ بۆ ئەوەی لە هەڵبژاردن دەنگی زۆر بهێنێ، وەك دەبینین پارەو پوولێكی زۆر لە دروستكردنی ئەنجوومەنەكانی ئیسناد بە هەدەر دەدات لە كاتێكدا دروستكردنی ئەم ئەنجوومەنانە نەك هەر پێویست نییە بەڵكو ئایندەیەكی زۆر خراپیش بۆ عێراق دروستدەكەن.لێرەوە سەركەوتنی مالیكی لە هەڵبژاردنەكان واتا دۆڕانی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی كە هەر لە ئێستاوە ئەنجوومەنی باڵا ئەو ترسەی لێ نیشتووە، ئەو تەنگەتاوكردنەی كوردیش لە ناوچەكانی دەرەوەی هەرێم وەك موسڵ و كەركووك و دیالە، هەر بۆ ئەوەیە كورد ئەو قەبارەیەی نەبێت لە عێراقدا كە كاریگەری بەسەر بڕیارەكاندا هەبێت، بەڵام پێموانییە لەم دوو مانگەدا مالیكی بتوانێ لە ناوچە كوردییەكانی دەرەوەی هەرێم گرفتی زۆر گەورە دروست بكات بە شێوەیەك رەوتی رووداوەكان بگۆڕێت،بەڵام لە هەموو حاڵەتێكدا پێویستە سەركردایەتی كوردستان لە دوو لاوە كار بكات، یەكەمیان هەموو هەوڵی ناوەخۆ لەوەدا چڕ بكەینەوە كە رێگە لە گەشەكردنی ئیسناد بگیرێ، چونكە چەند مەترسی بۆسەر كورد هەیە ئەوەندەش مەترسی بۆسەر هێزو لایەنەكان تری عێراقی هەیە، بەتایبەت شیعەكان. دووەمیشیان چار نییە دەبێت لەگەڵ حكومەتی بەغدا وردە وردە بڕۆین، بەڵام هەموو هەوڵیشمان نزیكبوونەوە بێت لە توركیا، بۆچی بتوانین رۆژانە تەنازول بۆ بەغدا بكەین كە یەك سەدەیە دەمانچەوسێننەوەو هەمیشە هەوڵیانداوە لە جیهانی نەك تەنها دەرەوە بەڵكو لە جیهانی ناوەوەشیان دابڕاندووین، لە كاتێكدا بەهۆی توركیاوە دەتوانین پێوەندییەكانمان لەگەڵ دەرەوە بە ئاقارگەلێكی زۆر پۆزەتیڤانەتردا ببەین و لە كاتێكی وەكو ئەمڕۆدا توركیا لە ئەمریكاش گرنگترە بۆ ئێمە.
Top