كەركوك و ئایندەی عێراق

كەركوك و ئایندەی عێراق
سەردانی ئەمجارەی سەرۆك بارزانی بۆ شاری كەركووك و گەیاندنی پەیامی ئاشتی و برایەتی بۆ خەڵكی توركمان و عەرەب و مەسیحی ئەو شارە، وەڵامێكی توندی هوموو ئەوانەبوو كە فرمێسكی تیمساحیانەیان بۆ غەیرە كوردەكانی كەركوك هەڵدەڕشت، سەردانیكردنەكەی سەرۆك بارزانی بەوە بەهێزتر بوو كە جگە لەوەی رووبەڕوو لەگەڵ برایانی توركمان و عەرەب و كلدو- ئاشورییەكان كەوتە گفتوگۆوە و زۆر بە شەفافی لە پرسی كەركوك دەدوان، هاوكات دیدارەكان لە چەندین كەناڵی ئاسمانییەوە راستەوخۆ دەگوێزرانەوە، بینیشمان خەڵكی كەركوك بەتایبەت برایانی توركمان و عەرەبە رەسەنەكان و برایانی مەسیحی چەندە بە تەنگ گەڕانەوەی كەركوك بوون بۆ سەر هەرێمی كوردستان،سەرباری هەندێ سەرنجی ئەو خەڵكە كە مەبەستیان باشتركردنی ئەدای حوكمڕانی بوو لە رووی كارگێڕی و بەڕێوەبردنەوە، بەڵام لە كوردەكان پەرۆشتربوون بۆگەڕانەوەی كەركووك بۆسەر هەرێمی كوردستان، لێرەوە دەكرێت بڵێین، دڵنیاكردنەوەی برایانی عەرەبی رەسەن و توركمان و مەسیحی كارێكی ئێكجار پێویست بوو، بەڵام پێویستە لەمەودوا باشتر لە جاران سەركردایەتی كوردی چاودێری دۆخی كەركوك بكات، بۆئەوەی لە لایەك هەموو ئەوانەی لە كەركوك دەژین هەست بكەن دەسەڵاتی سیاسی كوردی پارێزەری ئەوانە، لە لایەكی تریش دەستی پیلانگێڕان بە تەواوی ریشەكێش بكرێت و نەتوانن پەناگەیەك لەو شارە بۆ خۆیان رەچاو بكەن تا فیتنەی تێدا بگێڕن.
لەو سەردانەی سەرۆك بارزانیدا بۆ كەركوك، خەڵكی ئەو شارە بە تایبەتی و خەڵكی عێراقیش بە گشتی گەیشتنە ئەو قەناعەتەی كە بە بێ دیاریكردنی چارەنووسی كەركوك كە خۆی لە جێبەجێكردنی مادەی 140 دا دەبینێتەوە، ئەستەمە ئایندەی عێراق دیاری بكرێت،چونكە جێبەجێنەكردنی دەستوور واتە هەڵوەشانەوەی دەستوور ئەمەش رێك وەك بارزانی وتی واتە مردنی عێراقی نوێ و عێراقی دیموكراسی،بۆیە تەواوی گروپ و پێكهاتە سیاسییەكانی عێراق و تەنانەت ئەو وڵاتانەیش كە چاودێری عێراق دەكەن، دەبێت باش لەو واقیعەی عێراق بگەن كە بۆ بەڕێوەبردنی عێراقی نوێ و پێكەوەژیان، سێ خاڵی زۆر گرنگ هەن كە دەبێت رەچاو بكرێن، ئەویش پابەندبوون بە دەستوور، شەراكەت، پرەنسیپی تەوافوقە، بە بێ ئەمانە عێراقی نوێ پەكدەخرێت و هیچ مانایەكی نابێت .
ئەو دەنگدانە نهێنیەی كە بە گرووپی 127 كەسی ناودەبردرێ، هەڕەشەیەكی ترسناكە بۆ سەر ئایندەی عێراق، تەنانەت هەڕەشەیە بۆ سەر خودی شیعەكانیش كە ئەمجارە لە خشتەبردران، ئەو رێككەوتن و هاوپەیمانێتییانەشیان خستە بەردەم پرسیارێكی گەورەوە، كە كورد لەگەڵ ئەنجوومەنی باڵاو دەعوەو حزبی ئیسلامی كردبوونی، بۆیە پێویستە باشتر لە هاوپەیمانی وردبینەوەو دەكرێ هاوپەیمانێتیمان لەگەڵ گروپ و لیستی تریشدا بەهێزبكەین، نەك وەك ئەوەی لەگەڵ حزبی ئیسلامی هەمانبوو كە ئەنجام هیچ دەرنەچوو، هەروەها پێویست بەوەش دەكات نوێنەرانی كورد لە بەغدا باشتر ئەكتیڤ بكرێن و، پسپۆرترین و زیرەكترین كەس لەوشوێنانە بن , جگە لەمانەش تەرجەمەكردنی وتەكانی سەرۆك بارزانی بۆ خەڵكی كەركوك، زۆر زۆر گرنگە، چونكە ئەگەر هەموو خەڵكی كەركوك پاڵپشتی گەڕاتەوەی كەركوك بكەن بۆسەر هەرێمی كوردستان، هەموو گرووپی 127 و زۆری دیكەش تەنانەت بە دەستە دەرەكییەكانیشەوە لە شەرمەزاری زیاتر هیچی تریان بۆ نامێنێتەوە.
Top