گۆڕان لە ستراتیژيی ئەمریکا لە دوای جەنگی دووەمی جیهانی

گۆڕان لە ستراتیژيی ئەمریکا لە دوای جەنگی دووەمی جیهانی

دەکرێت ستراتیژ لە خانەی سیاسەتی دەرەوەی وڵاتان هەژمار بکرێت . گۆڕان لە ستراتیژدا دەکرێت کتوپڕ یان بە ئەسپایی ڕوو بدات. هەروەها دەکرێت گۆڕانی بچووک، یان گۆڕانی بنەڕەتی لەخۆ بگرێت. ئەو گۆڕانەی لە سیاسەتی ئەمریکا ڕووی داوە، دەتوانین بە گۆڕانی بنەڕەتی هه‌ژمارى بكه‌ين.
ئەمریکا لە ئاستی گشتیدا بەرژەوەنديی خۆى لە بوونی سیستەمێکی ئابووريی ئازاد، یان سەرمایەداریدا نمایش کردووە، هەر بۆیە یەکێک لە بەرژەوەندیيەکانی ئەمریکا مسۆگەرکردنی بازاڕی ئازاده‌ لە ئاستی نێودەوڵەتیدا. کە وابێ، سەیر نيیە کە لە هەندێ وڵاتدا هەوڵی جێگیرکردنی بەناو دیموکراسی داوە .
ئەمریکا لە رۆژئاواى كوردستان تا ئەو قۆناغە لەگەڵ کورد بوو، كه‌ بەرژەوەندیيەکانی له‌گه‌ڵ كورد بوو، پاشان پشتی لە کورد کرد و، لە رێکكەوتننامەیەکی ژێربەژێری سێ لایەنی و نهێنی کە خۆی لە تورکیاـ رووسیاـ ئەمریکا بینیيەوە، ئیترکوردو دۆزە ڕەواکەی کردە قوربانی بەرژەوەندیيە تاک لایەنەکانی. لە رۆژهەڵات تا ئەو کاتە لەگەڵ کورد بووە، کە تێرمی دژایەتی ئێرانی بە کورد تاو داوە و، لە حاڵی ئێستادا هاوسۆزيیەک بەدی ناکرێت لێی .لە باشووريش شەڕی تیرۆرستانی داعش و شەڕی دژی ڕژێمی بەعسی بە کورد کرد، تا دواچرکەساتی لاوازبوونی داعش، کورد لە دیدی سەرۆکی ئەمریکا و بگرە کۆنگرێسیش بە پاڵەوان و بشكێنه‌رى ئیرادەی داعش وێنا دەکرا، كه‌چى لە کاتی ئاسایی بوونەوەی دۆخی دروستکراوو شڵەژاوی عێراقدا، دووبارە و چەند بارە پشتی لە باشوور کرد، تەنانەت لە کاتی بڕیارێکی چاره‌نووسساز کە بە پاڵنەر و دافعی ئەنجامدانی گشتپرسيی کوردستان لە ژێرەوە حاکم و کاربەدەستانی ئەمریکا لە عێراق، گڵۆپى سه‌وزيان بۆ حوكمڕانانى عێراق هه‌ڵ كرد، به‌وه‌ش کار گەیشتە ئەمری واقیع و دروستبوونی بەرەی وڵاتانی دژبەری کورد و ریفراندۆم و له‌ په‌لاماردانى كوردستانيش له‌ لايه‌ن ميليشياى حه‌شد و سوپاى ئێرانى، بێ هەڵوێستترین وڵات ئەمریکا بوو، سەرەڕای هاوبەشی پێکردنی کورد لە جێبەجێ کردنی ستراتیژ و بەرژەوەنديیە درێژخایەنەکانی دیسان بێ دەنگ بوو!!
ستراتیژيی ئەمریکا پاش شەڕی دووەمی جیهانی لە سەردەمی شەڕی سارددا لە هەمبەرهەرکام لەمانە جیاواز بوو. لە هەمبەر ئەوروپا و ژاپۆن ڕەنگدانەوەی لیبڕالیزم بوو، لە کاتێکدا لەهەمبەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دژبه‌رى لیبڕالیزم بوو! ئەوە بەو مانایە نيیە کە ستراتیژيی ئەمریکا لەهەمبەر ڕۆژهەڵاتی ناوین لە ئایدۆلۆژی بەتاڵ بوو. بۆ ئەمریکا گرنگ بووکە ڕژێمگەلێک بکات بە هاوپەیمانی خۆی کە دژ بە کۆمۆنیزم بن . بۆیە ئەو کات ئێران وعەرەبستانی سعودی کردە هاوپەیمانی خۆی .
هۆکاری ئەوەی بۆچی ئەمریکا هەوڵی بە دیموکراسی کردنی رۆژهەڵاتی ناوینی نەدا، دەگەرێتەوە بۆ ئەوەی کە ئەو ناوچەیەی جیهان وڵاتانی پیشەسازی نەبوون، بەرهەمێنەرنەبوون، کاربەدەستانی ئەمریکا پێیان وابوو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست توانای بەرهەمهێنانیان نیيە وناتوانن ببن بە مەترسی بۆ سەرستراتیژ و بەرژەوەندیيەکانی ئەمریکا. لە ئێستاشدا ئەمریکا هەمان تێڕوانین وخوێندنەوەی بۆ ئەو ناوچەیە هەیە...
ئەوەی لێرەدا مەبەسته‌ باس بكرێت، هاوپەیمانیيە کاتيیەکەى کوردە بۆ ئەمریکا، واته‌ تا ئەو راددەیە پشتگیری کورد دەکات، کە كارى بە کورد بووە... نموونەمان گەلێک هەن، کە ئاماژەیان پێ بدەین، له‌وانه‌: گەلەکۆمەکێ بۆ سەرکورد و بەستنی پەیمانەکانی لۆزان و سایکس پیکۆ و تەحەدییە بەردەوامەکانی تورکیای کەمالی بۆ سەرکوردانی باکوور بەتایبەت و کوردانی باشوور بەگشتی، كه‌ هه‌موويان ئاماژەی ئەو راستيیەن کە کورد بۆ ده‌سته‌به‌رى مافه‌ نه‌ته‌وه‌ييه‌كانى لە ئەمریکا بێ هەڵوێستتری دەست ناکەوێت. بۆیە گەرەکە کورد لە هەرچوار پارچە یەکگرتوو بن و، بە دوای هاوپەیمانێکدا وێڵ بن، کە پشت لە کورد نەکات و، ستراتیژ و بەرژەوەنديی خۆی بە تەنيا لاى گرنگ نەبێت و لە کاتی هەڕەشەکانی سەرکورد، هەرنا هەڵوێستی ئیعلامی هەبێ.
Top