دیك چینی لە هەولێرەوە بۆ ئەنقەر

دیك چینی لە هەولێرەوە بۆ ئەنقەر
سیمۆن هێرش لە دیمانەیەكیدا لەگەڵ رۆژنامەی(ئاكشام)ی توركی و دەربارەی پەیوەندییەكانی توركیا و ئەمەریكا زۆر شتی سەیر باس دەكات.
دەربارەی پەكەكە و پژاك دەڵێ: ئەمەریكا هێشتا لەگەڵ پەكەكە و پژاكدا یاری دەكات و چاوەڕێی سوودوەرگرتنە، بەتایبەتی لە ململانێیەكەیدا لەگەڵ ئێراندا.
هێرش دەڵێ: ئێمە دەزانین ئەمەریكا و ئیسرائیل پەیوەندییان لەگەڵ پژاك دا هەیە، لە پرسی پەكەكەشدا ئەمەریكا دوو سیاسەتی جیاواز بەكاردێنێ، لەلایەك رێگەی پێ دەدات بۆ خۆی چەك دابین بكات و لەگەڵیشیدا بە نهێنی دانوستان دەكات، لەلایەكی دیكەش پەكەكە بە دوژمنی هاوبەشی خۆی و توركیا رادەگەیەنێت و زانیاری پێویستیش دەربارەی پەكەكە دەداتە توركیا بۆ ئەوەی لە پەكەكە بدات.
سەبارەت بە گۆڕانكاری لەسەرۆكایەتی ئەمەریكاش، هێرش دەڵێ: هەتا ئەگەر گۆڕانكاری لە سەرۆكایەتی ئەمەریكا رووبدات، چیتر ئەو وڵاتە ناتوانێ سیاسەتی خۆی لە عێراق بگۆڕێت و لە رۆژهەڵاتی نێوین بكشێتەوە.
عێراق ئێستا لە نێوان هەردوو گروپی سوننە و شیعەدا دابەش بووە و وا پێشبینیش دەكرێ لە ئاكامی ئەو دابەشبوونە و هەوڵدان بۆ وەدەستهێنانی دەسەڵاتی زیاتر شەڕێكی ناوخۆی گەورە دروست ببێ، لەلایەك نێوان شیعە-سوننەدا و لەلایەكی دیكەش نێوان سوننە - سوننە و شیعە- شیعەدا.
ئێستا زۆر بە روونی ناكۆكی نێوان دوو پێكهاتەی سوننەدا پەیدا بووە، هێزەكانی رابوون و حزبی ئیسلامی عێراق، تا كار گەیشتە ئەور ادەیەی هێزەكانی رابوون داوا لە حزبی ئیسلامی عێراق بكەن ئەو شوێنانە چۆل بكەن كە ئەو هێزانەی تێدایە، بەتایبەتی لە ئەنباردا، لە ناو شیعەشدا ململانێیەكی تووند نێوان ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی ورەوتی سەدردا بەڕێوە دەچێت و وا پێشبینیش دەكرێ ئەو ململانێیە تا پاش ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكانی پارێزگاكانیش بەردەوام بێت.
ئەوەی زانراوە ئەنجوومەنی پارێزگاكانی بەغدا و باشوور بەدەست ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی دایە و رەوتی سەدریش دەیەوێ پێگەیەك بۆ خۆی لە ناو ئەو ئەنجوومەنانە پەیدا بكات، هەتا ئەگەر ئەو ململانێیە شەڕێكی خوێناویشی لێ بكەوێتەوە، وەك ئەوەی كە ئێستا دەیبینین.
