کۆمەڵگەی کوردی و روانینی بۆ چەمکی شەڕەف
September 10, 2020
وتار و بیروڕا
لەباسکردن لە کۆمەڵگەی کوردی دەبێت ئەوەمان لە پێش چاو بێت، کە ئێمە باس لە کۆمەڵگەیەک لە سنوورێکی جوگرافی دەورەدراو بە دەوڵەتانی داگیرکار، نەژادپەرست و فەندەمینتاڵیست دەکەین، کۆمەڵگەیەک کە بەھۆی نەبوونی کیانێکی سیاسی، ئابووری سەربەخۆ ڕووبەڕووی داگیرکاری و جینۆساید و شێواندنی کولتووری و سڕینەوەی فەرھەنگی بووەتەوە، ئەوەش دۆخێک لە چەوسانەوە و ستەمی بۆ سەرجەم تاکەکانی نەتەوەی کورد چێکردووە و کاریگەری درێژماوەی ھەبووە. نەتەوەی کورد وەک نەتەوەیەکی ئازادیخواز خاوەن کولتوری تایبەت بەخۆی بووە و لە ڕوانگەی ئازادی ئافرەت چەندین ھەنگاو لە پێش نەتەوەکانی دەوروبەری بووە، بەڵام وەک وتمان بەھۆی کەلتووری داسەپاو و باری ناھەمواری سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی، ھەروەھا لەبەرئەوەی خودی کۆمەڵگەی کوردیش سەرەڕای ئەو جیاوازییانە، بەڵام خاوەن سیستەمێکی کۆمەڵایەتی باوکسالار و خێزانی کوردیش خێزانێکی ناھاوسەنگ لە پەیوەندییە خێزانییەکان؛ چەندین داب و نەریتی کۆن و دژە ئافرەت بوون بە بەشێک لە کەلتوری نەتەوەییمان.
توندوتیژی جێندەری بە پاساوی پاراستنی شەرەف ھەموو ئەو کردارە توندوتیژ ئامێزانە دەگرێتەوە کە بە پاساوی پارێزگاری لە شەرەف دەرھەق بە ئافرەت دەکرێن، ھەر لە چاودێریکردنی ئافرەت و سنووردانان بۆ ڕەفتار و ھەڵسوکەوتی و بێبەشکردنی لە خوێندن و کار و دەستوەردان لە شێوازی جلوبەرگی و چاودێریکردنی پەیوەندییەکانی تا دەگاتە کوشتن بە ئامانجی گەڕاندنەوەی شەرەفی لەدەست چوو لە تێگەیشتن و ئاگایی ئەو کەسانەی ھەموو شکۆ و شەرەفی خۆیان لە ھەڵسوکەوت و جەستەی مێینە نێزیکەکانی خۆیاندا دەبیننەوە، لە ھزری ئەو گروپانەی باوەڕیان بەو کۆدە کۆمەڵایەتی و نۆرم و بەھایانە ھەیە کە شەرەف بە جەستەی ئافرەت دەبەستنەوە، ئەو کۆمەڵگەیانەی کە تاک بەھای نییە و ئینتیما بۆ گروپ و خێڵ لەسەروی گرنگی تاکدایە، لەو کۆمەڵگەیانەی خێزان دەبێت پێڕەوی لەوە بکات مێینەکانی بەپێی ڕێساکانی خێڵ بژین و لە ئەگەری لادان و دەرچوون لەو پێوەرانە خێزان پێگەی خۆی لە دەستدەدا و ناوبانگی دەزڕێت. لەو کۆمەڵگەیانەی کە تێیدا ھەر پیاو خاوەن شەرەفە، ڕۆڵی ئافرەت تەنھا ئەوەیە شەرم و نەنگی بۆ شەرەفی پیاو نەھێنێ و گوێڕایەڵی ڕێسا کۆمەڵایەتیەکان بێ.
