كەس تەوەقوعی ئەوە نەكات پەیوەن
February 23, 2010
وتار و بیروڕا
هەموومان دەزانین لە دوا كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی توركیا بڕیاردرا توركیا پەیوەندی لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا ئەنجام بدات، ئەم بڕیارە ئەوكات بەو شێوەیە لێكدرایەوە كە سوپاش چرای سەوزی بۆ حكومەتی داگیرساندووە، بەڵام لە راستیدا بۆمبارانەكە پێچەوانەی ئەو لێكدانەوەیەی سەلماندو بە دیاری خست كە ئەو وتووێژە تەنیا لە سیاسەتی حكومەتدا بووە، بۆیە كاتێ شاندی توركیا لەگەڵ سەرۆكی حكومەت هەرێمی كوردستان كۆبووەوە سوپای توركیا ناوچەی قەندیلی بۆمبارانكرد.
دەسەڵاتی كوردستان هەر یەكسەر نارازیبوونی خۆی بەرامبەر بۆمبارانەكەی توركیا نیشاندا و لە بەیاننامەیەكدا ئەوەی راگەیاند كە ئەو بۆمبارانە پێشلێكاری سەروەری عێراقە، بە توندیش ئیدانەی ئەو بۆمبارانەی كرد و جەختیشی لەوە كردەوە كە ئەم كارە خزمەت بە هیچ لایەنێك ناكات.
ئەوەی نەك هەر جێی سەرنج بوو، بەڵكو جێی داخیش بوو لێدوانی هەندێ بەرپرسی ئێمە بوو بۆ میدیاكان كە ئەو بۆمبارانكردنە هیچ زیانێكی نەبووە، ئەو بەرپرسانە یان ئەوەتا ئاگایان لە زیانەكان نەبووە، یانیش ئەوەندە سادەن كە نازانن ئەو جۆرە لێدوانە تەنیا سوودی بۆ بەرامبەر هەیە، وەك ئەو لێدوانەی كە بەرپرسێكی سەربازیی توركیا بە سایتی هەبەر توركی دابوو كە ئەو بۆمبارانە هیچ زیانێكی مرۆیی و ماددی نەبووە و بۆ سەلماندنی ئەو لێدوانەشی ئاماژەی بەو قسانەی بەرپرسانی ئێمە كردبوو، ئەمە لە كاتێكدا ئەو بۆمبارانە بەپێی هەمان هەواڵی رۆژنامەی چاودێری ببووە هۆی كوژرانی دوو شوان و رووخانی زیاتر لە 5 خانوو و 4 سەرچاوەی ئاو و تێكدانی سێ رێگاوبانی سەرەكی و سووتان و تێكدانی دوو رەزی دێمەكار.
ئەوەندەی من لە سیاسەت تێگەیشتبم لە باری وادا مێش دەكرێ بە گامێش بۆ ئەوەی كار لەسەر رای گشتیدا بكرێ، بەڵام لای ئێمە بە پێچەوانەوە گامێش دەكرێ بە مێش، ئیتر نەزانم حیكمەت لەوەدا چی بوو.......؟!
بە هەرحاڵ با بگەڕێینەوە سەر ئەسڵی مەبەست و وەڵامی ئەو پرسیارە بدەینەوە كە دەڵێ: بۆ هەر ئەو رۆژە ناوچەكە بۆمبارانكرا كە كۆبوونەوەكەی نێوان سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و نوێنەری حكومەتی توركیا بەڕێوەچوو؟ باشە بۆ رۆژێك پێش ئەو بۆمبارانەكە ئەنجام نەدرا؟
ئەوەی تا ئێستا لە خەڵكی شاراوەبێت ئەوەیە كە لە كۆبونەوەكەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی توركیا سوپا دژی ئەنجامدانی پەیوەندی بوو لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا، بەڵام ئەوە لە دوا راگەیاندراوی كۆبوونەوەكە دا ئاماژەی بۆ نەكرا.
