(مەلا مستەفا بارزانی)

(مەلا مستەفا بارزانی)

ئەمە ناوی تەواوی ئەو کەسەیە، کە زۆر بەکەمی نەبی ناخەوێ، چاڵاکی و هەڵسوڕانی ئەو، شەو و ڕۆژ سارد نابێتەوە.
بێ ڕاوەستان پێشوازی لە کادیرە عەسکەرییەکان و کادرە حیزببیەکان و (خۆشەویستان)و ئەندامانی مەکتەبی تەنفیزی و سادەترین پیاوانی پێشمەرگە دەکا، هەروەك چۆن یەك بەیەك پێشوازی لە پیاو ماقوڵان و گەوره پیاوانی میللەت دەکات. ئەو دەیەوێ گرینگی بەهەموو شتێك بداو ئاگاداری هەموو ڕووداوێك بێ. شەوانە چاوەڕێی هاتنی کوڕەکەی (ئیدریس)دەکات، کەوا ڕاپۆرت دەربارەی چاڵاکییەکانی پیشکەش بکاو، فەرمانی لێ وەربگرێ. هەموو ئەو گوتوبێژانەی کە بەڕێوەی دەبا و ئەو کۆنگرانەی کە دەیانبەستێ، بەسادەکاری و بەدەر لە (ڕووکەش کاری) بەڕێوە دەچن. جێگای دانیشتنی ئەو هەمیشە یان زەوی ڕووتە یان بە ڕایەخ داخراوە. تاکە دیمەنی خۆشگوزەرانی پیاڵەی چایە. ئەگەر گۆڕانکارییەك بەسەر ئەو دیمەنەدا بێت، ئەوە گوللەتۆپ و بۆمبای فڕۆکەکانە کە عەزفێکی مۆسیقای ئورکسترایی دەخاتە ناو دانیشتنەکانەوە.
(مەلا مستەفا بارزانی) چوار مەشقی لەسەر زەوی دادەنیشێ و قەدی ئەو لەو پەڕی ڕاستی و ڕێك و قیت ڕادەوەستێ و گوێ ڕادەگرێ و تێ دەگا و به سیمایەکی گران و سەنگینەوە، لە بیرکردنەوەدا نقوم دەبێ بێ ئەوەی ماسولکەیەك لە ڕوخساریدا گرژبێت. ئەو بەهێواشی یەك بەدوای یەك مژی کورت لە جگەرەکەی دەدات. پاشان ڕای خۆی دەردەبڕێ و بەدەگمەنیش وایە ڕەخنە ئاراستەی کەسێك بکاو هەرگیز دەنگی خۆی بەرز ناکاتەوە.

دوای ئەوەی گەیشتمه کوردستان ئاگادار کرامەوە کە (سەرکردە) ئارەزووی بینینم دەکات. ئەمەش ئاواتی گەورەی من بوو.

وەسفێکی کورتی نووسەری فەڕەنسی (ڕێنیە موریس) بۆ (بارزانی نەمر) لە کتێبی ( کتێبی کوردستان یان نەمان)
Top