رۆڵی ئافرەت لەکایەی سیاسی وئەو ئاستەنگانەی رووبەڕووی دەبنەوە

رۆڵی ئافرەت لەکایەی سیاسی وئەو ئاستەنگانەی رووبەڕووی دەبنەوە

مرۆڤی خاوەن بیر وڕای جیاوازیش واتا مرۆڤی خاوەن بیری تایبەتمەندی، مرۆڤی خاوەن بڕیار ئەو مرۆڤەیە، کە کۆدی لایەنە شاراوەکانی ژیان و یاسا و رێسا کۆمەڵایەتییەکان و چۆنیێتی پێشکەوتنی ھەیە، ھەبوونی ھۆشیاری ئایدۆلۆژی واتە زەن کردنی میکانیزمی سەرجەم بیر و چەمک و تیور و باوەڕەکان دەتوانێت ئەم جۆرە مرۆڤانەش ناویان بنرێت نوێنەری کۆمەڵ، چونکە زیاتر توانای بەرھەم ھێنانی خەون و داھێنیانیان ھەیە، دەتوانرێت ئومێدی دوا ڕۆژی فەرمی و کۆمەڵی نوێیان لێ بکرێت، چونکە ئەمانە فەلسەفەیەکیان ھەیە بۆ ژیان جیاوازتر لەوانی تر.
دەستەبەر کردنی مافی سیاسی ھاوڵاتی خۆی بۆ خۆی بەردی بناغەیە بۆ بەدیھێنان و پیادەکردنی سەرجەم ماف و ئازادییەکان، لێرەوە پەیوەندیەکی ڕاستەوانە ھەیە لە نێوان پیادەکردنی مافی سیایی و بەدیھێنانی ئازادییە گشتییەکانی دی.
بە درێژایی مێژو ئافرەتان بۆ بە دەستھێنانی مافە سیاسی و مەدەنیەکان خەباتیان کردووە، ئەم ھەوڵانەش لە کۆمەڵگەی نێودەوڵتیدا ڕەنگ دانەوەی ھەبوە، بەشداری ژنان لـە کایـەی سیاسیـدا وەک ھـەر بوارێکـی تری ژیان گرنگـی تایبـەتی خۆی ھەیــە، کە ئەکرێ ئافرەتانـی کارای بەشدار لە سیاسـەت دەنگ و ڕەنگ و گرفتـی ئافرەتان بەشێـوەیەکـی دروست وێنا بکەن، کە بێگـومان پیـاوان زۆرجار ناتوانن وەک خۆی وێنای گرفتەکانـی خانمـان بکەن و بـەھـۆی کەمـی بەشداری سیاسی ئافرەتانیشـەوە چەندین گرفت بۆ پرسەکانـی خانمــان ھاتونەتە پێش و لە ھەندێک قۆناغدا بەھۆی نەبوونـی ئافرەتـی کاراوە زۆرێک لـە پرسـە جدییەکانـی خانمـان پشتگوێ خراون.
ھـەرچــەن لـە ھەرێمـی کوردستـاندا بە زۆری ھـەل و مەرجـی گەنجاو بۆ خانمـان نەڕەخسێنراوە، ھێزی سیاسیی لەسەردەمی نوێدا لە زۆربووندان و لەگەلێک ئامرازی جۆراوجۆریش بەھرەمەندن کە لە بواری سیاسییدا کاریگەرییان دەبێت، بەڵام تەنھا ھەندێک لەو ھێزانە بە ´دەسەڵات` دادەنرێن لەبەر ئەوەی بۆ بوون بە دەسەڵات پێویستە فیکرێک لە پشت ھێزە سیاسییەکەوە ھەبێت وە ھێزەکە دەبێت بشتوانێت کە سیستمێکی سیاسیی جێگیر بسەپێنێت و بە ھێز بڕیارەکانی جێبەجێ بکات، کۆمەڵگەی کوردستان، کۆمەڵگەیەکی پیاوسالارانەیە. ھەر لەسەر ئەو بنەمایە کەلتووری سیاسی و بەھا تایبەتییەکانی رەنگڕێژ کراون. تێڕوانینی پیاو لە ناوەندی کۆمەڵایەتی بۆ ئافرەت چۆنە، لەناوەندی سیاسیش بە ھەمان شێوەیە. بە گشتی وێنای ئافرەت لەو کایەیەدا، وێنای کەسێکی کەم توانای لاواز و بێدەسەڵاتە کە ناتوانێت خاوەنی بیرو بڕیاری تەواو بێت لە کاریدا. راستە لە ھیچ یاسایەکی فەرمی ئەو لایەنانە بەرجەستە نەکراون، بەڵام لە واقعی کارکردنی رۆژانە وەکو بەھاو مەعریفەیەکی زاڵ، ئەو تێڕوانینە ھەموو پێوەندییەکان و چوارچێوەکانی کاری داڕشتۆتەوە. لە ژینگەیەکی ئاوادا ھەر لادانێکی ئافرەت لەو چوارچێوە تەقلیدییە جێگەی پەسند نابێت لە لایەن ھاوکارە پیاوەکانی و دەرئەنجام کۆمەڵێک رەفتاری توندوتیژانەی لێدەکەوێتەوە، کە لەبەر زۆر ھۆکار بە شاراوەیی دەمێننەوەو ئافرەتان ناتوانن بەرگری تەواو لە خۆیان بکەن.