بۆ پێش گرتن لەو ئاكامە هێرش وا دەبینێ كە پێویستە ئەمەریكا دیالۆگێكی جدی لە نێو ئەو لایەنانە ئەنجام بدات، بەڵام هەر خودی هێرش ئەو پرسیارە دەكات و دەڵێ: تۆ بڵێی ئیدارەی ئەمەریكا بە جدی بیەوێ ئەو دیالۆگە ئەنجام بدات؟
ئێران و توركیا و سوریا هەر یەكە و ئەجیندای خۆی لە عێراقدا هەیە و جێی پەنجەشیان لەسەر رەوشی نالەباری عێراق دیارە، بەتایبەتی ئێران كە هەست بە مەترسی ئەمەریكا دەكات و پێی وایە لە بەرژەوەندی ئەو دایە ئەگەر بێتو رەوشی عێراق ئاڵۆزتر بكات، ئەگینا لەو شەڕەی كە لە نێوان سوپای مەهدی و رێكخراوی بەدر بەرپابووە، سوپای مەهدی ئەو هەموو چەكەی لە كوێ هێنا؟
هەندێ لە بەرپرسە سەربازییەكانی ئەمەریكا پێیان وایە نابێ ئەمەریكا خۆی تووشی شەڕێكی دیكە بكات، واتە لەگەڵ ئێراندا، چونكە ئەو شەڕە بەدیدی ئەوانە لە بەرژەوەندی ئەمەریكادا نییە و پێشیان باشە بۆ چارەسەری كێشەكانی لەگەڵ ئێران و سوریا و هەروا توركیا كۆنفرانسێكی ئەقلیمی بە بەشداری ئەو سێ وڵاتە ببەستێ، بەڵام سەبارەت بە عێراق نابێ بە هیچ شێوەیەك بواری بوونی سەربازییان پێ بدات وەك ئەوەی ئەو وڵاتانە هەوڵی بۆ دەدەن و ئەو هەڵەیەش دووبارە نەكاتەوە كاتێ چرای سەوزی بۆ سوپای توركیا داگیرساند تا لەشكركێشی بكاتە سەر هەرێمی كوردستان بە هەنجەتی راوەدوونانی پەكەكە، ئەگەر ئەمەریكا ئەمە بكات و ئەو هەڵەیە دووبارە بكاتەوە ئەو كات ئاگرەكە ئەویش دەسوتێنێ.
بوونی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق تەنیا بۆ ئەوە نییە ئاسایشی عێراق بپارێزێ، بەڵكو بۆ ئەوەیە پەیوەندییەكی درێژخایەن لەگەڵ ئەو وڵاتەدا گرێ بدات و بەهۆی ئەو پەیوەندییەش ستراتیژیەتی خۆی لە رۆژهەڵاتی نێوین و ئێراندا جێبەجێ بكات.
بۆ جێبەجێكردنی ئەو ستراتیژییەتە لەناو دەسەڵاتی واشنتۆندا دوو بیرۆكەی جیاواز هەیە: لایەنێك كە لە ئەدمیرال ولیام فالۆن و ژەنەراڵ ئۆدیرنۆ و هەندێ ژەنەراڵی دیكەی ناو پنتاگۆن پێك دێت لەگەڵ ئەوەدایە ئەگەر ئەمەریكا لە جیاتی توركیا پەیوەندی ستراتیژی لەگەڵ سەرۆك بارزانی ببەستێ باشترە و لە قازانجی ئەمەریكادایە، بەڵام لایەنێكی دیكە كە دیك چینی جێگری سەرۆكی ئەمەریكا سەرپەرشتی دەكات پێی وایە توركیا و سەرۆك بارزانی هەردووكیان بۆ ئەمەریكا گرنگن و پێویستە ئەمەریكا هاوسەنگییەك لە نێوانیاندا دروست بكات.
هەروەها ئەدمیرال ولیام فالۆن دژی شەڕە لەگەڵ ئێراندا، بەڵام دیك چینی لەگەڵ سەرۆك بوش هاوڕایە و ئێران بە مەترسییەكی گەورە دەزانێ لەسەر بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا لە عێراق و رۆژهەڵاتی نێویندا.
دیك چینی لە دواسەردانیدا بۆ بەغدا، لە ئاخاوتنێكیدا بۆ رۆژنامەنووسان هانی وڵاتانی عەرەبی دا، ئەوانەی هاوپەیمانی ئەمەریكان، باڵیۆزی خۆیان بۆ عێراق بنێرن وەك هەنگاوێك بۆ كەمكردنەوەی كاریگەری ئێران لە عێراقدا و گوتی: ئەو وڵاتە عەرەبیانەی كە بەرامبەر فرەوانی دەسەڵاتی ئێران لە عێراقدا نیگەرانن، دەتوانن بە قایمكردنی پێگەی خۆیان لەو وڵاتەدا رادەیەك بۆ ئەو نیگەرانییەی خۆیان دابنێن.
بەپێی قسەی بەرپرسێكی ناو ستافەكەی دیكە چینی كە بە رۆژنامەی واشنتۆن پۆستی راگەیاندبوو، ئەمەریكا لەوانەیە لە كۆتایی ئەمساڵدا، بەتایبەتی پاش دەرچوونی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن، سوپای خۆی لە عێراق بكێشێتەوە، پرسیار ئەوەیە دوای ئەو كشانەوەیە هەرێمی كوردستان چی بەسەر دێت؟
یان دەبێ توركیا بیپارێزێ، یانیش بكەوێتە ژێر دەسەڵاتی عەرەبی عێراق، راستە ناكۆكی لە نێوان شیعە و سوننەی عێراقدا هەیە، بەڵام هەردووكیان بەرامبەر بە داواكاری و مافی كورد یەك هەڵوێستن.
