رێگای ئەنكارا لە رێگای بەغدا بە &#

رێگای  ئەنكارا لە رێگای بەغدا بە &#
وا ديارە كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا، وا بە سانایی یەكلا ناكرێنەوە، نەك هەر ئەوەندە بەڵكو ئێستا سەركردایەتی كورد دەبێت هەر خەریكی ئەوە بێت كە ئەو گرفتانەی رۆژانە حكومەتی مالیكی بۆی دەنێنەوە لە هەوڵی چارەسەركردنیاندابێت، گرنگترینیان ئەوەیە مالیكی لە هەوڵی ئەوەدایە سنووری جوگرافی هەرێمی كوردستان بەر تەسك بكاتەوەو هەروەها دانیشتوانی كوردیش بخاتەوە ناو یەك رووپێوی بچووك، ئەم هەوڵەی لە قەرەتەپەو خانەقین تاقیكردەوە و كورد قەرەتەپەی لەدەست دا، ئێستا بایداوەتەوە سەر موسڵ و دەیەوێ لەوێش پێگەی كورد لاواز بكات، ئەمە لە كاتێكدایە كە سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە بەغدایەو لە گفتوگۆی چڕدایە بۆ ئەوەی گرفتەكان چیدی ئاڵۆز نەبن، بەڵام مالیكی تەنها لەسەر یەك لا كار ناكات بەڵكو لە پاڵ ئەم كارە ناحەزانەی لە هەوڵی سەندنەوەی هەندێ پۆستیشە بەرامبەر بەو كوردانەی كە لە حكومەتەكەیدا بەشدارن، یان هەر هیچ نەبێت لە پۆستەكانیان كاراو ئەكتیڤ نەبن و دەسەڵاتیان نەبێت. سەرباری دابڕینی شەبەك و ئێزدییەكان لە كورد، ئێستا خەریكە ئەم بۆچوونە قایمتر دەبێت كە دەوترێ مالیكی هیچی بۆ كورد پێ نییە، كەوابێ هەقیش نییە هەموو هەوڵەكانی خۆمان لە بەغدا چڕ بكەینەوە، چونكە بەغدا هێشتا هەر بەو عەقڵییەتە دەژی كە سەدام تێیدا حوكمی دەكرد. گەر وا نەبێ چۆن كەسێكی وەك ساڵح مەتڵەگ لە نێو هۆڵی پەرلەمان دەڵی مایەی شانازییە بۆ من كە بەعسی بوویمە.
پێم وایە ئیدی كاتی شەرمكردن بەسەرچوو، پێویستە زۆر بە راشكاوی گرفتەكانمان لەگەڵ بەغدا بۆ گەلی خۆمان و هەروەها بۆ هەموو جیهان باسبكەین، ناكرێ لەگەڵ حزب و گرووپە سیاسییەكانی عێراقیش ئیتر بە نهێنی باس لە تاكڕەوی مالیكی بكرێت، چونكە پەیڕەوكردنی ئەم هەموو نەرمییە مالیكی دەگەیەنێتە ئاستێكی بەرزی دیكتاتۆری، ئەوكات هەموو حزبەكانیش ناتوانن لە حوكم لایبدەن یا باس لە گۆڕینی بكەن، وا ئێستا مالیكی دەیەوێ لە لایەك خەڵكی عەشایەری ناوەڕاست و باشووری عێراق بكاتە لایەنگیری خۆی، لە لایەكی تریش دەیەوێ ئەفسەرو پلەدارانی سووپای عێراق بەتەواوی بۆ خۆی رابكێشێ، بەمەش رەگی فەرمانڕەواییكردنی بەتەواوی دادەكوتێ، كە ئەوكات ئەوەی لە رووخانی سەدام وەدەستمان هێنا بە تەواوی لێمان دەسەنرێتەوە، وەك دەبینین هەر لە ئێستاوە بەرنامەی حكومەتی مالیكی هەر بۆ ئەوەیە بمانگەڕێنێتەوە بۆ پێش 9 ی نیسانی 2003 ، یا روونتر بڵێین بۆ رۆژی 20 ی نەورۆزی 2003،كەواتە پێویستە كورد بەر لە حزب و گرووپەكانی تری ناو حوكم، قسە بكات بۆ گۆڕینی مالیكی و جۆرە هاوپەیمانییەك دروست بكرێ، چونكە ئەو مەترسیانەی بۆسەر كورد هەیە لە حكومەتی مالیكی زۆر ترسناكن و هیچ ئومێدێكی گەشی پێوە نییە، راستە حزبی ئیسلامی عێراق و ئەنجوومەنی باڵا و هەندێك گرووپی تریش هەست بە مەترسی مالیكی دەكەن و لە ئەدائی حوكمی مالیكی رازی نین، بەڵام قەوارەی دژایەتیكردنی مالیكی بۆ كورد زۆر فراوانترو بەرنامە بۆ داڕێژراوترە، بەشێوەیەك ئێمە كە رەخنە لە شەهرستانی یا ئوسامە نەجێفی دەگرین، لە بنەڕەتدا مالیكی لەگەڵ ئەمان هیچ جیاوازی نییە، دوور نییە هەر مالیكیش رۆڵەكانیان دابەش بكات، بۆیە ئێستا لە هەموو كاتێك گونجاوترە بە جیدی كار بۆ پێكهێنانی بەرە یا هاوپەیمانێتییەك بكرێ كە بتوانێ مالیكی بۆ كەسێكی گەنجاوتر بگۆڕێ، لە لایەكی تریش ئیتر نابێت كورد هەر چاوی لە بەخشندەیی دەسەڵاتدارانی بەغدا بێت، پێویستە هەموو هەوڵە دیپلۆماسییەكانمان بۆ ئەوە چڕ بكەینەوە ئیتر توركیا وەك دەوڵەتێكی گەورەی ناوچەكەو حیساب بۆ كراو، هاوكاری هەرێمی كوردستان بێت، تا توركیا لەگەڵ هەرێمی كوردستان نەسازێ، یەكێتی ئەوروپاو ئەمریكاو ئەوروپاو تەنانەت وڵاتانی عەرەبی و ئێرانیش لەگەڵمان ناسازێن، بۆیە ئێستا هەرێمی كوردستان خنكێنراوە لە نێو ئەو وڵاتانەی هەرێمیی كە ناهێڵن هەناسە بدات، توركیا بۆ هەرێمی كوردستان نەك هەر لە هەموو وڵاتانی عەرەبی و هەرێمی گرنگترە، بگرە بۆهەرێمی كوردستان لە ئەمریكاش گرنگترە، لەبەر ئەوەیە، پێویستە ئێمە ئەو وردە لۆبیانەی هەمانە باشتر بخەینە گەڕ بۆ دروستكردنی پێوەندی ئێمەو توركیا، هەروەها باشریش ئەوەیە بیر لە بەرنامەیەكی تۆكمە بكەینەوە كە پەیوەندییەكانمان لەگەڵ توركیا بەرەو كۆنكریتی بچن و عاتیفە كارمان تێ نەكات، ئەمڕۆ لەم سەردەمی جیهانگەراییە باوی دروشمی شۆڕشگێڕانە نییە، بەڵكو عەقڵ و لۆجیك حوكم دەكەن، نابێ كوڕی خۆمان قوربانی كچی كەس بكەین، باشترین و نموونەییترین كاری نیشتمانی ئەوەیە پێگەی هەرێمی كوردستان پتەو بكرێ و ببین بە خاوەنی خۆمان.
Top