لە دێر زەمانەوە کۆمەڵگە ھەوڵی دابڕینی ژنی داوە لە کایەی سیاسیدا بە بیانووی ئەوەی ئاستی زیرەکی ژنان لە پیاوان کەمترە و توانای بەڕێوەبردنیان نییە، ئەمەش بیرۆکەیەک بووە کە زیاتر ئایینی مەسیحی پەرەی پێداوە بەوەی بڕوایان بەوەیە کە پیاو سەر (مێشکی) ژنە و مەسیحیش سەری کەنیسەیە واتە (عەقڵی بەڕێوەبەری کەنیسەیە) ھەروەھا ئایینەکانی تریش درێژەپێدەری ھەوڵی چەسپاندنی ئەو بیرۆکەیە بوون کە ژن توانای بەڕێوەبردن و بەشداری سیاسەتی نییە.
ئایینەکان و پاشان کلتور ژنیان دابڕیوە لە وەرگرتنی پۆستی باڵا بۆ بەڕێوەبردنی کاروبارەکانی ژیان و ھەمووی کردۆتە ئەستۆی پیاو و بە مافی پیاوی زانیوە بە بیانووی ئەوەی کە ژن ئەو کائینەیە کە (پیاو ھەڵدەفریوێنێت و کەسایەتیییەکی لاواز و ناسکی ھەیە)، ئایا بەڕاستی ژن بوون رێگرە لەبەردەم مەفھومی ئەو دەسەڵاتەی کە سیاسەت داوای دەکات؟
لە تازەترین ئاماری بانکی نێودەوڵەتی لە بارەی ژمارەی ئەو پۆست و کورسی پەرلەمانییانەی کە ئێستا ژنان بەڕێوەی دەبەن لە سەرتاسەری جییھاندا ژن بوون و دەسەڵات دژیەک نین، چیرۆکی ئارەزوو و خەونی ژن بۆ بەشداربوون لە سیاسەتدا لە مێژووی نوێدا دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩١٩ کچێکی گەنجی بەریتانی بە ڕەچەڵەک ئەمریکی بە ناوی (نانسی ئەستۆر) بۆ یەکەم جار لەمێژوودا پۆستی ئەندام پەرلەمانی وەرگرت لە بەریتانیا، کە ئەندامی پارتی پارێزگارانی ئەوسا بووە و لە سیاسەتدا کاری کردووە، یەکێک لە وتە بەناوبانگەکانی بریتییە لە (لەسەر ئێمەی ژنان پێویستە کە جیھان بپارێزین و بیکەینە شوێنێکی ئارام، چونکە پیاوان زۆر مەترسیداریان کردووە.
نوێنەرایەتیکردنی کێشە و مەسەلەکانی ژنان لەنێو کایەی سیاسی و سیستەمی دەسەڵاتدا، بەڵکو لەدوای چەند ساڵێک لە سیستەمی کۆتا، بەشداری ژنان لە سیاسەتدا گۆڕانکارییەکی ئەوتۆ و کاریگەر و بنچینەیی دروستنەکردووە، چونکە بارودۆخی خراپی ژیانی ژنان و بێ مافیەکانیان و توندوتیژی لەبەرامبەریان زیادیکردووە و کەمینەکردووە.
بە ورد بوونەوە لەگرفتەکانی بەردەم کاری سیاسی ئافرەتان دەتوانین بەم شێوەیەی خوارەوە دەستنیشانی گرنگترینیان بکەین:

