کێن ئەوانەی شکستی پڕۆسەی پەروەردە دەخەنە سەرشانیان؟

کێن ئەوانەی شکستی پڕۆسەی پەروەردە دەخەنە سەرشانیان؟


پەروەردە پڕۆسەیەکی بەردەوام و دانەبڕاو لە ژیان و تاک و خێزان و کۆمەڵگا،کۆمەڵگای تەندروست زادەی پەروەردەیەکی تەندروستە.
بەردەوام دەوڵەت و کەسانی بواری پەروەردە بەشوێن دۆزینەوەی شێواز و چارەسەری باشتردان بۆ خزمەتی بواری پەروەردە لە ڕوی مادی و مەعنەویەوە.
هەرێمی کوردستان بەبایەخەوە لە پڕۆسەی پەروەردەو فێرکردن دەڕوانێت و وە گرنگیەکی تەواوی بە سێکتەری پەروەردە داوە،وەچەندین هەنگاوی گرنگی بۆ سەرخستنی زیاتری بواری پەروەردەو فێرکردن ناوەو یەکێک لە هەنگاوە گرنگەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش لە بواری پەروەردەو فێرکردندا بووە.
چەند ساڵێکە خوێندن دەتوانین بڵێین ئەنجامەکەی بە شکستەوە کۆتایی دێت لە بایکۆتی خوێندنەوە تاکو بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و دواجار داخستنی ناوەندەکانی خوێندن و تاکو گەشتە ئەوەی ژیان لەتەواوی بوارەکان بوەستێت.
کاتێک باس لە شکستی پەروەردەش دەکەین بەو واتایە نیە کەپەروەردە لەهەموو بوارێکەوە شکستی هێنابێت،بەڵکو ئەوەی لەئەگەری زیاتر بەردەوام بوونی ڤایرۆسی کۆرۆنا و نەبوونی میکانیزمێکی درووست بۆ دەست پێکردنەوەی پڕۆسەی خوێندن دواجار شکستی پەروەردەی لێدەکەوێتەوە.
لە ئێستادا بڕیاری کردنەوەی ناوەندەکانی خوێندن و گەڕانەوەی قوتابی بۆ قوتابخانەو زانکۆکان بڕیارێکی درووست نابێت،چونکە وەک دەزانین کاتێک ناوەندەکانی خوێندن داخران تەنها دەنگۆی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسێک هەبوو...!بەڵام لەئێستادا ڕۆژانە نەک بەتەنها ڕێژەیەکی زۆری هاوڵاتیان توشی ڤایرۆسەکە دەبن بەڵکو لەو ڕێژەیە بەشێکیشیان گیان لەدەست دەدەن.
پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە ئایا پڕۆسەی خوێندن کاتێک ڕاگیرا هیچ تووشبویەک نەبوو،ئاخۆ چۆن دەبێت لەم کاتەدا ڕۆژانە سەدان کەس تووش دەبن پڕۆسەی خوێندن دەست پێبکاتەوە.....؟
لەوەڵامی پرسیارێکی لەو شێوەدا یەکێک لەباشترین بژاردەی بڕیارەکان بڕیاری ئۆنلاین و ئەلیکترۆنی دەبێت چونکە دواجار تەندروستی و پاراستنی گیانی قوتابی و مامۆستا لەسەروی هەموو شتێکەوەیە.
بڕیارێکی وەک ئۆنلاین و ئەلیکترۆنی هەرچەندە بڕیارێکی ناچاری بێت،لانیکەم دەتوانین وەک باشترین بژاردەی بڕیارەکان سەیری بکەین،چونکە لەزۆربەی وڵاتەکان وەک دوابڕیاری دەست پێکردنەوەی خوێندن جێبەجێی دەکەن.هەرچەند لە لەهەرێمی کوردستان دەزانین پێی دەچێت هەندێک گرفت درووست ببن وەک نەبوونی هێڵێکی باش یاخود بەکارنەهێنانی ئەم میکانیزمە و نەبوونی شارەزایی لەبەکارهێنانی لەلایەن قوتابیانەوە،بەڵام هیچ کام لەم گرفتانە هێندەی گرفتی تەندروستی لەسەر ژیانی قوتابیەک نابێتە گرفتی سەرەکی تاکو بڕیارێک ڕەتبکاتەوە.
کۆتایی دەپرسین ئاخۆ کێن ئەوانەی شکستی پەروەردە دەخەنە سەرشانیان و داوای ڕەتکردنەوەی بڕیاری ئۆنلاین و ئەلیکترۆنی دەدەن لەکاتێکدا دۆخی تەندروستی و ئامارەکانی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا مەترسییەکانمان بۆ ڕوون دەکەنەوە....؟
Top