((خۆپیشاندان و خۆ کردن بەنوێنەری شەقام بەرپرسیارێتییەکی ئەخلاقی گەورەیە))

((خۆپیشاندان و خۆ کردن بەنوێنەری شەقام بەرپرسیارێتییەکی ئەخلاقی گەورەیە))

ھۆکارەکانی رووداوەکانی ئێستا دەمێکە ئاشکران و ھەر لە زووشەوە پێشبینی تەقینەوەی بەئاراستەی سیاسی وھۆکاری جیاوازی بۆ دەکرا، ناکرێ لەئاست بێویژدانی و چەواشەکارییەکان بێدەنگ بین لەوەی ئێستا دەگوزەرێ، لەم ڕۆژگارە خۆپیشاندان ورێپێوان مافێکە لە جاڕنامەی نێودەوڵەتی بۆ مافەکانی مرۆڤ وەک مافێکی سیاسی دانی پێدانراوەو بەشێکە لە مافی (ئازادی رادەربڕین)، وبەشێکە لە مافی (بەشداری سیاسی).
ئەم شێوازە بریتییە لە جۆرێک لە جۆرەکانی رەفتاری کۆمەڵایەتی دەستەجەمعی، لە میانەیەوە کۆمەڵێک خەڵک گوزارشت لە ھەڵوێستی کۆمەڵایەتی یان سیاسی یا کەلتووری ھتد، خۆیان دەکەن، ئەمە وا دەکات خۆپیشاندان ببێتە کەناڵێک کە خەڵک لێیەوە گوزارشت لە بیروڕای خۆیان لەسەر پرسێک یان کێشەیەک لە کێشەکان بکەن، زۆرجار ھاوڵاتیان کاتێک کە ھیچ دەرفەتێک یان کەناڵێکی فەرمی دیکەیان بۆ نەمابێتەوە لە گوزارشتکردن، ئیدی پەنا دەبەنە بەر خۆپیشاندان وھاتنە سەر شەقامەکان.
خۆپیشاندان مافی ھاووڵاتیانە و بە شێوازی جۆراوجۆر و بۆ پشتیوانی، یان بە دژ،‌ بیر و ڕاکانیان بە گوێی دەسەڵاتداران ڕادەگەیەنن. خۆپیشاندان بەشێکی گرنگە لە دیموکراسی، بەڵام ئەم ماف و بەشە گرنگە لە دیموکراسی وەکو بەشەکانی تری ئەم چەمکە،‌ دەبێ بەپێی یاسا ڕێک بخرێت.
خۆپیشاندان بەشێکی جیانەکراوەیە لە سیستەمی دیموکراسی و، مافی ڕەوای ھاووڵاتیانە. دوو لایەنی خۆپیشاندان گەلێک گرنگن، کاتێک کە بە شێوەیەکی ماقووڵ کەڵکی لێ وەربگیرێت. یەکەم: بوونی داخوازی و دووەمیش: خۆڕێکخستن لە بواری دروشم و ھێزی مرۆڤییەوە. ئەمانە خۆپیشاندان دێننە ئاراوە و ئاڕاستەکەی ڕووی لە حکوومەت و دامودەزگەکانی دەکات دوو ئامانجی خۆپیشاندان زۆر ڕوون و بەرچاون؛ یان پیشەیین، یان ئەوەتا سیاسین.
گۆشەنیگایەوە دوو تێڕوانین ھەن .
١. بڕێک لەوانەی خۆپیشاندان دەکەن دەنگی حەقیقی خەڵکن و خۆرسکانە دروست بوون .
٢. بەشێک لەوانەی دێنە سەر جادە لایەنگری حزبێکن کە دەیانەوێت شارێک تێک بدەن.
لێرەوە دەگەینە یەک بڕوا ئەگەر خۆنیشاندا بۆچاک کردنی دۆخی خەڵک بێت ئەوا فەرزە ھەموو کەس بەشداربێت تێیداو دەستی ھەبێت لە ڕاوەدونان و بەدادگا گەیاندنی گەندەڵ و دزو جەردە و تاڵانچییەکانی ئەم نیشتمانە، ئەگەرنا ئەوا خۆنیشاندان وەک خۆنیشاندانەکانی تر بێت ئەوا بانەکرێت.
