پاش ئۆپەراسیۆنە بێ ئەنجامەكەی،

پاش ئۆپەراسیۆنە بێ ئەنجامەكەی،
دوای ئۆپەراسیۆنە سەربازییە بێ ئەنجامەكەی توركیا، لایەنی سەربازیی و سیاسی توركیا گۆڕانێكی بەرچاوی بەخۆوە بینی، پێش ئەو هێرشەی سوپای توركیا بۆ سەرخاكی هەرێمی كوردستان هەر یەكە لە پارتەكانی گەلی كۆماری و بزوتنەوەی نەتەوەپەرست لەگەڵ سوپای توركیا دژی پارتی داد و گەشەپێدان بوون، بەڵام دوای ئۆپەراسیۆنەكە پەیوەندییەكان پێچەوانە بوونەوە، واتە ئێستا پارتی داد و گەشەپێدان وسوپا لە یەك سەنگەرن و پارتی گەلی كۆماری و بزوتنەوەی نەتەوەپەرستیش لە سەنگەرێكی ترن و ئەو دوو پارتەش رەخنە لە حكومەت و سوپا دەگرن و دەڵێن بۆچی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكە وا زوو كۆتایی پێ هات و ئاماژەش بەوە دەكەن توركیا لەبەر هۆشداری ئەمەریكا كۆتایی بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكەی بۆ سەرخاكی هەرێمی كوردستان هێنا و داواشیان لە پەرلەمانی توركیا كردووە كە بۆ ساغكردنەوەی ئەو مەسەلەیە و تاوتوێكردنی ئەو هۆكارانەی كە بوونەتە هۆی كشانەوەی هێزەكانی توركیا دانیشتنێكی بەپەلە ئەنجام بدرێ هەندێ لە میدیاكانی توركیاش بە پێچەوانەی پارتی داد و گەشەپێدان و سوپا لاگیری ئەم هەڵوێستەی پارتی گەلی كۆماری و بزوتنەوەی نەتەوەپەرست دەكەن و دەڵێن هەتا سەرۆك كۆمار و سەرۆك وەزیران لە سەرەتا ئاگاداری ئەو كشانەوەیە نەبوون بە گرۆڤەی ئەوەی رەجەب تەیب ئەردۆگان لەدواساتدا لێدوانێكی خۆی كە بۆ بڵاوكردنەوە دابویە میدیاكان بە لێدوانێكی دیكەی گۆڕیەوە، هەر ئەو میدیانە پێیان وایە كە تەنیا كەس بە سەركەوتوویی لەو ئۆپەراسیۆنە دەرچوو خودی بارزانی بوو.
رۆژنامەنووسی ناوداری توركیا پرۆفیسۆر د. یاڵچن كوچك دەربارەی ئەنجامی ئۆپەراسیۆنەكە بۆ سایتی ئۆدا تیڤی توركی رایگەیاند: لەم ئۆپەراسیۆنە زەمینەی توركیادا تەنیا بارزانی سەركەوتنی وەدەست هێنا.
یەشار بیوك ئانت-ی فەرماندەی سوپای توركیاش لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا دووبارە هەرێمی كوردستانی بەوە تۆمەتبار كرد كە پەیوەندی لەگەڵ پەكەكەدا هەیە و دەربارەی ئەو مەسەلەیە گوتی: دەسەڵاتی هەرێمی كوردستان رۆژنامەنووسانی كۆكردۆتەوە و بردویانەتە ئەو ناوچانەی كە ئۆپەراسیۆنەكەی لێ ئەنجام دراوە، ئەوانەی دەیانگوت كە ئەو ناوچانە لە ژێر كۆنترۆڵی ئێمەدا نین چۆن توانیان ئەو رۆژنامەنووسانە ببەنە ئەوێ و ئەمنیەتیان بپارێزن؟ هوشیار زێباری وەزیری دەرەوەی عێراق پێش هەموو كەسێك زانی ئۆپەراسیۆنەكە كۆتایی پێ دێت، باشە ئەو زانیارییەی لە كوێ بەدەست گەیشت و كێ پێی راگەیاند؟ ئایا ئەمانە ئەوە ناگەیەنن كە پەیوەندییەكی ئۆرگانیكی لە نێوان پەكەكە و دەسەڵاتی هەرێمی كوردستاندا هەیە؟
فەرماندەی سوپای توركیا لە دیدارێكی تردا لەگەڵ نوێنەرانی دەزگاكانی راگەیاندنی ئەنقەرەش، وێرای روونكردنەوەی وردەكارییەكانی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكەی توركیا بۆ سەرخاكی هەرێمی كوردستان، دەربارەی ئەو هۆكارانە دوا كە بوونە هۆی وەرگرتنی بڕیاری كشانەوە و گوتی: ئەو ئۆپەراسیۆنە لەبەر كاریگەری ئەمەریكا كۆتایی پێ نەهات، ئامانجمان تەنیا ناوچەی زاب بوو، پاش هێنانەدی ئامانجەكە هێزەكانی خۆمان كشاندەوە.