لەوانەیە بۆ ئەمەریكا ئەوە باشتر بێت نەوتی كەركووك و موسڵ بخاتە ژێر دەسەڵاتی كورد و پاراستنیشیان بخاتە سەر توركیا و لەو بەینەشدا ئەمەریكا رێگە چارەیەك بۆ ناكۆكییەكانی نێوان توركیا و هەرێمی كوردستاندا بدۆزێتەوە ، بەرپرسێكی ئەمەریكی دەربارەی سەردانەكەی دیك چینی بۆ چەند وڵاتێكی رۆژهەڵاتی نێوین كە هەرێمی كوردستانیشی گرتەوە وەك هەر وڵاتێكی ئەو رۆژهەڵاتە نێوینە و نزیكردنەوەی دیدی كورد و توركیا رایگەیاند: لەمەسەلەی ناوزەدكردنی پەكەكە وەك تیرۆریست دیك چینی لەگەڵ توركیا كۆكە و داواشی لە دەسەڵاتی كورد كردووە كە هاریكار بێ لەگەڵ توركیا بۆ دۆزینەوەی چارەسەرییەكی گشتگیر.
ئاخاوتنەكەی دیك چینی لە هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان ئەوەی سەلماند كە ئەو هەرێمە و خودی سەرۆك بارزانی پێگەیەكی گرنگیان لەو ستراتیژییەتەی ئەمەریكا هەیە، كەسی دووەمی ئەمەریكا بە خۆرایی ناڵێ: ئێمە چاومان لەسەركردایەتی سەرۆك بارزانییە.
دوا بە دوای دیداریشی لەگەڵ سەرۆك كۆمار و سەرۆك وەزیران و سەرۆكی ئەركانی سوپای توركیا، رۆژنامەنووسی تورك فاتح چەكیرگە لە وتارێكیدا لە رۆژنامەی(حوریەت) دەڵێ: چینی پێش ئەوەی بێتە توركیا لەگەڵ بارزانی كۆبووەوە، سەردانەكەی بۆ هەولێر و دانیشتنی لەگەڵ بارزانی و ئەو ئاخاوتنەكەی لەوێ كردی چەند ئاماژەیەكیان بە توركیا گەیاند:
1- بارزانی سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنەكەی توركیا بۆ سەر خاكی هەرێمی كوردستان نیگەران بوو، بۆیە دیك چینی چوو دڵنەوایی بداتەوە.
2- دیك چینی لە هەولێر وشەی كوردستانی بەكارهێنا، بۆیە بەر لە هاتنی بۆ توركیا بە ئێمەی راگەیاند كە بارزانی موخاتبی ئێمەیە، ئێوەش واتە توركیا وەك ئێمەبن، بۆ چارەسەری كێشەكان لەگەڵ بارزانی دابنیشن، دان بە كوردستانی عێراق بنێن.
3- بارزانی لە مەسەلەی پەكەكەدا داوای كرد دەرفەت بە پەكەكە بدرێ تاوەكو ببێتە رێكخراوێكی سیاسی و لەمەو دواش پێویست ناكات ئۆپەراسیۆنی دیكە ئەنجام بدرێ، ئەم مەسەلەیە بە ئەنجامدانی چاوپێكەوتن لەگەڵ بارزانی كۆتایی پێ بێنن و چارەسەری بكەن،.
4- بارزانی بە گوێرەی دەستووری عێراق كەسێكی خاوەن قسەیە، مەسەلەی كەركووك و موسڵیش لەگەڵ بارزانی تاوتوێ بكەن و چارەسەری بكەن.
بێجگە لە مەسەلەی پەكەكە و هەرێمی كوردستان دیك چینی لەو سەردانەیدا بۆ ئەنقەرە مەسەلەی ئێران و ئەفغانستان و وزەشی لەگەڵدا باسكردن، چینی لە مەسەلەی ئێراندا داوای پشتگیری لە توركیا كرد و پێی گوتن هەموو وڵاتەكان گەمارۆی ئابووری لەسەر ئێران ئەنجام دەدەن، بەڵام توركیا گرێبەست دەربارەی وەزە لەگەڵ ئەو وڵاتەدا ئەنجام دەدات كە ئەمەیش جێی نیگەرانی ئەمەریكایە.