دەستێوەردانی میلیشیاکانی سەر بە تاران و بەغداد بۆ گۆڕینی بارستایی ھێز لەو ھەرێمە بە واتای کارەساتێکی گەورەیە بۆ گەلی ھەرێمەکە. ھەروەھا مەترسییەکی گەورەیە بۆ ئەمنیەت و پڕۆسەی دیمۆکراتیزاسیۆن. ئاشکرایە کە لەم ‌ھەفتانەی دواییدا، ھێزە ھاوپەیمانەکان و کۆمەڵگای نێۆ نەتەوەیی ڕۆڵی خۆیان بۆ دەستەبەر کردنی دیالۆگ و ئاشتەوایی بۆ گەلی ھەرێمەکە بە جێ نەھێناوە
ئەگەربمانەوێت خۆپیشاندان ئامانجی ھەبێت و گۆڕانکاری بەشوێن خۆیدا بھێنێت، ئەوە دەبێت بەر لەئەنجامدانی ئامانج و ستراتیژی خۆپیشاندان دیاری بکرێت و خۆپیشاندەران وئاگاداربکرێت بەئامانجەکان و ڕێکخراوبکرێن لەدەوری داخوازیەکان و دەسەتەی سەرپەرشتی کردنی خۆپیشاندەران دیاری بکرێت ولەلایەن خۆپیشاندەرانەوە شەرعیەتیان پێی بدرێت. ڕەنگە بتوانێت ئامانجێکی کەم بەدەست بھێنیت و کۆمەڵگا ھەڵفرێنێت بۆ ئامانجە گەورەکە، بەڵام ئەوەی تائێستا ڕوویداوە تەنھا خۆپیشاندانی بێ بەرنامەو بێ ستراتیژ بووە، بۆیە شکستیشی مسۆگەر بووە.
نەبوونی ڕابەرایەتییەکی ڕادیکاڵ و خاوەن ئامانج ھۆکاری سەرنەکەوتنی ناڕەزایەتییەکانە، دەمێکە ئەوەش سەلماوە ریفۆرم و داواکاری ڕیفۆرمخوازازی دەرئەنجامێکی ئەوتۆی نابێت، گەر ھەڵقوڵاوی ناخی خۆپیشاندەران نەبێت.
توێژەران جەخت لەوە دەکەنەوە کە ناو تۆڕەکان بووەتە گۆڕەپانی کاری مەدەنیانە وئامادەسازی بۆ کاری مەدەنیانە یان سازدانی ھەڵمەتێک یان خۆپیشاندانێک یان بایکۆتی کاڵای وڵاتێک یان وەستانەوە دژی دیاردەیەک.
٭ئامانج وھۆکارەکانی خۆپیشاندان ورێپێوان
ھەر خۆپیشاندان ورێپێوانێک ئامانج وھۆکارێکی ھەیە، سیاسی یان کۆمەڵایەتی یان ئابووری، ھتد..، ئەم ھۆکارانە لە سیستمێکەوە بۆ سیتمێکی دیکە جیاوازە ومامەڵەکردنیش لەگەڵ خۆپیشاندەران جیاوازە، لەگەڵ ئەوەشدا لە زۆربەی وڵاتان ولە بەشێکی زۆری سیستمە سیاسییەکاندا، کۆمەڵێ ھۆکاری گشتی وھاوبەش ھەیە کە وا دەکات خەڵکی بێنە سەر شەقامەکان وخۆپیشاندان ورێپێوان بکەن. ھەموو خۆپیشاندان ورێپێوانێک ئامانج ومەبەستێکی دیاریکراوی لە پشتە کە زۆرجار ئەو مەبەست وئامانجە، لە زۆربەی وڵاتاندا ھاوبەشە لەوانە:
– داخوازی وەرگرتنی مافە رەواکانیان، ئەم خاڵە بە گەورەترین ھۆکاری روودانی خۆپیشاندان ورێپێوانەکان دادەنرێت.