لە راستیدا ئەنجامدانی ئەو بۆمبارانە لە كاتی كۆبوونەوەكەدا پەیامێكی سوپا بوو بۆ هەریەك لە ئەنقەرەو هەولێر و بەغدا و واشنتۆن كە لەو مەسەلەیەدا دەبێ حیساب بۆ دامەزراوە سەربازییەكەش بكرێ واتە سوپا، ئێمە نكۆڵی لەوە ناكەین كە ئەو دانیشتنەی نوێنەری توركیا لەگەڵ سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا هەنگاوێكی زۆر ئیجابی و گرنگ بوو، چونكە دوای رووخانی رژێمی پێشوو ئەمە بە یەكەم دیداری فەرمی دادەنرێ لە نێوان هەردوولادا.
لە هەقیقەتدا ساردییەك لە نێوان ئەنقەرە و دەسەڵاتی كوردستاندا هەبوو، ئەو زمانە توندەی كە بەرامبەر بە یەكتر بەكار هێنران وایكردبوو خەڵكی هەرێمی كوردستان هەست بەوە نەكەن كە توركیا دوژمنایەتیان دەكات و دەیەوێ ئەزموونەكەیان لەبار ببات و مەسەلەی پەكەكەش تەنیا بیانووە، توركیاش گەیشتبووە ئەو باوەڕەی كە هەرێمی كوردستان دوژمنیەتی و هەماهەنگی هەیە لەگەڵ پەكەكەدا.
ئەو دانیشتنە لە ئەسڵدا بڕیاربوو ساڵی رابردوو ئەنجام بدرێ، كە سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی ئەنقەرە بكات و لەگەڵ عەبدوڵڵا گوڵ وەزیری دەرەوەی ئەوسای توركیا كۆبێتەوە، بەڵام هەندێ پێشهات و رووداو لە سەر ئاستی هەرێمی كوردستان و توركیا وایكرد كە ئەو سەردانە لەلایەن توركیاوە رەتبكرێتەوە.
ئێستا كەشی بەر ساردییەكە جارێكی دیكە هاتۆتە ئاراوە و هەردوولاش روانینی تایبەتی خۆیان هەیە لە هاتنە كایەی ئەو كەشە. بەڵام بەر لەوەی لە روانینی هەردوولا بدوێین پێویستە وەڵامی پرسیارێكی دیكەی خەڵكی بدەینەوە كە بۆچی بۆ دروستبوونی پەیوەندی نێوان توركیا و هەرێمی كوردستان، توركیا لە ئاستێكی نزمدا ئەو شاندەی رەوانەی بەغدای كرد و بۆچیش بەغدای بۆ ئەو دانیشتنە هەڵبژارد؟
1- توركیا حەز دەكات ئەو پەیوەندییە هەنگاو بەهەنگاو بێت، واتە توركیا هەنگاوێك بهاوێژێ و هەرێمی كوردستانیش هەنگاوێك، ئەویش بە دانی ئیمتیاز بە یەكتر ، نەك بە یەكجاری پەیوەندی دابمەزرێنێ و پاشانیش قازانجێكی وا نەكات كە شایەنی باسكردن بێ.
2- حكومەتی توركیا لەلایەك هەنگاو دەهاوێژێ بۆ دروستبوونی ئەو پەیوەندییە ، لەلایەكی دیكەوەش لە ناو مەترسیەكدا دەژی كە بەرامبەر ئەو هەنگاوەی، هەرێمی كوردستان هیچ نەكات و بەرپرسێكی ئەو هەرێمەش لەسەر شتێك لێدوانی توند بدات، واتە بیر لەوە دەكاتەوە كە ئەگەر لە ئاستێكی بەرزدا ئەو پەیوەندییەی دروستكرد و هیچ قازانجێكی لێ نەكرد و لەبەرامبەردا بەرپرسێكی ئەو هەرێمە لێدوانێكی وا بدات كە بە دڵی توركیا نەبێ، ئەو كات حكومەتی ئەنقەرە تووشی شەرمەزاییەكی گەورە بەرامبەر بە خەڵكەكەی دەبێتەوە، بۆیە ئێستا ناخوازێ ئەو پەیوەندییە بە زوویی بگاتە ئاستێكی بەرزەوە.
