قەوارەی هەرێمی كوردستان پێگەیەكی بەهێز..
March 27, 2021
وتار و بیروڕا
هەرێمی كوردستان ، بە پێی پێگە و ئەو جوگرافیایەی كە تێیدا بوونی هەیە، خاوەن تایبەت مەندی و مێژووییەكی دێرین و شوناسێكی تایبەت بەخۆیەتی ، بەو پێیەی خاكی نەتەوە وگەلێكی تر نەبووە تا دەستی بەسەرداگیرا بێت یانیش شوناس و زمان ونەتەوەیەكی تر بۆ خۆی نەبردووە، بەڵكو خاك وجوگرافیایی كوردستان دوو لە ویستی خۆی و دەیان ساڵە داگیرودابەشكراوە ، گەلە رٍەسەنەكەشی لە پێناو پارستنی شوناس و گەڕاندنەوەی خاكی داگیركراویی دەیان ساڵە و خەبات و قوربانی زۆری بۆ دەبەخشن .
ئەمەو بێجگەلەوەی خاكی كوردستان هەردەم ، شوێنی حەوانەوەی پێكهاتەوە ئایین زانكان و شوێنكی ئاڕام و سەقامگیر بووە بۆ هەمووان و هەروەها نكۆڵی لەو راستییەش ناكرێت كە، هەرێمی كوردستان جیاواز لە ناوچەكانی تر و بەتایبەت عێراق كە دەیان ساڵە دوور لە ویستی خۆی خاك و نیشتیمانەكەی پێكەوە لكێنراوە ، شوێنی پر تەناهی و متمانەیە هەم لە رووی سیاسی و دیپلۆماسی و هەمیش لە رووی گەشەسەندنی ئابووری و بەرهەمهێنان ، نموونەی هەرە بەرچاویش لە خۆ گرتنی هەزاران ئاوارە و پەنابەر بە هۆی شەرٍو ناكۆكییەكانی دەوروبەری و میلیشا و تیرۆریستان روویان لە هەرێمی كوردستان كرد و گەلی كورد باوەشی گەرمی بۆیان كردەوە .
بۆیە، بینیمان كاتێك تیرۆریستانی داعش و میلیشاكان ویستیان هەرێمی كوردستانیش بە مووشەكبارانكردن و پەڵاماردانی تیرۆریستی و كاری تێكدەرانەی تر بە ناو و پاساویی جۆراجۆر ئەوا كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هاتە سەر هێڵ و پەیامی ڕاشكاوانەیان گەیاندە كە هەرێمی كوردستان هێڵی سوورە و رێگە نادرێت ببێتە مەیدانی مڵمڵانێی ناخۆیی و ناوچەیی و نێودەوڵەتییەكان .
ئەگەر چی لەماوەی رابردوو ، بە پاساویی بوونی هێزەكانی ئەمەریكا وهاوپەیمانان چەند جارێك هەولێری پایتەختی كوردستان مووشەكباران كرا، میلیشاكانی ئێران ئەو كارەیان ئەنجامدا ، بەڵام وەڵامدانەوەی توندی ئەمەریكا و هاوپەیمانان و ئینجا سەردانی پاپای ڤاتیكان بۆ هەولێری پایتەختی كوردستان و گەیاندنی پەیامی ئاشتی و پشتیوانیكردنی هەرێمی كوردستان ئاماژەیەكی روونی گرنگیدان و بایەخی هەرێمی كوردستان لە رووی سیاسی و دیپلۆماسییەوە . هەروەها وەڵامدانەوەی ئەمەریكاو هاوپەیمانان دوای مووشەكبارانكردنی هەولێر ، ئەو راستیمان پێدەڵێن كە ، رێگە نادەن هەرێمی كوردستان هیچ كاتێك هاوشێوەی بەغدا و شارەكانی تر ناسەقامگیر بن .
لەلایەكی تریشەوە، بۆ ناحەزانی هەرێمی كوردستان دەركەوت ، كە ئەوانەی پێیان وابوو كە دوای پیلانگێری 16ی ئۆكتۆبەر ، چیتر هەرێمی كوردستان ، جێگەی گرنگی و بایەخی نێودەوڵەتیی نییە ، ئەوا هەموو بۆچوونەكان پێچەوانە بوونەوە ، پشتیوانیكردنی ئەمەریكاو هاوپەیمان و ئینجا سەردانی پاپای ڤاتیكان و گەورە بەرپرسانی وڵاتانی زڵهێز و ئەوروپایی ئاماژەیەكی روون وئاشكران بۆ بایەخ و سەنگی كوردستان لە ناوچەكە دا .
ئەمڕۆ هەرێمی كوردستان و سەركردایەتیی حەكیمانەی كوردستان ، سەڵمێنەری ئەو رٍاستییەن كە ، ئەوا لە رێگەی گرتنەبەری سیاسەت ودیپلۆماسی و مامەڵەكردنێكی ژیرانە ، ئەوا بەرگری لە دەستكەوتەكان دەكەن و لە نێومڵمڵانێیەكانیش هاوسەنگی دەپارێزن ، ئەوەش وایكردووە كە باشترین و سەقامگیرترین و ئارامترین جێگرەوەی ئەمریكا لە شوێنی بەغدای پایتەختی عێراق ئەوا هەولێری پایتەختی كوردستان بێت بەكردەوەش ئەوە سەڵمێنراوە كە قەوارەی هەرێمی كوردستان هێڵی سوورە .