لە ھەرێمی کوردستان لەڕووی یاساییەوە توندوتیژییەکان بەرامبەر ئافرەت ھیچ پاساوێکیان بۆ نابێتە ڕەوایەتی سزای دیاریکراویان بۆ دانراوە، کوشتن بە پاساوی شەرەف سازشی لەگەڵ ناکرێ و لە چاوی یاسادا ھیچ بەھایەک بۆ ئەو شەرەفە لەدەستچووە دانانرێ کە بکوژ تاوانەکەی بۆ ئەنجامداوە!، بەڵکو وەک ھەر کوشتنێکی بە ئەنقەست مامەڵەی لەگەڵ دەکرێ، ئەمە لە کاتێکدا ئەگەر تاوانبار بکەوێتە دەست یاسا!، ھەروەھا کۆمەڵگەی کوردستانی لەڕووی پێشڤەچوونی کۆمەڵایەتی گۆڕانکاری زۆری بەخۆوە دیوە، بەڵام توندوتیژییەکان بەرامبەر ئافرەت بەردەوامن لەنێویاندا تاوانی کوشتن بە پاساوی شەرەف و ھەندێ جاریش پەیوەندییەکی خۆشەویستی و تەنانەت گومانێکیش بەسە بۆئەوەی بڕیاری کوشتنی ئافرەتێک بدرێ، لێرەدا دەکرێت بکوژ بڕوای بەو بنەمایەش نەبێت کە تاوانەکەی لەسەر ئەنجامداوە، بەڵام لە ژێر فشاری خێڵ و باوەڕی باوی کۆمەڵگە و لە ترسی ناوزڕان ئەو تاوانە ئەنجام دەدات، بۆیە ئەوەی دەبێتە بنەما بۆ ئەنجامدانی تاوانی شەرەف بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ ئەو باوەڕەیە کە شەرەفی پیاو لە ڕەفتار و جەستەی ئافرەتدا دەبینێتەوە، ئەو فەرھەنگەیە کە زەمینە بۆ ئەو جۆرە تاوانە خۆش دەکات.
ئەمەش لەلایەکەوە تێنەگەیشتنە لە چەمکی شەرەف و لەلایەکی دیکەش ڕوانینە لە ئافرەت وەک موڵکی پیاو و خێڵ، لێرەدا کارکردن بۆ پێناسەکردنەوەی چەمکی شەرەف لە ئاگایی گشتی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگەی کوردستانی کە دەیان ساڵە ئێمە لە ڕێکخراوەکانی داکۆکیکار لە پرسی ئافرەت و لایەنە پەیوەندارەکان دەستمانپێکردووە، دەبێت زیاتر پەرەی پێبدرێ و لەو چوارچێوەیەشدا کوشتن بە بیانوی شەرەف وەک تاوانێکی قێزەون و دوور لە بەھا باڵاکانی مرۆڤایەتی و پیرۆزی ڕۆحی مرۆڤ وێنا بکرێ، بە شێوەیەک نیشان بدرێ، کە ئەوانەی ئەو تاوانە ئەنجام دەدەن، لە باوەڕی کۆمەڵایەتیدا نەک وەک ھێنەرەوەی شەرەفی لەدەستچوو لێیان نەڕوانرێ، بەڵکو بکەونە بەر توڕەیی کۆمەڵگە و پەراوێز بخرێن، ئەو تاوانە ببێتە ھۆی لەدەستدانی پێگەی کۆمەڵایەتی و ڕووشانی ناوبانگیان، تێگەیشتنێک درووست بکرێ کە ئافرەتیش خاوەن شەرەفە و بەلایەوە گرنگە؛ ڕاستگۆ و بەمتمانە و دەستپاک و خاوەن کەسایەتی باش و مرۆڤدۆست بێ، بەلایەوە گرنگە کەسایەتی و ناوبانگی خودی خۆی بپارێزێ نەوەک بەرپرسیار بێ لە پاراستنی شەرەفی بنەماڵە و ھۆز، دواجار کەس شەرەفی کەس نییە و ئافرەت موڵکی پیاو نییە، شەرەفی مرۆڤ پیاو بێت یا ئافرەت لە باوەڕ و کردارەکانیدایە لە دڵسۆزی و دەستپاکی و مرۆڤدۆستی و نیشتمانپەروەریدایە، ئەم بڕوایەش بە تێکۆشانی ھاوبەشی ھەردوو مرۆڤ لە ئافرەت و پیاو بەدی دێت