3- لەم سێ چوار ساڵەی رابردوودا دژی هەرێمی كوردستان و سەركردایەتی كوردستان زۆر پروپاگەندەی خراپ لەلایەن توركیا كراوە، تا جارێكیان گەیشتە ئەو رادەیەی كە سەركردایەتی كوردستان بە تیرۆریست لە قەڵەم بدرێ، كەواتە دوای ئەو هەموو شتانە توركیا ناتوانێ بە یەكجاری و لە ئاستێكی بەرزدا پەیوەندی لەگەڵ ئەو هەرێمە دابمەرزێنێ، چونكە كۆمەڵگەكەی لێی قبوڵ ناكات.
بەرای من ئەگەر هاتوو هەلومەرجی هەنووكەیی ناوخۆی توركیا لەبەرچاو بگرین ئەو هەنگاوەی حكومەتی توركیا كەم نەبوو.
بەپێی روانینی حكومەتی توركیا سەبارەت بەو كەشەی كە دووبارە هاتۆتە ئاراوە بۆ ئەوەی پەیوەندی نێوان هەردوولا بگەڕێتەوە سەر دۆخی جارانی خۆی:
1-كورد نەك تەنیا لە هەرێمی كوردستان بەڵكو لە بەغداش بوونی هەیە، سەرۆك كۆمار و وەزیری دەرەوە و فەرماندەی سوپای عێراق كوردن.
2- ئەگەر توركیا دەیەوێ پەكەكە لە هەرێمی كوردستان نەمێنێت پێویستە پەیوەندییەكانی لەگەڵ سەركردایەتی ئەو هەرێمە دا باش بكات، ئەگینا هیچ چارەیەكی دیكەی لەبەردەمدا نییە.
3- هەرێمی كوردستان بەو جۆرە دەڕوانێتە ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوین كە دوای توركیا تەنیا ئەوە رژێمی عەلمانییەت و دیموكراسییەت بەكار دەهێنێت و دەتوانێ بە رێگەی توركیاوە بگاتە سیستەمی رۆژئاوایی.
4- ئەو سنوورەی كە لە نێوان توركیا و عێراق دانراوە زۆر زەحمەتە بگۆڕدرێت و ئەمن و ئاسایشی ئەو سنوورە بەرقەرا بكرێت، بۆیە پێویستە ئەو سنوورە لەسەر نەخشە بمێنێت، ئەمەیش بە پێشخستنی پەیوەندی لە رووی سیاسیی و ئابووریی و كۆمەڵایەتییەوە بەدی دێت.
5- بەژرەوەندی باڵای توركیا لە هەرێمی كوردستاندا هەیە، بەم نزیكانە یاسای نەوتی عێراق پەسند دەكرێت، بە گوێرەی ئەو یاسایە هەرێمی كوردستانیش مافی خۆی دەبێت گرێبەستی نەوتی مۆر بكات.
توركەكان دەڵێن: هەنووكە دەوڵەتانی وەك ئەمەریكا و چین و نەرویج و ژاپۆن و فەرەنسا و رووسیا و كۆمپانیاكانی دەیان دەوڵەتی دیكە سرەیان گرتووە بۆ ئەوەی لەگەڵ دەسەڵاتی كوردستان رێككەوتن مۆر بكەن، باشە بۆ توركیا وەك سەیركەر بمێنێتەوە؟
6- ریفراندۆمی كەركووك دواخراوە.
7- هەڵوێستی هەندێ بەرپرسی كورد بەرامبەر بە پەكەكە گۆڕانی بەخۆوە دیتووە.