بیوكانت دەربارەی ئەو پرسیارەی ئایا بۆچی توركیا هیچ هێزێكی لەو ناوچەیە نەهێشتەوە؟ گوتی: ئەوانەی ئەو قسانە دەكەن نازانن مەرجی مانەوەی هێز لەو ناوچانەدا چۆن چۆنە، من حەز دەكەم ئەو كەسانەی ئەو قسانە دەكەن،(24)كاتژمێر ببنە میوان لەو ناوچانەدا.
هەر لەو كۆنگرەیەدا یەك لە رۆژنامەنووسان بە فەرماندەی سوپای توركیای راگەیاند كە ئایا ئەو ئۆپەراسیۆنەی سوپا ئەنجامیدا لەناو رای گشتی توركیادا وەك شكست سەیری ناكرێ؟ بەتایبەتی ئەو سوپایە نەیتوانی بە پێشكەوتووترین تەكنۆلۆژیای شەڕ و هاریكاریكردنی ئەمەریكا و ئیسرائیل ئامانجەكانی خۆی بپێكێت؟ لە وەڵامدا فەرماندەی سوپا گوتی: نەخێر شكست نییە و بە دووریشی مەزانە سوپا لە شوێنێكی تری سنوور( حەفتانین یان خواكورك) دەست بە ئۆپەراسیۆنێكی دیكە بكات.
هەروەها ئەو رۆژنامەنووسە بە فەرماندەی سوپای گوتی: دەترسێم دووبارە لەبەر پارە لەو ئیشەش سوپا پاشەكشە بكات؟ وەك ئەوەی كە تانیەل یەلماز لە نووسینێكدا لە(خەبەر جیلەر) نووسیویەتی و دەڵێ: دوای لێدوانەكەی سەرۆك بوش كە دەبێ بە زووترین كات توركیا لە هەرێمی كوردستان بكشێتەوە، بانكی جیهانی2/6ملیار دۆلاری داوەتە توركیا ئیتر دوای ئەوە بە ماوەی چەند كاتژمێرێك توركیا هێزەكانی كێشایەوە، پرسیار ئەوەیە كە ئاخۆ توركیا لەبەر پارە ئەم كارەی كرد یان نا؟
فەرماندەی سوپای توركیا ئەمەی رەتكردەوە و گوتی: ئەو بابەتە هیچ پەیوەندییەكی بە كشانەوەكە نەبوو، من هەر وەكو گوتم هۆكارەكە سەربازیی بوو، ئەمە سەرەڕایی هۆكاری تر، لێتان ناشارمەوە بارزانی زۆر بە جووڵەبوو، مەسەلەكەی زۆر گەورە كردو نامەیەكی بۆ سەرۆك بوش نووسی و لە شەشەمین رۆژی ئۆپەراسیۆنەكەش لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا بە رایان كرۆكەر باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق، بارزانی پێی گوتبوو كە ئەو تۆپبارانەی كە دەكرێت نیگەرانییەكی لەلای خەڵكی ئێمە دروست كردووە و پێشمەرگەش نیگەرانە و دوور نییە هێزی پێشمەرگە و سوپای توركیا لەیەك بدەن و رووبەڕووی شەڕ ببنەوە.
ئەمە ئەمەریكای ترساند كە بە ئێمەیان گوتبوو نابێ رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ پێشمەرگەدا رووبدات.