– بوونی گەندەڵی وپێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ.
– نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان.
– بەرزبوونەوەی نرخ وزیادکردنی باج لەسەر کاڵا وکەلوپەلەکان.
– خستەڕووی خواست وداوایەک بۆ بەردەم رای گشتی.
– رێگریکردن لە جێبەجێکردنی یاسایەک کە جێبەجێکردنی زەرەری گشتی لێدەکەوێتەوە.



چۆن خۆپیشاندان ورێپێوان سازدکرێن:
بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندان ورێپێوانێک پێویستە چەند ئامادەسازییەک پێشتر کرابن تا کاریگەری زیاتری ھەبێت ولەڕێڕەوی خۆی لانەدات وزۆرترین خەڵک بەشداری تێدا بکات، پێویستە بۆ رێکخستنی خۆپیشاندان ورێپێوانەکان وکاریگەرییەکەی، کۆمەڵێ ھەنگاوی سادە بگیرێتە بەر، لەوانە:
– رێکخستن: رێکخستنی لیژنەکانی سەرپەرشتی وئامادەسازییەکان بۆ خۆپیشاندانەکە.
– بانگەشە: لەڕێگەی تۆڕەکانی پەیوەندییەوە بانگەشەی بۆ بکرێت
– کات: کاتی خۆپیشاندان ورێپێوانەکە دیاریبکرێت.
– شوێن: گرنگە لەڕوی مەیدانییەوە شوێنێک دیاریبکرێت.
– پلانی جێگرەوە: ھەموو خۆپیشاندانێک دەبێت لەپلانێک زیاتری ھەبێت بۆئەوەی کاتێ ئەوشوێنەی دیاریکراوە، لێیان قەدەغەکرا دەبێت شوێنی جێگرەوەیان ھەبێت.
– کۆنترۆڵ: دەبێت لیژنەی سەرپەرشتی بەوردی وبەپلان کۆنترۆڵی خۆپیشاندانەکە بکات، دەستبەجێ ھەموو ئەو کەسانە دوورخرێنەوە کە لە پلانی پێشوەختی خۆپیشاندان ورێپێوانەکە دەردەچن ودەیانەوێت خۆپیشاندان ورێپێوانەکە بە لایەکی دیکەدا بەرن، بۆ نموونە ئەوانەی دەیانەوێت وبەنیازن پێکدا ھەڵپژان لەگەڵ ھێزە ئەمنییەکان دروست بکەن، یان دروشمێک دەڵێنەوە جیاواز لەوەی خۆپیشاندان ورێپێوانەکە لەسەری رێککەوتوون.
– پابەندبوون: دەبێت ھەموو خۆپیشاندانێک پابەندبێت بەو کاتەی کە رایگەیاندووە، چونکە پێشتر ئەوانەی دێن بۆ بەشداری کاتی خۆیان لەسەر ئەو بانگەشەیە رێکخستووە، ناکرێت کات زیاد بکرێت.
– روماڵ: ھەموو کارێک پێویستە زیاتر بگاتە خەڵک، ئەوەش لەڕێگەی میدیاوە دەکرێت، بۆیە پێویستە لیژنەی سەرپەرشتیاری خۆپیشاندان ورێپێوانەکە لەسەریەتی بانگھێشتی سەرجەم کەناڵەکانی راگەیاندن بکات بەمەبەستی رووماڵکردنی چالاکییەکە.
– بەیاننامە: ھەموو خۆپیشاندان ورێپێوانێک دەبێت پەیامێکی ھەبێت ئەویش بریتییە لە بەیاننامەیەکی روون وئاشکرا، بە زمانێکی پوخت وسادە ئامادەکرابێت وتێیدا ئامانج وداواکاری خۆپیشاندان ورێپێوانەکە روونکرابێتەوە.
– پارێزگاری لە موڵکی گشتی نابێت بەھیچ جۆرێک پەلاماری دەزگا وباڵەخانەو فەرمانگە وئامێرەکان بدرێت، ھەروەھا نابێت بەھیچ پاساوێک دەستدرێژی بکرێتە سەر دەزگاکانی دەوڵەت.
Top