ھەڵەبجە سێوی کیمیباران بەرەوە ئاوەدانی

ھەڵەبجە سێوی کیمیباران بەرەوە ئاوەدانی

لە مێژووی کوشت و بڕی رۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا، ھیچ تاوانێک ئەوەندەی تاوانی ھەڵەبجە گەورە و ناشیرین و جەرگبڕ نەبووە، بەھاناوەچوونی دانیشتوانی ھەڵەبجەو بەجێگەیاندنی داوا ڕەواکانیان ھەر تەنھا لە یادکردنەوەکاندا بەرجەستە نابێت ھێندەی ئەوەی پێویستی بە ھەنگاونانی پراکتیکییە، خەمخۆرانی ھەڵەبجە داواکاریان وخەونی گەورەیان ھەبوو، ئەمڕۆ لەسایەی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان ودڵسۆزان وخەمخۆرانی ئەو شارە، ھەروەھا کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی ھەوڵی گرنگیان دا بۆ سارێژکردنی برینەکان و ناساندن و ناودێرکردنی ھەڵەبجە وەک خاڵیکی وەرچەرخان و ڕێگەگرتن لە بازرگانیکردن بە چەکە کیمیاییەکانەوە.
ژینگەی ھەڵەبجەش بەشێکی ترە لە کارەساتەکە، ھەڵەبجە پێش کیمیابارانکردنی یەکێک بوو لە ژینگە سازگارەکانی ناوچەکە و ئەمەش یەکێک بوو لەو ھۆکارانەی بۆ بازرگانی ناوچەیەکی گەشتیاری وگرنگ وستراتیجی بوو.
ئێمە کە بەردەوام دەمانویست بەشێک لە قەرزەکانی سەرشانمان بدەینەوە بە ھەڵەبجە وھەڵەبجەییەکان پشتیوانێکی گەورەی شۆڕش بوون، ئەوان لەم پێناوەشدا قوربانیی زۆریان داوە، ئێستا بەھۆی ھەوڵ و دڵسۆزی و خەمخۆریی ڕێزدارمەسرور بارزانی تا رادەیەکی بەرچاو لەو ئامانجەمان نزیکتر بووینەتەوە کە ھەڵبجەبە ‌رە‌و ئاوەدانتر بە‌رین، ھەرچەندە دەزانم ھەڵەبجەییەکان و ھەموو ناوچەکانی دیکەی کوردستان پێویستیان بە خزمەتگوزاری زۆر زیاتر ھەیە، بەڵام بۆ ئەمەش پێویستیمان بە کەسانی بوێرو دڵسۆز ھەیە بۆ ئەوەی کاروانی ئاوەدانی بەردەوام بێت.
پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە سەرەکییەکانی بەخشینی ژیانە بە کۆمەڵگەکە خۆیان لە بوارەکانی پەروەردە، تەندروستی، ئاو، کارەبا، ڕێگەوبان و ئەوانی تردا دەبینێتەوە. ھەموو ئەمانەیش لە پێناو ھێنانەکایەوەی خۆشگوزەرانییە بۆ ئەندامانی کۆمەڵگە، بەبێ جیاوازیی ناوچەکان (لادێ و شار)، لە بەرامبەریشدا سوود وەرگرتنە لە ھێز و توانای مرۆییی کۆمەڵگە (ھزری و جەستەیی).
جا کاتێک دامەزراوەکان بەپێی دابەشبوونیان بەسەر کەرت و سێکتەرەکاندا بەشێوەیەکی جددی و بێ جیاوازی، بە پشتبەستن بە یاساکان و لەسەر بنەمای پێکەوەیی و یەکتر قبووڵکردن و بە سوود وەرگرتن لە تواناکان کاردەکەن لە گەیاندنی خزمەتگوزارییەکان، دەتوانن بگەنە دڵنیایییەکی زۆر، بۆ ئەوەی خۆیان لە ستاندەرە جیھانییەکان نزیک بکەنەوە و تەنانەت لەوانیشی تێبپەڕێنن. ئاخر دەشێ ھەر ھەستکردنی ئەندامانی نەتەوە بە کارکردنی دڵسۆزانەی دەسەڵاتی ئیداری بۆ باشکردنی ژیان و تێپەڕاندنی ئاریشە ئابووری و سیاسی و ئەمنییەکان، پاڵنەرێکی گرنگ بێت بۆ دەستگرتن و پراکتیزەکردنی پێکەوەیی و ئاشتەوایی، ئەو ھەڵەبجەییانەی کە لەو ژەھربارانە ڕزگاریان بووە، ئەوانەی چارەنووسیان وابوو کە بژین، باسی ئەو ڕۆژە دەکەن کە بەچاوی خۆیان لەژێر دوکەڵی ژەھری کوشندەی کیمیاوی قەدەغەکراودا بینییان جەستەی ھەڵەبجەییەکان وەک گەڵای دار کەوتبوو، ئاژەڵ و باڵندەکانیش ھەمان چارەنووسیان ھەبوو. خەڵک ھەبوو لەبەر دەرگا، لەسەر جادە، لە ناو ئۆتۆمبێلدا گیانی سپاردبوو، زیندووەکان دۆخیان زۆر ناجێگیر و خراپ بوو، دەم و دەست و چاویان لە گۆ کەوتبوو. ھەندێکیان بەبێ ویستی خۆیان پێدەکەنین، ھەندێکیان پەلە قاژێی دەربازبوونیان دەکرد و کەمێک دەڕۆیشتن و دەکەوتن، چاویان باش بینایی نەدەکرد و وەک ئەوەی دەرزی ئاژنین بکرێن.
ئەوەش ھەموو کاریگەری کوشندەیی ئەو چەکە کیمیاوییە،ھەرخزمەتێکی ئاوەدانی سارێژبونی برینەقوڵەکانیانە، پێویستە یەکڕزی نەتەوەیی لە پێش ھەمووشتێکەوە بێت، لەبەر ئەوەی ئێمە بە گیانی تەبایی و برایەتی توانیومانە ئەو ڕۆژە بەرھەم بھێنین و سەرکەوین بەسەر دوژمنی دڕندە و ئەمڕۆش دوژمنان سەنگەریان لێگرتووین، بۆیە ئێمە دەبێت لەم ڕۆژەدا ھان بدرێین بۆ ئەوەی بیر لە ئاییندەی نیشتیمانەکەمان بکەینەوە. ئێستا کۆمەڵێک خەڵکی نابەرپرسیار لەکوردستان دەرەوەی ھەرێم دەیانەوێت ھەمان خیانەتی نیشتمانی پەرەپێبدەن و دەسکەوتەکانی ئەمڕۆی کوردستان زۆرە، ئەوەش لەڕووی ئاوەدانی و خۆش گوزەرانی خەڵک، بەڵام بەداخەوە بەھۆی ناڕێکی خۆمان یان دەستی دوژمن خەریکە ئەو ھەستە نەتەوەییەی پێشوومان بیر دەچێتەوە، بۆیە گرنگترین شت ئەوەیە پابەند بین بە ھەڵوێستی نەتەوەیی و بەرەو پێش بردنی دۆزی نەتەوەیی کورد و خزمەتی ئەو کەسانەی کە دەیانەوێت خزمەتی ئەو وڵاتە بکەن.
Top