ژینگه و هۆكاره‌كانی پیس بوونی
April 17, 2021
وتار و بیروڕا
باسكردن له ژینگه باس كردنه له ژیان، چونكه هه‌موو زینده‌وه‌ره‌كانی سه‌ر گۆی زه‌وی ژینگه‌یه‌كی تایبه‌ت به خۆیانیان هه‌یه، هه‌روه‌ها هه‌ر كێشه‌یه‌ك له ژینگه‌دا ده‌بێته هۆی دروست بوونی كێشه له ژیانی زینده‌وه‌ره‌كاندا، چونكه په‌یوه‌ندییه‌كی توندوتۆڵ له نێوان ژینگه‌و ژیاندا هه‌یه، بۆ باسكردنی گرنگی ژینگه‌و كاریگه‌رییه‌كانی پیس بوون له‌سه‌ر ته‌ندروستی مرۆڤ.
ژینگه: ناوه‌ندێكی سروشتییه كه‌ھه‌موو ئه‌و شته زینده‌وه‌ر و نازینده‌وه‌رانه ده‌گرێته‌وه كه له ده‌وروبه‌رماندا ھه‌ن و په‌یوه‌ندی ڕاسته‌وخۆ وناڕاسته‌وخۆیان به ژیانی مرۆڤ و زینده‌وه‌ران ھه‌یه
پیسبوونی ژینگه: Environment Pollution)
پیسبوونی ژینگه چه‌ندین پێناسه‌ی جۆراوجۆری له سه‌رده‌می ئێستادا هه‌یه زۆربه‌یان ناسراون له‌وانه:
٭ هه‌موو گۆڕانكارییه‌كی فیزیایی و كیمیایی و بایۆلۆجییه كه سیفه‌ت و پێكهاته‌كانی ئاو و هه‌وا و خاك بگۆڕێت و ببێته هۆی زیانگه‌یاندن به مرۆڤ و بوونه‌وه‌ره‌كانی تر.
٭ گۆڕانی چۆنایه‌تی و چه‌ندایه‌تییه له پێكهاته زیندوو و نازیندووه‌كه‌ی ده‌وروبه‌ره ڕژێم.
٭ دروستبوون و ده‌رهاویشتنی هه‌ر ته‌نێكی نوێ بۆ ده‌وروبه‌ر به هۆی پێشكه‌وتنی پیشه‌سازییه‌وه بۆ سروشت كه گۆڕانكاری له پێكهاته‌ی سروشدا بكات.
٭ هه‌ر گۆڕانكارییه‌كه له ژینگه‌دا ببێته هۆی زیان پێگه‌یاندنی ڕاسته‌وخۆ یان ناڕاسته‌وخۆی بوونه‌وه‌ران.
٭ زیادبوون یان كه‌مبوونی هه‌ریه‌ك له پێكهاته سروشتییه‌كانه كه ببێته هۆی زیان گه‌یاندن به زینده‌وه‌ران و چوارده‌وریان و گۆڕانكاری له سروشت و كاری ڕۆژانه‌یان بكات.
٭ بریتییه له ڕوودانی گۆڕانكاری له ژینگه‌ی گیانداران به ھۆی سروشت و چالاكی ڕۆژانه‌ی مرۆڤه‌وه كه ده‌بێته ھۆی ده‌ركه‌وتنی چه‌ند ماده‌یه‌ك كه ناگونجێ له‌گه‌ڵ ئه‌و شوێنه‌ی كه گیانداره‌كه‌ی تێدا ده‌ژی و لاسه‌نگی ده‌كات.
مانای پیسبوون به پێی یاسای نێوده‌وڵه‌تیی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانی ساڵی ۱۹۷٤ كه پێناسه‌ی پیسبوونی ژینگه ده‌كات به‌وه‌ی كه بریتییه له‌و چالاكییه‌ی مرۆڤ كه ده‌بێته هۆی پیسبوونی زیادبوونی وزه‌ی نوێی بۆ ژینگه، ئه‌م زیادبوونی وه‌زه‌یه‌ش ژیانی مرۆڤ و ته‌ندروستی و خۆشگوزه‌رانی و سه‌رچاوه‌كانی سروشت تووشی مه‌ترسی ده‌كاته‌وه جا ئه‌گه‌ر به شێوه‌یه‌كی ڕاسته‌وخۆ یان ناڕاسته‌وخۆ بێت.