-سەروەر بوونی ئەو چەمکانەی کە دژی مافی ئافرەتن و ئەو داب و نەریتانەی لە کۆمەڵگادا باون و دژی کاری سیاسی ئافرەتانن.

-نەبونی ھۆشیاری پێویست لای ئافرەتان خۆیان سەبارەت بە گرنگی بەشداریان لە کاری سیاسیداو ھەوڵدان بۆ بە دیھێنانی مافە سیاسی و ئابوری و کۆمەڵاتیەکانیان.

-زاڵ بونی پیاو و ڕوانگەی پیاو سالاری بەسەر کایەو جومگەکانی دەوڵەت و دامەزراوەکان و ئابوری وڵات و قۆرخ کردنی پلەو پۆستە باڵاکان لەلایەن پیاوانەوە.

-دابەش کردنی ڕۆڵە تەقلیدیەکان لە نێوان ژن و پیاو لە کاروبارە کۆمەڵایەتی و خێزانیەکاندا، کە ھەمیشە ئافرەتان پشکی شێریان بەردەکەوێت لە پەروەردەی منداڵ و چاودێری خێزان و بەڕێوەبردنی ماڵ.

-ڕۆڵی سلبی ھۆکارەکانی ڕاگەیاندن ئەوانەی کە زیاتر لە ژێر کاریگەری بیری پیاو سالاریدان، ئافرەتیان کردۆتە دیلی ئەو بۆچونە ھەڵانەی کە گوایە کەم توانان لە بەشداری چالاکیە گشتیەکانی کۆمەڵگاو کاری ئەوان نیە.

-کەمی ڕێکخراوەکانی ژنان کە چالاکن لە بەرگریکردنی ڕاستەقینەی دۆزی ژنان و سەربەخۆ بن و پاشکەوتەی حیزبەکان نەبن، ئەو حیزبە سیاسیانەی تەنھا بۆ ئارایشتی سیاسی ڕوی حیزبەکانیان کەمێک بوار بە ئافرەت دەدەن و لە بنەڕەتدا ھیچ ڕۆڵێکی ئەوتۆیان نییە و خاوەنی بڕیار نین.

-بڵاو بونەوەی دوو دیاردەی کوشندە لەسەر ئاستی جیھان کوردستانیش لێیان بێ بەش نییە، ئەوانیش دیاردەی ھەژاری کە ئافرەتان پشکی شێریان بەردەکەوێت و ھەمو ھەوڵیان بۆ بەدەستھێنانی بژێوی ژیانیانەو دوەمیش دیاردەی بازرگانی کردن بە ئافرەتانەوە کە ئەمیش ھەر بەرھەمی ھەژاریە و گەورەترین ئاستەنگی بەردەم گەشەکردنی ئافرەتانن و گێڕانی ڕۆڵی ڕاستەقینەی خۆیان لە کایە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکاندا.
Top