8- بوونی هاوفكرییەك بۆ دروستكردنی ئەو پەیوەندییە، بەتایبەت لەگەڵ پارتی گەلی كۆماری كە دەنیز بایكال سەرۆكایەتی دەكات و گەورەترین پارتی ئۆپۆزیسیۆنە لە توركیا.
9- پابەندی دەسەڵاتی كوردستان بە یەكپارچەیی خاكی عێراق، بەتایبەتی پاش لەشكركێشییەكەی توركیا بۆ سەر هەرێمی كوردستان.
عەلی باباجان وەزیری دەرەوەی توركیا كاتێ لە كوێت گەڕایەوە گوتی: ئیدی كەس باسی پارچەبوونی عێراق نەكات و ئیدی ئەو بیر و بۆچوونانەش نەما كە ئاماژەی بە پارچەبوونی عێراق دەكرد، ئۆپەراسیۆنی سەربازیی توركیا لەسەر هەرێمی كوردستان دژی پەكەكە وایكرد كە دەسەڵاتی كوردستان زیاتر خۆی نزیكی دەسەڵاتی ناوەندی عێراق بكاتەوە.
هەروا باباجان لەو لێدوانەیدا ئاماژەی بە كەركووك كرد و گوتی: كەركووك مەسەلەیەكی زۆر گرنگە، كێشەیەك لەوێ رووبدات كاریگەری لەسەر هەموو وڵات دەكات، ئەو ریفراندۆمەی كە بڕیاربوو لە مانگی حوزەیران بەڕێوە بچێت، ئەنجام نادرێت.
لە پەیامی كۆتایی كۆنگرەی(32)ی پارتی گەلی كۆماری كە تیایدا بۆ یەكەمجار گۆرانی كوردی لێدرا و ئەندامانی لەسەر ئاوازی ئەو گۆرانییە هەڵپەڕین، ئاماژە بەو خاڵانەكرا:
1- زۆر گرنگە ئەگەر عێراق چ بە سیستەمی فیدراڵی یان مەركەزی بە دەوڵەتێكی یەكپارچەیی بمێنێتەوە، كوردی عێراق برای ئێمەن، پێویستە هەرێمەكەیان ببێتە ناوچەی وڵاتێك كە ئەو وڵاتە دۆستی توركیابێ، دەبێ توركیا لە چوارچێوەی پاراستنی یەكپارچەیی و سەروەری عێراق هاوكاری هەموو گەلانی عێراق بكات، بەتایبەتی توركمانەكان، لەم رووەوە پێویستە پەیوەندی بازرگانی و ئابووری پێش بخرێت و گومرگی خابوور بەرفراوانتر بكرێت و هی دیكەشی بكرێتەوە.
هەنگاو بهاوێژرێت بۆ ئەوەی پەیوەندی رۆشنبیری پتەوتر بكرێت و گەنجانی ئەو ناوچانە لە قوتابخانەكانی توركیادا بخوێنن و ناوی توركیا زیاتر پێیان بگات.
2- كێشەی كورد خۆی لە خۆیدا كێشەی دیموكراسیەت و گەشەكردنی ئابوورییە، ئەگەر ئەوانە چارەسەر بكرێن ئەم كێشەیەش نامێنێت.
3- دەوڵەت مافی ئەوەی نییە كە هاووڵاتییانی خۆی بە زۆری بكاتە تورك، پێویستە دەوڵەت بەیەك چاوسەیری هەموو هاووڵاتیانی خۆی بكات.
4- پەخش بە زمانی دایك پێویستە ئازاد بكرێت، هەر هاووڵاتیەك مافی خۆیەتی ئازادانە فێری زمانی زگماكی خۆی بێ و بە زمانی خۆیشی رۆژنامە و گۆڤار و كتێب دەربكات.