پیسبوونی سروشتی ده‌ستكاری بریتییه له‌و گۆڕانكارییه‌ی كه له ژینگه‌دا به ھۆی چه‌ند ڕووداوێكی سروشتییه‌وه ڕووده‌دات، وه‌ك (باران، سووتان، بوركان، لافاو، بومه‌له‌رزه، تۆز‌و خۆڵ...). ئه‌م گۆڕانكارییه سروشتییانه چه‌ن كێشه‌یه‌كی لێ ده‌كه‌وێته‌وه وه‌ك:
ده‌ركه‌وتنی ڕێژه‌یه‌كی زۆر له گه‌رده زیان به‌خشه‌كان له ھه‌وادا، وه‌كو ده‌نكۆڵه‌كانی تۆز و خۆڵ، دووكه‌ڵی سووتانی دارستانه‌كان و ته‌قینه‌وه بوركانییه‌كان.
ماده ھه‌ڵواسراوه‌كانی ناو ئاو، وردیله‌ی تۆز و خۆڵ و چه‌ندین ھۆكاری تر كه زیان به سه‌رچاوه‌ی ماسی ده‌گه‌یه‌نێت.
گۆرانكارییه‌كان له ئاوی سازگاردا و گۆڕینیان بۆ ئاوی سوێر. راماڵینی چینی سه‌ره‌وه‌ی زه‌وی.
دروستبونی چه‌ندین گازی ژه‌ھراوی به‌ھۆی ته‌قینه‌وه‌ی بوركانه‌كان وه‌كو گازی میسان به‌ھۆی كانیه كانزاییه‌كانه‌وه.
ده‌ركه‌وتنی ھایدرۆكاربۆنه‌كان (نه‌وت) له‌گه‌ڵ مادده خاوه‌كان له ئه‌نجامی زه‌مین له‌رزه.
سووتانی دارستانه‌كان به‌ھۆی ھه‌وره‌بروسكه‌وه.
_ پیسبوونی ناسروشتی ده‌ستكاری:
بریتییه له ھه‌ر گۆڕانكارییه‌ك له ژینگه‌دا كه له ئه‌نجامی چالاكیه‌كانی مرۆڤه‌وه رووده‌دات به‌ھۆی كشتوكاڵ، دروستكردنی بینا، پیشه‌سازی زۆری تر وه‌كو پاشه‌ڕۆكانی ئاو، قڕكه‌ره‌كان له كشتوكاڵدا پێویستی وزه وه‌كو له گواستنه‌وه و به‌رھه‌مھێناندا، پاككه‌ره‌وه‌كان وه‌كو (توێنه‌ره‌وه‌كان، ترشه‌كان، لاستیك، پلاستیك، كانزا قورسه‌كان) كه ئه‌مانه شی نابنه‌وه ته‌نھا مه‌گه‌ر به كرداری دووباره گه‌ڕانه‌وه نه‌بێت. وه‌ك پاشه‌ڕۆ پیشه‌سازییه‌كان، پاشه‌ڕۆی بیناسازی، پاشه‌ڕۆی ماڵان.
چاره‌سه‌ركردنی له‌ڕێگه‌ی چه‌ند خاڵێك
* به‌كارهێنانی شته‌كان به‌هاوسه‌نگی به‌پێی پێویستی و دوركه‌وتنه‌وه له‌چروكی و خۆپاراستن له به‌زیاده سه‌رفكردنی .
* ئاوه‌دان كردنه‌وه و چاكسازی و چاككردنی سه‌رزه‌وی .
* نه‌هێشتنی خراپه‌كاری و گه‌نده‌ڵی له‌سه‌ر زه‌وی .
* دانانی سزا بۆ سه‌رپێچیكاران ئه‌وانه‌ی ژینگه پیس ده‌كه‌ن به‌پێی یاسا.
* گرنگی چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و پیس بوونانه و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی بۆ شێوه سروشتیه‌كه‌ی خۆی .
