پاراستنی زمان ئەركێكی نەتەوەییە

پاراستنی زمان ئەركێكی نەتەوەییە

ماوەیەكی زۆرە گلەیی لە كەناڵەكانی ڕاگەیاندن (بیستراو، خوێنراو، بینراو) دەكرێت، سەبارەت بە دەستكاریكردنی وشەو زاراوەكانی زمانی كوردی، جا چ بە میزاج بێت، یان گوایە هەوڵێكە دەچێتە خانەی داهێنان و دۆزینەوەی وشەی تازەوەو زمانەكەمان دەوڵەمەند دەكات، دیارە زمانی كوردی لە هەندێ بواردا پێویستی بە زاراوەو وشەی تازە هەیە، بەتایبەتیش لە سیاسەت و زانست و فەلسەفەو ئابووری و هەندێ لایەنی كۆمەڵایەتی، بەڵام ئەوەندەش پەست دەبم و موچركە بە جەستەمدا دێت كاتێ دەبینم هەندێ كەس، یان كەناڵ و میدیاكانی ڕاگەیاندن وشەو زاراوەی سەیروسەمەرە بەكاردێنن و بەزۆر دەیانەوێت ئەم وشەو زاراوانە بسەپێنن، لە دوای ڕاپەڕینەوە جۆرە كرانەوەیەك لە مامەڵەكردن و پەیوەندیمان لەگەڵ گەلان و وڵاتانی جیهان هاتۆتە ئاراوە، بە ڕێگەی سەفەرو تێكەڵی و گەشتیاری و سەردانی شاندو ڕێكخراوو كەسایەتییەكان و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و سۆشیال میدیاوە، هەروەها كردنەوەی قوتابخانەو پەیمانگەو كۆلیژەكانی زمانانی بیانی لە هەرێمی كوردستان، تا ڕادەیەكی باش شارەزای كلتووری ئەو گەل و وڵاتانە بووین، تەنانەت زۆرمان فێری زمانەكانیشیان بووینە، دێمەوە سەر ناوەرۆكی ئەم بابەتە، بەداخەوە هەندێك لەو كەناڵانەی ڕاگەیاندن سەریان لە بینەر و بیستەرو خوێنەر شێواندووە.. ئەویش بە بەكارهێنانی وشەی بیانی كە ئەوان بە جۆرێك لە پێشكەوتنی خۆیان و كەناڵەكانیان دەزانن! ڕاستە كاتێ تۆ لە زمانی كوردیدا وشەی گونجاوت بەرانبەر چەند زاراوەیەك نییە دەتوانیت لەو حاڵەتەدا پەناببەیتە بەر بەكارهێنانیان، بەڵام بەشێوەی گونجاندن نەك وەرگێڕانی سەقەت و بەو شێوەیەی كە ئەوان گۆی دەكەن، لێرەدا چەند نموونەیەك دێنمەوە كە لە هەندێ كەناڵ بەكاردەهێنرێن: (Political Bureau ) كە ئینگلیزییە و بە واتای (مەكتەبی سیاسی) یە، كێ لەنێو كورد ئەگەر ئینگلیزی نەزانێت لەمە دەگات، لەوەتەی حزبەكان درووستبوون هەر گوتراوە مەكتەبی سیاسی، (Economy) واتا (ئابووری) كێ هەیە لە كورد نەزانێت ئابووری چییە، كەواتە بۆچی پەنای بۆ دەبرێت،(mine) كە بەرامبەر (لوغم) بەكاری دەهێنن، جا سەیرەكە لەوەدایە لە قسەكردندا دەڵێن(ماین) ڕاستە بە ئینگلیزی دەبێت بەم شێوەیە گۆبكرێت، بەڵام چەندین ساڵە دوای ڕاپەڕین ئێمە(دەزگای مین) مان هەیە، ڕەنگە بینەرو بیستەری كورد (ماین) بە ئاژەڵەكە تێ بگات (Meeting) لەجیاتی (ديدار، چاوپێكەوتن)،(bulletin) كە بە واتای (نشرة)ی عەرەبییە بۆ بڵاوكراوەیەكی كۆهەواڵ بەكاردەهێنرێت. ئەمەو دەیان وشەو زاراوەی دیكە كە ئەگەر پێویست نەكات بۆچی بهێنرێنە نێو زمانەكەمانەوە، لەو حاڵەتەشدا بە شێوەی نزیككردنەوە لە واتا یان لەكاتی نەبوونی بەرانبەر.. من بەش بە حاڵی خۆم وەك هەموو تاكێكی ئەم میللەتە ڕەسەنە شانازی بەوە دەكەم كە زمانی شیرینی كوردی بۆتە بەشێك لە ناسنامەی نەتەوەییم و ئاواتەخوازم بەردەوام ئەو زمانە سیماو تایبەتمەندی و ڕەسەنایەتیی خۆی بپارێزێت، دڵخۆشیش دەبم كاتێك كەسێكی دڵسۆز هەوڵی پێشخستن و پەرەپێدانی زمانی كوردی دەدات چ بە پاككردنەوەی لە هەندێ هەڵە، یان بە تەتەڵەكردن و داهێنان و موتوربەكردنی بە وشەو زاراوەی گونجاو.. بۆیە پارێزگاریكردن لە زمان بەشێكە لە خەبات و داكۆكیكردن لە ڕەسەنایەتی و مانەوەی نەتەوەو ڕووبەڕووبوونەوەی هەموو ئاستەنگ و تەحەددیی دوژمنان.
Top