ژن قیبلەی ژیانە مەیکوژە

ژن قیبلەی ژیانە مەیکوژە

رۆژی ٢٥\١١ لەساڵی ١٩٩٩ لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە وەک رۆژی نیشتیمانی بۆ رووبەڕووبونەوەی توندوتیژی دژ بەژنان دیاری کراوە، لەھەرێمی کوردستانیش ساڵانە بۆ ماوەی ١٦ رۆژ ھەڵمەتێکی نیشتمانی رادەگەیەنرێت بۆ رووبەڕووبونەوەی توندوتیژی دژ بەژنان،ئەم ھەڵمەتە بەشێکە لە ھەڵمەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی تووندوتیژی دژی ژنان "رەنگی جیھان بۆ ئەمڕۆژە پرتەقاڵییە بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی جنسی دژ بەژنان مێژووییەکی ھەزاران ساڵەی ھەیە" درککردن‌و تێگەیشتنی" مرۆڤ لەئاست ھەموو ئەو توندوتیژی‌و جیاکارییە جنسی ‌و پێشلکردنەی مافی ژنان کە ھەیە ئەستەم نییە، بەڵام ئاسانیش نییە تا تێبگەیت کە خواستی پیاوسالار بۆچی بەو جۆرەیە.
توندوتیژی‌و کوشتن‌و دەستدرێژی ھەموو جۆرەکانی تری ئازاردان کە بەرامبەر ژنان دەکرێت، ڕەھەندێکی مێژوویی ھەیە، ئەم حاڵەتە لەکلتوری داسەپێندراوی پیاوسالارو ئایینەوە سەرچاوەی گرتووە. سەرەڕای ئەوەی ئێستا مرۆڤایەتی قۆناغی زۆری تێپەڕاندوە، ھەر لەڕێزگرتنی مرۆڤ و بەشارستانیکردنی جیھان‌و پێشکەوتن لەھەموو بوارەکاندا، بەڵام لەگەڵ ھەموو ئەوانەشدا نەتوانراوە ڕێگە لەتوندوتیژی بگێرێت‌و دنیایەکی ئارام بۆ مرۆڤەکان لە لایەن رێکخراوەکانەوە بێتە ئاراوە.
وێڕای درێژەدان بەو کلتوورو نەریت‌و عادەتانەی کە کۆمەڵگە پێوەی دەناڵێنێت، کەواتە لەم ڕۆژەدا ژنان ھێندەی پێویستیان بە ھاوکاری وھاندان و پشتیوانی یەکتر ھەیە، ئەوەندە پێویستیان بە ھاریکارییە دەرەکییەکان نییە، ھەر خۆیان شارەزای ئازار و ناڕەحەتی و قورساییەکانی ژیانی خۆیانن و بە پشتیوانی ژنان بۆ یەکتر دەتوانن بەربەستەکان ببەزێنن.
ھەروەک دەوترێت ژن دەبێت ( کابانێکی باش بیت، دایکێکی میھرەبان بێت، ھاوسەرێکی جوان بێت، بووکێکی سالار بێت، خوشکێکی دڵسۆز بێت وکچێکی ژیر بێت) ھەروەھا ئێستا ژنان جگە لە ئەرکی بەخێوکردنی منداڵ و بەڕێوەبردنی ماڵ، شانبەشانی پیاوان لە دامودەزگاکان کار دەکەن.
ئەمە بێجگە لەو ژنانەی کە درێژە بە خوێندنی ئەکادیمی و پێشەیی دەدەن لە پاڵ ھەموو ئەو ئەرکانەی کە لەسەرەوە باسکران، توندوتیژی دیاردەیەکی شاراوە و نادیار نییە بەڵکو جیھانییە و تایبەت بە شوێنێک یان وڵاتێک نییە، بەڵکو بە پێی بەڵگەکان و ھەواڵەکان و راپورتی مافەکانی ژنان و ئەوەی کە خۆمان دیتومانە لەھەر شوێنێک ژن ھەبێت توندوتیژیش ھەیە، جا چ بە شێوەی نھێنی بێت یان چ بە شێوەی ئاشکرا، توندوتیژی سنووری نییە، ژنان چ لە ماڵەوە بن، چ لە دەرەوە بن، چ خوێندوار بن، چ نەخوێندوار و سەرقاڵی کار ی نێو ماڵ بن، چ لە بواری ئابووری دوڵەمەند بن و چ ھەژار و دەست کورت بن، چ جوان بن و چ ناشرین بە شێوەیەک لە شێوەکان و بە جۆرێک لە جۆرەکان لەلایەن پیاوانەوە تووشی توندوتیژی جینسی، دەروونی، کۆمەڵایەتی، جەستەیی و تەنانەت سێکسیش دەبنەوە.

بەپێی ئاماری نەتەوە یەکگرتووەکان لە ھەموو سێ ئافرەتێک لە جیھان، یەکێکیان رووبەڕووی تووندوتیژی و دەستدریژیی سێکسی دەبێتەوە، ٣٥%ـی ئافرەتان رووبەڕووی تووندوتیژی دەروونی یان جەستەیی بوونەتەوە لەلایەن کۆمەڵگەوە، چ لەناو خێزاندا بێت یان لە دەرەوەی خێزانەکان، لە ھەموو دوو دایکێک، یەکێکیان رووبەڕووی جیاکاری دەبێتەوە لە شوێنی کارەکەی، بەھۆی وەرگرتنی مۆڵەتی دایکایەتی.
نەبوونی یاسایەک بۆ سزادانی بکەرانی توندوتیژیش، لەگەڵ ھەموو ئەو ھۆکارانەی باسکران، بەڵام سەرەکیترین ھۆکاری توندوتیژی کە بەرامبەر بەژنان دەکرێت، خودی دەسەڵاتی پاوانخوازی عەقڵیەتی پیاوسالارە کە لە ھەموو وڵاتان دادەستیان بەسەر ماف و داخوازیەکانی ژناندا گرتووە، تا تەواوی دەسەڵاتەکانی تا ئەو جێیەی دەستی پێدەگات بۆ خۆییان مسۆگەر بکات، ئیتر ئەم دەسەڵاتە لە ناو خێزاندا بێت کە بەرامبەر بەدایک‌و خوشک و ژن و کچ، یان لەسەر ئاستەکانی تر وەک ویستی دەسەڵات بێت لەپێناو بەرژوەندنی خۆی بەکاری دەھێنێت بۆ مەرامی تایبەتی خۆی ھۆشیارکردنەوەی تاکی کۆمەڵگاو ڕۆڵی ڕێکخراوەکانی ئافرەتان وڕاگەیاندنەکان بۆدەستەبەرکردنی مافی ژنان دەبێت زۆر لەئێستا زیاتر بێت.
Top