له كۆتایدا ده‌ڵێین كه پیسبوونی ژینگه له‌م سه‌رده‌مه‌دا بۆته یه‌كێك له مه‌ترسییه هه‌ره گه‌وره‌كان بۆ سه‌ر ته‌واوی ژیانی مرۆڤایه‌تی و گۆی زه‌وی و شارستانیه‌ته پێشكه‌وتووه‌كه‌ی،بۆیه ئه‌ركی هه‌موانه هه‌ریه‌كه به ئاست و قه‌واره‌ی به‌شداری و كاریگه‌ری خۆی له وڵاتان و حكومه‌ته‌كان هاوكاری یه‌كتر بكه‌ن بۆ ڕووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی ئه‌و مه‌ترسییه له پێناو پاراستنی توخمی مرۆڤ و مرۆڤایه‌تی و ئه‌م شارستانێتییه به‌رز و پێشكه‌وتووه‌ی كه به‌رهه‌می ڕه‌نج و ماندوو بوون و پلان و بیری وردی ده‌یان هه‌زار ساڵه‌یه‌تی، ڕاسته پیشه‌سازی و ئاوه‌دانكردنه‌وه و خۆشگوزه‌رانی و داهێنانه‌كان پێویستن به‌ڵام له‌وانه پێویستر بوون و به‌رده‌وامبوون و پاراستنی ژینگه‌یه‌كی پاك‌و خاوێنه بۆ هه‌موان، چونكه ژینگه دایكی هه‌موان و گه‌ر دایك نه‌خۆشبێت یان بمرێت ئه‌وا به‌دڵنیایی هه‌مووان به‌ره‌و پوكانه‌وه و له‌ناوچوون ده‌چن.
•بۆیه له هه‌رێمی كوردستانیشدا پێویسته ڕه‌چاوی ئه‌م دیارده زیانبه‌خشه بكرێت و حكومه‌ت و داموده‌زگاكان و ڕێكخراوه مه‌ده‌نییه‌كان و تاك و كۆمه‌ڵگاش به‌گشتی هاریكاری یه‌كتر بكه‌ن، بۆ پاكڕاگرتنی ژینگه‌ی كوردستان به كه‌مكردنه‌وه‌ی ئاستی گازه ژه‌هراویه‌كان و كاركردن به پێوه‌ره جیهانیه‌كان له‌كاتی دانان و دامه‌زراندنی كارگه پیشه‌سازیه‌كان و زیادكردنی ڕووبه‌ری سه‌وزایی و فڕێنه‌دانی پاشه‌ڕۆ مرۆیی و پیشه‌سازی و كشتوكاڵییه‌كان بۆ ناو هه‌وا و ئاوی شیرین و خاكی كوردستان. گه‌ر ئه‌م هه‌نگاوانه هه‌ڵنه‌نێین ئه‌وا له ماوه‌یه‌كی كورتدا ئه‌و ژینگه پاكوخاوێنه‌ی كه ئێستا هه‌مانه به‌ره‌و پوكانه‌وه و بچووكبوونه‌وه و پیسبوون ده‌چێت و ئه‌نجامیش ده‌یه‌ها نه‌خۆشی كوشنده بڵاوده‌بێته‌وه و هه‌موانیش زیانمان پێده‌گات و مه‌ترسیه‌كانیش بۆ سه‌ر هه‌موانه به‌بێ جیاوازی.
له‌وانه‌یه كۆمه‌ڵێك بڵێن ''ئێمه له ئێستادا كێشه‌ی مووچه‌مان هه‌یه،تۆش باسی ژینگه‌و ئاو و كاره‌با ده‌كه‌یت!؟''...
ڕاسته كێشه‌ی سه‌ره‌تاییمان هه‌یه، به‌ڵام بۆ به‌رده‌وامی ژیان ده‌بێت پلانی گونجاو بۆ داهاتوو دابنێین.
ئه‌گه‌ر بێت و ئێمه گوێمان نه‌دایه هیچ كام له‌م كێشانه، ئه‌وا له داهاتوودا تووشی مه‌ترسی له‌ناوچوون ده‌بین!. كه‌واته با ئێمه له ئێستاوه خۆمان بۆ ئه‌م مه‌ترسییه ئاماده بكه‌ین و داهاتوومان بپارێزین.
له كۆتاییدا ده‌مه‌وێت ئه‌وه بڵێم كه ''ئه‌وه‌ی پلان بۆ داهاتوو دانه‌نێت، له هیچ هاوكێشه‌یه‌كی داهاتوودا بوونی نابێت''.