كەركووك، خەباتی چڕو بەردەوام
February 23, 2010
وتار و بیروڕا
ئەوكاتەی مالیكی دەستنیشانكرا بۆ سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران، كورد بەومەرجە پەسندی كرد كە نابێ وەكو جەعفەری مافی كورد بەتایبەت (كەركوك) دوابخات یا یاری پێ بكات، بۆ ئەم مەبەستە،رێككەوتنێكیش لەنێوان لیستی هاوپەیمانی كوردستانی و لیستی ئیئتیلافی یەكگرتووی شیعە ئیمزاكراوە !!,بەڵام بە داخەوە لەبەر هەر هۆكارێك بێت كورد نەیتوانی سوود لەو رێككەوتنە وەربگرێت و, مالیكیش هیچ ئیلتیزامێكی پێوە نەكرد.
لە عێراقی نوێدا، كە گوایا بەرەو دیموكراسی هەنگاودەنێ،نابێت شارێك هەبێت بەتەنها ئەوهەموو زوڵمەی كە لە پێشوو لێی كراوە ، ئێستاش لێی بكرێت، بەڵكو دەبوو پاداشتی ئەو شارە بكرابایەوە، كەچی بینیمان لە دواجاردا و لە دانیشتنێكی پەرلەمان و لە دەنگدانێكی نهێنیدا!!(بەڵێ نهێنی)دەیانویست كەركووك بەسەر كوردو عەرەب و توركمان و ئینجا ئاشوری دابەش بكەنەوەو هیچ حیسابێكیش بۆئەودەنگانە نەكرێت كە لە هەڵبژاردنی پێشوو وەدەست هاتبوون. سەدامیش كەركوكی بۆ سەر سێ پارێزگای وەك هەولێر،سلێمانی, سەلاحەدین دابەشكردبوو،ئینجا تەعریبیشی كرد، هەر لەبەرئەوەی كوردی تێدادەژی! لە كاتێكدا زۆربەی شارەكانی تری عێراق زۆر لەمێژە چەندین نەتەوەی تێدا دەژی و باسیش لە دابەشبوونیان نەكراوە،هەر لە بەغدای پایتەختەوە بگرە تا دەگات موسڵ و دیالەو......هتد.
ئەمڕۆ كوردستان كە ئارامترین هەرێمە لە عێراقدا، خۆپیشاندانەكانی ئەم چەند رۆژانەی رابردووش بەتەواوی سەلماندی كە هەرێمی كوردستان ئارامە، دەبوو وەك پاداشتێك بۆ شاری كەركووك, حكومەتی بەغدا، بە هەموو پێكهاتەكانیانەوە سووربوونایە لەسەر گەڕانەوەی كەركوك بۆسەر هەرێمی كوردستان، بۆ ئەوەی پریشكی ئەوئاگرەی كە لە بەغداوە بەرەو هەندێ شار كڵپەی كردووەو دەیكات و ئێستاش وەك پشكۆی ژێر خۆڵەمێش وایە و هەر بە شنەبایەك دادەگیرسێتەوە بەر كەركوك نەكەوێ، چونكە ئەگەر دەسەڵاتی كوردی نەبوایە دەمێك بوو كەركوكیشیان بەم ئاگرە دەسووتاند،خۆپیشاندانە هێمنانەكەی كەركوك و كاردانەوە تیرۆریستییەكەی ناو خۆپیشاندەران ئەم راستیە دەسەلمێنن.
ئێستا ئێمە لەبەردەم تەنها یەك ئەگەردا نین ،چونكە كەركوك ئێستا چەندە كێشەیەكی ناوخۆییە ئەوەندەش هەرێمییە،ئەو كوتلەسیاسیانەی لە بەغدا بڕیاردەدەن،هەروا رەمەكیانەوبێ پلان نییە، بەڵكو وڵاتانی ئیقلیمیش لە هەر بڕیارێكدا گوشاری خۆیان هەیە، بۆیە ئێمەش وەكو كورد دەبێت نەخشەوپلانی خۆمان هەبێت،ئەم كێشەیەش كێشەیەكە رەنگە وا بە سانایی تەواو نەبێ، خاڵی گرنگ ئەوەیە ئێمە پشت بە دەستوور دەبەستین، بۆ ئێمەش دەستوور لە هەموو كارتێك گرنگترە،هەموو كێشەكانی نێوان بەغداو هەرێمی كوردستانیش هەر دەبێت لەسەر بنەمای دەستوور یەكلا بكرێتەوە، چونكە تەنها دەستوور مەرجەعییەتی چارەسەركردنی كێشەكانمانە. جگە لەمە كارتی دیكەیشمان هەن دەكرێ بیانكەین بە گوشار یەك لەو كارتانە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركوك بوو كە داوای گەڕانەوەیان بۆسەر هەرێمی كوردستان كرد،زۆری تریش........
زۆر وڵاتی دونیا هەن كێشەی سنووریان هەیە،هەر لە دەوروبەری خۆمان سوریا, سعودیە, قەتەر، ئیمارات، ئێران ، لەناو ئەم كێشانەن، رەنگە كوردستانیش وای بەسەر بێت، ئەمەش ئەوە ناگەیەنێ، ناتوانین هیچ بكەین، نەخێر ، بەڵام مانای ئەوەش ناگەیەنێ بە یەكجار كۆتایی پێ بێنین ، گرنگ ئەوەیە حكومەتی هەرێمی كوردستان پێویستە باشتر لە رابردوو بەدوای خەمی خەڵكی خۆیەوە بێت ، چونكە میللەت لە هەر پرسێكی چارەنووسسازدا ئامادەی هەموو گیانفیدایی و قوربانیدانێكە ، سەرباری ئەوهەموو تێبینیانەی هەیەتی لەسەر حكومەتەكەی ،بۆیە لەپاڵ ئەو خەباتە سیاسی و دیبلۆماسیەی سەركردایەتی كوردستان لە بەغدا دەیكات ، پێویست دەكات حكومەتی هەرێم باشتر لە خزمەتی خەڵكی كوردستان بێت ، چونكە لەهەموو كاتێكدا ئەم خەڵكە ئەستوندەی مانەوەی حكومەتە.
تا هەڵبژاردنی ئەمریكاش كۆتایی دێت ، پێویست دەكات كورد باشتر لە جاران لە وریاییدا بێت ، وەك دەبینین وڵاتانی هەرێمیش ئێستا لەسەر خەتن چونكە هەست بەم بۆشاییەی ئەمریكادەكەن كە سەرقاڵی هەڵبژاردنە و بە باشی ناپەڕژێتە سەر رووداوەكانی دونیا.