ماڵ لە سەروەختی کۆرۆنادا
July 20, 2020
وتار و بیروڕا
(بەشی ٢)
کۆرۆنا وەک پەتایەکی جیھانی بەدوای خۆیدا کێشەی تەندروستی و دارایی و ئابو،ری و کۆمەڵایەتی بۆ زۆرینەی وڵاتانی جیھان دروستکرد. نەخۆشکەوتن و مردن و لەدەستدانی کار و مایەپوچ بوون، شکستھێنانی کەرتی تەندروستی و دروستبوونی قەیرانی ئابووری و تێکچوونی پلان و بەرنامەکان بەشێک بوون لە لێکەوتەکانی ئەو ڤایرۆسە گواستراوەیە لەسەر ژیانی مرۆڤ و سیستەمەکانی حوکمڕانی لە جیھاندا. ئەگەرچی کۆرۆنا قەیرانێکە بۆ کەرتی تەندروستی بەڵام لێکەوتەی لەسەر زۆرلایەنی دیکەی ژیانی مرۆڤ ھەبووە، بە تایبەتی لە ڕووی ئابووری و کۆمەڵایەتی، ئافرەتیش وەک یەکێک لە دوو ڕەگەزەکەی پێکھێنەری کۆمەڵگە بە قورسایی ڕۆڵ و بەشداری لە پرسە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکاندا کاریگەری ئەم پەتایەی لەسەر دەردەکەوێت لە ئێستا و لە داھاتوودا. زانیاری و ڕاپۆرتەکان لەسەر ئاستی جیھان باس لە بەرزبوونەوەی ڕێژەی توندوتیژییەکان بەرامبەر ئافرەت لە ماوەی کەرەنتینە و مانەوە لە ماڵەکاندا دەکەن، ئەمە وێڕای لەدەستدانی کار و وێرانبوونی باری ئابووری خێزانەکان، ئەوەش ڕوونە کە خراپی باری ئابووری و ھەژاری کاریگەری نەرێنی لەسەر گونجان و ئاشتەوایی خێزان دەبێت ھەمیشەش ئافرەتان باجەکەی دەدەن.
ھەرێمی کوردستانیش وەک ناوچەیەک لەم گەردونە سەرەڕای ڕێکارەکانی خۆپارێزی و پلانە پێشوەختەکانی حکومەت دواجار بوو بە ناوچەیەکی بەرکەوتەی ئەم ڤایرۆسە و تا ئێستاش ھەزاران ھاوڵاتی توشبوون و سەدان ھاوڵاتیش بەداخەوە ژیانیان لەدەستداوە. لێکەوتەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا و بەدوایدا دابەزینی نرخی نەوت ھەرێمی کوردستانی خستە دۆخێکی سەختی تەندروستی و دارایی ھاوشێوەی زۆرێک لە وڵاتانی جیھان، لێرەش ھاوڵاتیان کاریان لەدەستدا و خێزانەکانیش پابەندکران بە مانەوە لەنێو ماڵەکاندا. لە بەشی یەکەمی ئەم وتارەدا باسمان لە کۆرۆنا و کەنارگیری لەنێو ماڵەکان و گرنگی ماڵ و پێگەی ئافرەت لە ماڵ و ڕەگەزاندنی کاروباری ماڵ لە نێوان ئافرەت و پیاودا کرد. مانگی مارس بوو کاتێک خۆمان بۆ پێشوازیکردن لە ڕۆژی جیھانی ئافرەتان ئامادە دەکرد، کاریگەری ڤایرۆسە کوژەکەکە لەسەر ھەرێمی کوردستان دەرکەوت. بۆ جێبەجێکردنی ڕێنماییەکانی حکومەت سەرجەم پلان و چالاکییە مەیدانییەکانمان ڕاگرت و پابەندبووین بە ڕاگرتنی کاتی دەوامی ڕێکخراوەکەمان (یەکێتی ئافرەتانی کوردستان)، بەڵام خەمی سەرەکیمان ھەروەھا پێشبینیمان ئەوەبوو کە کەرەنتینە و مانەوە لە ماڵەکاندا ئاستی توندوتیژییەکان بەرامبەر ئافرەت زیاد دەکات، بۆیە بەردەوام لە ڕێگەی ھێڵی گەرمی ڕێکخراوەکەمان و ژمارە تەلەفۆنە کەسییەکانمان لە ئامادەسازیدابووین بۆ پێشوازیکردن لەھەر پەیوەندییەکی ئافرەتان یاخود لێپرسینەوە لەو کەیسانەی کە لەژێر سەرپەرشتی ڕێکخراوەکەمان لەژێر چارەسەریدان و ژمارەیان (٣٤١) کەیسە، ھەروەھا لەو ماوەیەدا ڕادیوی ھێلینی ڕێکخراوەکەمان و گشت واڵەکانمان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەردەوامبوون لە بڵاوکردنەوەی ھۆشیاری و کادرانیشمان بە شێوەیەکی خۆبەخشانە بە ھاوکاری دەزگا پەیوەنددارەکان و خێرخوازەکان ھاوکاریان بەسەرھاوڵاتییە کەمدەرامەتەکان دابەش دەکرد یان ھەڵمەتی درستکردنی دەمامک و بەخشینەوەی بە ھێزە ئەمنییەکانیان بەڕێوەدەبرد.