جێی وەبیر هێنانەوەیە دەبوایە دیك چینی لە كاتی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەكەی توركیا بۆ سەرخاكی هەرێمی كوردستان كە بە چرای سەوزی خودی ئەمەریكا ئەنجام درا، سەردانی ئەنقەرەی بكردایە، بەڵام بەهۆی جوڵانەوەی سوپای توركیا بە پێچەوانەی ئەو مەرجانەی كە ئەمەریكا بۆی دانابوو، وەك ماوەی ئۆپەراسیۆنەكە و زیان نەگەیاندن بە هاووڵاتیانی كوردستان و ژێر خانەكەی وەك تێبینیەك سەردانەكەی ئەنجام نەداو لەسەر كشانەوە بە پەلەكەی توركیاش لەگەڵ سەرۆك بوش و وەزیری بەرگری گێتس هاوڕابوو.
هەر وەكو گوتمان ئەمەریكا دەیەوێ هاوسەنگیەكی لە نێوان توركیا و هەرێمی كوردستان دروست بكات چونكە هەردووكیان لە چارەسەركردنی كێشەی ئەمەریكا لە ئێران و عێراق گرنگن.
cnn turk دەقی ئەو چاوپێكەوتنەی بڵاوكردۆتەوە كە دیك چینی لەگەڵ رۆژنامەنووسانی ئیسرائیل ئەنجامی دابوو، چینی لەو چاوپێكەوتنەدا لە جیاتی باكووری عێراق وشەی كوردستانی بەكارهێنا و سەبارەت بە سەردانەكەی هەولێریش گوتی: دەرفەتێك بۆ من دروست بوو كە چوومە كوردستان ئەمەش یەكەم سەردانم بوو بۆ ئەو هەرێمە، كاتەكەم لەگەڵ سەرۆك بارزانی بردە سەر، دەرفەتێكی باش بوو كە بینیم لەو ناوچەیە لە شەڕی كەنداوەوە تا ئێستا ئەو ناوچەیە چ پێشكەوتنێكی بەخۆیەوە بینیووە، ئەوەم بۆ دەركەوت كە كورد لە رووی ئابوورییەوە سەركەوتنێكی بەرچاوی بەدەست هێناوە، ئەمەشم بە چاوی خۆم بینی.
ئەوەی زۆر سەرنجی راكێشام ئەو راپۆرتە بوو كە بە پشتگیری حكومەتی ئەردۆگانەوە ئامادەكراوە، بەتایبەتی پاش سەردانەكەی دیك چینی بۆ ئەنقەرە، ئەو راپۆرتە ئاماژە بەوە دەكات كە ئەنقەرە پێویستە پەیوەندییەكی باش لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستاندا ببەستێت.
محەمەد عەلی بیراند وتارێكیدا كە لە رۆژنامەی(میللەت) و لە ژێر ناونیشانی(ئۆپەراسیۆنەكە كێ قازانجی لێكرد و كێ لە زەرەر) دەنووسێ و دەڵێ:
مەسەلەی پەكەكە تەنیا بە هەماهەنگی لەگەڵ دەسەڵاتی كورد چارەسەر دەكرێ و بەبێ بارزانی ئەو مەسەلەیە نایەتە چارەسەركردن، بارزانی دەیەوێ كێشەی كورد لە توركیا لە مەسەلەی پەكەكە جیا بكرێتەوە كە ئەمەیش تا رادەیەكی زۆر راستە.
لە راستیدا پاش سەردانەكەی دیك چینی بۆ ئەنقەرە نەك هەر هەست بە گۆڕانكارییەك لە وتاری سیاسی توركیا دەكرێ، بەڵكو لە وتاری میدیاكانیشدا، ئەردۆگان لە دیدارێكیدا لەگەڵ تەلەفزیۆن Atvی توركی دەربارەی پەیوەندی ئایندەی توركیا لەگەڵ سەرۆك بارزانی دا گوتی: ئەگەر بێینە سەر مەسەلەی پەیوەندی لەگەڵ بارزانی دا پێویستە بەهەر جۆرێك ئەو پەیوەندییە لەگەڵیدا هەبێت، نەبوونی ئەو پەیوەندییە لە بەرژەوەندی ئێمەدا نییە، راستە بارودۆخەكە ئاڵۆزی تیاكەوتووە، بەڵام هەبوونی پەیوەندی بە قازانجە.
Top