لە وەڵامی پرسیارێكیشدا كە ئایا سەردانەكەی دیك چینی جێگری سەرۆكی ئەمەریكا بۆ ئەنقەرە كە بڕیاربوو لە سەرەتای مانگی ئاداردا ئەنجام بدرێ و دوایی سەردانەكەی رەتكردەوە پەیوەندی بەو پێشهاتانەوە هەبوو؟
فەرماندەی سوپا گوتی: نەخێر؟
بەڵام رۆژنامەنووسەكە ئاماژەی بە وتارێكی رۆژنامەی(حورییەت) كرد كە گوایە زۆری نەمابوو پەیوەندییەكانی توركیا و ئەمەریكا بە تەواوی تێك بچێت، ئەویشی بە هۆی بەرفراوان بوون و درێژكردنەوەی كاتی ئۆپەراسیۆنەكە، لەلایەك دیك چینی سەردانەكەی خۆی بۆ ئەنقەرە رەتكردەوە، لەلایەكی دیكە زۆری نەمابوو رۆبەرت گێتسیش سەردانەكەی خۆی رەتبكاتەوە، بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی كە لەو دیپلۆماتكارانەی لەگەڵ گێتس سەردانی توركیایان كردبوو، گێتس بیری لەوە كردبۆوە كە ئایا سەردانەكە بكات و بە بەرپرسانی توركیا بڵێ ئەم ئۆپەراسیۆنە بە كۆتا بێنن باشترە یاخود رەتكردنەوەی سەردانەكە پەسندە، دواتر گێتس گەیشتە ئەو باوەڕەی كە سەردانەكە باشترە و پەسەندترە، گوایە پێش هاتنیشی بۆ ئەنقەرە ئەم پەیامەی بە توركیا راگەیاندبوو كە دەبێ ئەم ئۆپەراسیۆنە لە دوو هەفتە زیاتر نەخایەنێت، ئەگەر نا ئەمەریكا دەستبەرداری توركیا دەبێت لە یارمەتیدانی بۆ ئەنجامدانی ئەم ئۆپەراسیۆنە؟
فەرماندەی سوپا گوتی: من ناڵێم ئەوە راست نییە، بەڵام حەز دەكەم ئەوەتان پێ رابگەیەنم كە سیاسەتی ئەمەریكا ئەوە بوو كە ئەم ئۆپەراسیۆنە زۆر درێژە نەكێشێت و لەو چوارچێوەیە بێت كە سوپای توركیا و پێشمەرگە لە یەك نەدەن و هاوسەنگی سیاسی هەرێمی كوردستان تێك نەچێت.
هەر سەبارەت بەسەردانەكەی گێتس بۆ ئەنقەرە، رۆژنامەی(حورییەت) لە ژمارەی رۆژی1/3 وتارێكی یاڵچینی دۆغان بڵاوكردۆتەوە كە تیایدا دەڵێ: گێتس وەزیری بەرگری ئەمەریكا لە سەردانەكەیدا بۆ ئەنقەرە داوای دووشتی گرینگی كرد، یەكێكیان ئەوە بوو كە ئەمەریكا لەو باوەڕەدا نەبوو ئەو ئۆپەراسیۆنە زەمینییەی توركیا بەو ئەندازەیە كاریگەری سلبی لەسەر هەرێمی كوردستان بكات و بەو ئەندازەیە زیان بە ژێرخانی ئەو هەرێمە بگەیەنێت. دیارە ئەم شتە ئەمەریكای ناڕەحەت كرد.
دووەمیش ئەمەریكا داوای لە توركیا كرد سەربازی زیاتر رەوانەی ئەفغانستان بكات، بەڵام توركیا پاش چەند رۆژێك بە سلبی وەڵامی ئەمەریكای دابووەوە و ئەو مەسەلەیەش ئێستا بووەتە جێی مشتومڕی هەردوولا و بۆ ئەو مەبەستەش ماتیو بیریزای یاریدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا بەسەردانێكی نهێنی لە ئەنقەرە دایە.
زۆربەی چاودێرە سیاسییەكان وای دەبینن كە ئەو دوو شتە كێشەیەكی لە نێوان پەیوەندییەكانی ئەو دوو وڵاتە دروست كردووە و ئەو كێشەیەش هەر وەكو كێشەكەی ئاداری 2003یە بەهەر حاڵ ئەمەریكا بە درێژایی ماوەی لەشكركێشییەكەی توركیا بۆ سەر خاكی هەرێمی كوردستان ویستی دوو پەیام بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ بگەیەنێتە هەردوو سەركردایەتی سیاسی و سەربازیی توركیا:
نامەی یەكەم/ پێویستە ئەنقەرە زۆر پشت بە بەردەوامی پاڵپشتی ئەمەریكییەكە نەبەستێ سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكەی، كە ئەمەیش لەلایەن سیاسەتكارانی توركیاوە بە قسە رەتكرایەوە كاتێ گوتیان: وڵاتەكەیان خشتەیەكی كاتی بۆ ئۆپەراسیۆنەكە دانەناوە كە ئەمەیشی بە هەڤڕكییەك لەلایەن واشنتۆنەوە وەرگیرا وای لێكرد گەڤێكی توند ئاراستەی هەردوو سەركردایەتییەكە بكات، بەڵام ئەمجارە لەسەر زمانی خودی سەرۆك بوش كە داوای كرد بە زووترین كات كۆتایی بە ئۆپەراسیۆنەكەی توركیا بهێنرێ.