لەگەڵ ئەوەی بە بەراورد بە مانگەکانی پێشوتر ژمارەی پەیوەندییەکان بە ڕێکخراوەکەمان بۆ ھاناوەھاتن لە توندوتیژی کەمتر بوو، ھەروەھا بەپێی ئامارەکان لە کاتێکدا لە پێشووتردا ناوەندی تێکڕای تۆماری سکاڵا مانگانە ٨٢٨ سکاڵا بووە لە بەڕێوبەرایەتییەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی خێزانی لە ھەرێمی کوردستان، بەڵام لەو مانگانەی کەرەنتینە بووە تەنھا ٤١٧ سکاڵا لەو بەڕێوەبەرایەتییانە کراوە. ھەر لەم چوارچێوەیەدا بەپێی توێژینەوەیەکی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان کە لە ماوەی کەرەنتینە و لە ڕێگەی سۆشیال میدیا ئەنجام درا و (٤٤٧) کەس تێدا بەشدار بوون کە (٦٣،٣٪) ڕەگەزی مێ و (٣٦،٧٪) ڕەگەزی نێر بەشداری تێداکرد و چەند پرسیارێک ئاڕاستەی بەشداربووان کرا. یەکێک لە پرسیارەکان "ئایا لەو ماوەیەدا توندوتیژی یان بارگرژی لەنێو خێزانەکەتاندا ھەبووە؟" وەڵامەکە بەم شێوەیە بووە(٧،٧٪بەڵێ، ٧٤،٧٪ نەخێر، ١٧،٦٪ تا ڕادەیەک) پرسیارێکی دیکە کە تەنھا ئاڕاستەی بەشداربوانی پیاو کراوە "ئایا ھەمان پەیوەندی و مامەڵەی پێش ھاتنی ڤایرۆسی کۆرۆنات ھەیە لەگەڵ ھاوسەر و منداڵەکانت؟" ٦٧،٩٪ وەڵامیان بەڵێ بووە کە ئەمەش زۆرینەیە، پرسیارێکی دیکە کە بەھەمان شێوە ئاڕاستەی پیاوەکان کراوە" ئایا لەو ماوەی کە لە ماڵەوەی یارمەتی ھاوسەرەکەت دەدەیت؟ ٤٧،٧٪ وەڵامیان ئەوەبووە کە ھیچ یارمەتییەکی ھاوسەرەکانیان نادەن، پرسیارێکی دیکە کە تەنھا ئاڕاستەی ئافرەت کراوە " ئایا مانەوەی ھاوسەرەکانتان لە ماڵدا بووەتە ھۆی سوککردنی ئەرکی سەرشانت؟" ٣٧٪ وەڵامەکان بەڵێ بووە، لە تەواوی ئەم وەڵامانە بۆمان دەردەکەوێت کە مانەوەی پیاوەکان لە ماڵ گۆڕانکاری بەسەر ڕۆلیان لە ناو ماڵدا نەھێناوە و بێکاریان نەبوویتە ئەگەری زیاتر پەرژانە سەر ھاوکاری ھاوژینەکانیان لە ماڵدا.بەڵام وەڵامی پرسیاری " لە ماوەی کەرەنتینەدا پەیوەندیت لە گەل کام ئەندامانی خێزانت بەھێزتر کردووە؟" ڕێژە زۆرەکە بەر منداڵ و ھاوژین کەوتووە : ٤٨,٥٪ و ٤٥,٦٪ . ئەمەش زیاتر بەرچاوڕوونیمان دەدات کە مانەوەی پیاوەکان لە مال دەشێ سوودی ھەبووبێ بۆ بەھێزی و تەبایی نێوان ھاوسەران و منداڵەکانیان بە تایبەت کە ڕێژەی ٦٨٪ ھەست بە تەبایی و ئاشتەوایی زیاتر دەکەن لە ماوەی کەرەنتینەدا ھەروەھا بەرنامەشیان بۆ کات بەسەربردن ھەبووە لە نێوان بەڵێ و تا ڕادەیەک بە ڕێژەی ٤٨،١٪ و ٣٢،١٪ . کە واتە لێرەدا ناتوانین کەمبوونەوەیسکاڵاکان بە تاکە فاکتەرێک ببەستینەوە وەک دەوامنەکردنی دامودەزگاکان یان بەڕێوبەرایەتییەکانی