لێرەدا زێرەرۆیی ناكەین گەر بڵێین ئەو جەسارەتەی حكومەتی توركیا بە دانیشتنی لەگەڵ سەرۆك هەرێمی كوردستان لایەك دەگەڕێتەوە بۆ سیاسەتی نوێی پارتی گەلی كۆماری (chp)، ئەگەر ئەو پارتە ئەو راگەیاندنەی نەدابا زۆر زەحمەت بوو حكومەتی توركیا هەنگاوی وا بهاوێژێ چونكە ئەو كات تووشی رەخنەیەكی تووند دەبووەوە، بەتایبەتی لەلایەن گەورەترین پارتی ئۆپۆزیسیۆن.
4- حكومەتی توركیا دامەزراندنی ئەو پەیوەندییە بە پێویست دەزانێ، بەڵام هەندێ لایەن ئەو پەیوەندییە ناخوازێت، وەك سوپای توركیا و پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرست (mhp) كە دەوڵەت باخچەلی سەرۆكایەتی دەكات.
بەپێی سایتی هەبەرلەر دەوڵەت باخچەلی رەخنەی لە حكومەت گرتبوو و بەوەی كە هەنگاوی هاویشتووە بۆ دروستكردنی پەیوەندی لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا و لە لێدوانیكدا بەو سایتە ئەوەی گوتبوو كە ئەو ئەركانەی دەدرێتە بارزانی بەرامبەر دژایەتیكردنی پەكەكە وا دەكات كەركووك بخرێتە سەر هەرێمی كوردستان، پلانی ئەمەریكا ئەوەیە كە توركیا بەشێوەی فەرمی بارزانی بە قسەكەر وەربگرێت، لەبەرامبەریشدا بارزانی لەمەسەلەی پەكەكە هەندێ ئەرك وەربگرێت، وەك: بە كاریگەری بارزانی راگەیاندنی ئاگربەست لەلایەن پەكەكەوە و كۆنترۆڵكردنی پەكەكە لەلایەن بارزانییەوە، لە بەرامبەر ئەوەشدا توركیا لەلای خۆیەوە دژی ئەوە رانەوەستێت كە كەركووك بخرێتە سەر هەرێمی كوردستان، ئەم پرسەیە بە قسەی دەوڵەت باخچەلیش لە كاتی كۆبوونەوەی ئەردۆگان و بووش بڕیاری لەسەر دراوە.
بەرای ئێمە كێشەی توركیا لە لێدوانی بەرپرسانییەتی، ئەگینا كەی بارزانی ئامادەیە ئەو رۆڵە ببینێ، لەدوا ئاخاوتنیدا لەگەڵ بەرپرس و كارگێڕ و ئەندام لقەكانی 2و16و23دا زۆر بە راشكاوی دەربارەی كۆبوونەوەكەی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ نوێنەری حكومەتی توركیا دوا و فەرمووی: هەڵوێست گۆڕینی توركیامان پێ خۆشە، بەڵام كەس تەوەقوعی ئەوە نەكات كە ئێمە دەبین بە تەرەف لەشەڕدا، بەڵام ئەگەر هەردوولا پێیان خۆش بێ بەئاشتی چارەسەری كێشەكە بكەن ئەمە ئامادەین هاریكارێكی باش بین.
ئەوەی لێرەدا پێویستە بگوترێ ئەوەیە هەڵەی گەورەی حكومەتی ئێستای توركیا تێكەڵكردنی كێشەی پەكەكە بوو لەگەڵ كێشەی كوردا، ژۆست لاجندیك سەرۆكی كۆمسیۆنی پەرلەمانی تێكەڵ لە نێوان یەكێتی ئەوروپا و توركیا رایگەیاند: نزیكترین حزب بۆ چارەسەری كێشەی كورد و مافی ئایینەكان پارتی داد و گەشەپێدانە، بەڵام ئەو حزبە هەڵەیەكی ستراتیژی كرد، لەلایەك هەوڵی ئەوەی دا كە كێشەی كورد بە رێگەچارەی سەربازی كۆتایی پێ بێنێ بۆ ئەمەیش هەڵسا بە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی، بەڵام دوای ئۆپەراسیۆنەكە هەنگاوی مەدەنی نەهاویشت، كە بەمەیش زەربەی®