وا دیارە ئەو گەڤەی سەرۆك بوش كاری كردە سەر سەركردە سەربازیی و سیاسییەكانی توركیا و چەند كاتژمێرێكی پێ نەچوو توركیا بەشێوەیەكی كتوپڕ و چاوەڕواننەكراو بڕیاری كشاندنەوەی هێزەكانیدا.
نامەی دووەم: پێویستە هەڵسوكەوت لەگەڵ ئەو هۆكارە راستەقینانە بكرێ كەوا لە هەندێ تورك بكات هاوسۆزی لەگەڵ هەرێمی كوردستان و كێشەی كورد لە توركیا بنوێنن، ئەویش وەك ئەوەی رۆبەرت گێتس لەسەردانەكەیدا بۆ ئەنقەرە پێی راگەیاندن كە پێویستە ستراتیژییەتێكی گشتگیر پیادە بكەن بۆ چارەسەركردنی كێشەی كورد بەشێوەیەكی كۆتایی، وەك پیادەكردنی دەستپێشخەری سیاسی و ئابووری و تەئكیدیشی لەوە كردەوە كە بە بەزاندنی خاكی هەرێمی كوردستان ئەو كێشەیە بە كۆتا نایەت.
رۆژنامەنووسی تورك ئاڵتنی ئۆیمەن لە نووسینێكدا لە رۆژنامەی(رادیكال) دەنووسێ: ئێستا ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكەی توركیا بۆ سەر هەرێمی كوردستان تەواو بوو، گرنگ ئێستا ئەوەیە لەمەو دوا چی روو دەدات؟ من بەخۆم سێ خواستم هەیە:
1- لایەنەكانی پێوەندار بێنە لای یەك و هەوڵی ئەوە بدەن كە ئیدی سنووری نێوان توركیا و عێراق وەك سنوورێكی مەترسیدار نەبیندرێت و ببێتە سنوورێكی ئاشتی.
2- كەس بەو شێوەیە سەیری ئۆپەراسیۆنەكەی توركیا نەكات كە بۆ چارەسەری كێشەی كورد بووە، بۆ چارەسەری ئەو كێشەیە پێویستە هەنگاوی تر بهاوێژرێ.
3- پێویستە توركیا پەیوەندییەكی راستەوخۆ لەگەڵ دەسەڵاتی هەرێمی كوردستان دروست بكات و كێشەی كورد لە توركیا لە كێشەی تیرۆر جیا بكرێتەوە.
ئەم قسەیەی ئاڵتنی ئۆیمەن زۆر راستە و دەبێ هەردوو لایەنی كوردی و توركی سەر لە نوێ چاو لە بژاردەكانی خۆیان بخشێننەوە، ئەویش لە دیدی بەرژەوەندییە نیشتمانییەكانی خۆیان و ئەقلیمییەكاندا، راستە وڵاتان و كۆمەڵگەكان بە دوای سەرچاوەكانی بەردەوامی ژیان دەگەڕێن و دژی سەرچاوەكانی هەڕەشەن، بەڵام پێویستە توركیای نوێ بۆ ئەوەی بتوانێ زیاتر خۆی لەگەڵ ناوچەكەدا بگونجێنێ و دەستكەوتەكانی پارتی عەدالەت و پەرەپێدان و ئەزموونەكەی بپارێزێ، دەبێ ئەولەویاتی خۆی لەگەڵ فایلی كوردیدا دەست پێ بكات و لە ناوەوە هەندێ هەنگاوی پێویست بهاوێژێ وەك دانانی مافی تەواو بە كوردی خۆی كە گرنگترینیان مافی رۆشنبیری و سیاسییە.
كێشەی كورد كێشەیەكی زۆر بەرفراوانە و تەنیا بە رێگەچارەی سەربازی چارەسەر ناكرێت، ئەگەر بە رێگەی سەربازی چارەسەر بكرابایە، ئەوە دەبوایە بەو ئۆپەراسیۆنە كە(25)مین ئۆپەراسیۆن بوو پەكەكە هەر نەمابایە، بەڵام مایەوە، كەواتە چارەسەری سیاسی تەنیا رێگەیە بۆ هێنانەدی ئاشتیەكی یەكجارەیی و بۆ بەكردەوەكردنی هەنگاوەكانیش توركیا پێویستی بە جەسارەتێكی سیاسی هەیە.
Top