توندوتیژی یاخود وایدابنێین مانەوە لەماڵەکاندا بووە بەھۆی کەمبوونەوەی توندوتیژی و بەوپێیەش سکاڵاکان کەمیان کردووە بە بەراورد بە پێشوتر، ھەروەھا وەڵامی پرسیارەکانی ڕاپرسییەکە لە ڕێگەی سۆشیال میدیا لە کاتێکدا دەمانگەیەنێت بەوەی کە جۆرێک لە تێگەیشتن و گونجانی کۆمەڵایەتی ھەبووە، بەڵام بە زمانی ئامار نادوێین و بە ژمارە ناڵێین توندوتیژی دژی ئافرەت لە ھەرێمی کوردستان لەو ماوەیەدا زیاد یان کەمی کردووە، لێرەدائەگەر وەک ھەر پێشھاتێک لەم قەیرانە بڕوانین؛ئەوە لایەنی ئەرێنی ھەروەھا نەرێنی ھەیە لەسەر کۆمەڵگە و بۆ ئافرەت بە تایبەتی ھەیە، دەکرێت کەنارگیری ھاونیشتمانیان لەنێو ماڵەکان و ناچاربوون بە زۆرترین کات مانەوە لە ماڵدا ھۆکارێک بێت بۆ زیاتر ھەستکردن بە بەرپرسیاریەتی و گەڕاندنەوەی ئاشتەوایی نێو خێزان و زیاتر لەیەکگەیشتن و ئاشنابوون بە گرفتە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان!. یان دەکرێت مانەوە لە ماڵەکاندا ببێتە ھۆکارێک بۆ ئەوەی تێگەیشتن بۆ چەمکی بێبەھایی کاری ناوماڵ و دابەشکاری ڕەگەزی کار لە ماڵدا گۆڕانکاری بەسەردابێت!.ئەو پەند و ئیدیومانە بگۆدرێن کە ھەمیشە ئافرەت وەک تەواوکەری ماڵ وێنا دەکا و کاری ماڵ دەبەستێتەوە بە ئافرەت و ناچاری دەکات ھەر خەریکی ماڵداری و کاروباری ماڵ و بەخێوکردنی منداڵ بێت و نەیپەرژێتەسەر خۆپێگەیاندن و خۆبونیاتنان!. بە گشتی ماڵ فەزای مێینە و دەرەوە پانتایی نێر بێت. دەکرێت خراپبوونی باری ئابووری خێزانەکان ببێتە ھۆکاری ئەوەی ئافرەتانیش بەشێوەیەکی فراوانتر و زیاتر پەیوەندی بە کارەوە بکەن!، بەوشێوەیەش ھاوسەنگی لە فەزای گشتیدا بێتە کایەوە.ھەموو ئەمانە گریمانە و ھیواخواستنە و ئەگەریش زۆرە کە کۆرۆنا ھیچ گۆڕانکارییەک بەسەر ژیانی خێزانی و کۆمەڵایەتی کۆمەڵگەی کوردستان نەھێنێ و تێگەیشتن بۆ چەمکە کۆمەڵایەتیەکان بەو شێوەیەی کە ئێمە دەیخوازین و کاری بۆ دەکەین نەبێت، بەڵام دەتوانین بڵێین بڵاوبوونەوەی ئەم پەتایە قەیرانێکی سەپاند و زۆربەی کاتیش لە سەروەختی قەیرانەکاندا زیاتر گیانی لێبوردەیی و داھێنان لە کۆمەڵگەکاندا ڕەنگ دەداتەوە، بێگومان ئەگەر بە شێوازێکی ساخلەم مامەڵەی لەگەڵ بکرێ و پلانی پێشکەوتوو بۆ دەربازبوون دابنرێ، ئێمەش لەو ڕوانگەیەوە لەم قەیرانە ھەمەلایەنە دەڕوانین و ھەوڵ دەدەین و ھیواش دەخوازین ئەم بارودۆخە ببێتە مایەی کەمبوونەوەی توندوتیژی و ببێتە مایەی زیاتر ھەستکردن بەبەرپرسیاریەتی و ھۆکارێک بێت بۆ ھاتنەمەیدانی فراوانی ئافرەتان و سەلماندنی تواناکانیان.