ھاوپە یمانی عراقیون .
July 5, 2020
وتار و بیروڕا
پێکھێنانی ھاوپەیمانی عیراقیون لەلان کەسایەتیەکی وەک ( عمار الحکیم )، تەنیا لە پێکھێنانی کوتلەیەکی سیاسی سادەدا کورت ناکرێتەوە بگرە بەبروای زۆربەی چاودیرانی سیاسی ئەم ھەنگاوەی حەکیم یەکێکە لەو پێشھاتە سیاسیانەی کەگۆرانکاری زۆر قورس لەھاوکێشەی نوێی سیاسی عیراقیدا دروست دەکات، خۆری سیاسی عامری ئاوا دەکات و سەرلەنوێ میراتی سیاسی بنەماڵەکەی حەکیم زیندوو دەکاتەوە.
حەکیم و پرۆسەیەکی نوێ
ھەرچەندە تا ئەم ساتە وەختە ئەم ھاوپەیمانێتیە نوێیەو فراوان نیە، بەلام گۆرانکاریەکی زۆر گرنگ لەنێو ھاوکێشەی سیاسیدا دروست دەکات، ئەگەرێکی زۆر کۆتایی بەھاوپەیمانیەتی فەتح بھێنیت و خۆری عامری بەیەکجاری لەگۆڕەپانی سیاسیدا ئاوا بکات، چونکە بنەماڵەی حەکیم لەرووی مێژوویی سیاسی و فیقھی شیعەوە خاوەنی ڕەھەندێکی سیاسی گرنگن، ھەر لە محسین حەکیم باپیرییەوە کە شەستەکانی سەدەی رابردوودا مەرجەعی بالای شیعەی جیھان بووە لەنەجەف ، دواتریش محمد باقر حەکیمی مامی کەیەکەم رابەری شۆرشگیری شیعە مەزھەبە لەمێژووی نوێی عیراقدا، دواتر عەبدولعەزیز حەکیمی باوکی کە سەرکردەیەکی سیاسی بەتوانابوو، ھەریەکێک لەمانە لەقۆناغێکی دیاریکراوی سیاسیدا لەعیراق روڵیان ھەبووە، ئەمەش وایکردووە زۆر بەئاسانی عەمار حەکیم بتوانێت رەھەندێکی سەرەکەوتوو وەربگرێت، وە ئە م ھاوپە یمانیە لە ٤١ پەرلەمانتاری سە ر بە ، (نەھج وەتەنی ونەێر،وەتەن و ئیرادە و دەولەتی قانون ) پیکھاتووە کە تەواویان شیعەن و تەنیا یەک پەرلەمانتاری سونە مەزھەب لەخۆ دەگرێت، ئەمەش نیشانەیەکی روونە کەحەکیم ووردە ووردە دەیەوێت جلەوی سیاسی لەێەدر و عامری وەربگرێت و خۆی وەک تاکە سەرکردەی شیعە بناسێت، لەم ھەنگاوەشدا سوود لەناکۆکی نیوان ئەمریکا و ئێران وەردەگرێت، چونکە ئەمریکیەکان پشتگیرییەکی زۆری دەکەن.
ئەمریکا و کازمی
ھەر لەسەرەتاوە حەکیم ئەوەی خستەڕوو ئامانجی سەرەکی لەم ھەنگاوە پشتگیری کردنە لە حکومەتی کازمی وە چاکردنەوەی دەسەلاتی یاسادانان و دارشتنەوەی سەرلەنوێی پەیوەندیی حزبە سیاسیەکان، بیگومان کازمی کارەکتەری سەرەکی پشت ئەم ھەنگاوانە دەبێت چونکە ئەو لەم کاتەدا پێویستی بەھێزێکی شیعەی خاوەن پێگە ھەیە پشتگیری بکات، ھاوسەنگی سیاسی لەبەرامبەر نفوزی فەتح و سائیروندا بۆ رابگرێت، ئەمە بێجگە لەوەی ئەمریکاش لەکاتی ئەنجامدانی گفتگۆی ستراتیژیدا لەم کەس زیاتر پێویستی بەوە دەبێت کازمی وەک کارەکتەرێکی بەھیزی سیاسی بناسێت بۆ ئەوەی لەسەر ئاستی ناوچەکە و جیھانیش متمانەی بۆ دروست بکات، لەلایەکی ترەوە ئەمریکا زۆرباش دەزانێت بۆ برینی دەستی ئێران پێویستی بەکەسایەتیەکی بەھێزی نێو ئاینزای شیعە ھەیە، ئەمەش دەرفەتێکی مێژووی بۆ حەکیم دروست دەکات، بۆ ئەوەی بتوانێت لەکەمترین ماوەدا پرۆژەیەکی نوێی سیاسی بۆ خۆی دروست بکات.
مەرجەعیەتی نەجەف
حەکیم وەک یەکێک لەنەوەکانی مەرجەعە درێرینەکانی شیعە ھەتا ئەمرۆش خاوەنی ھێزێکی جەماوەرییە لەنێو بازنەی سیاسیدا ، بەم دواییە ھەولی نزیکبوونەوەی زیاتری لەواشنتون داوە، بەتایبەتی دوای ئەوەی کەئێران پشتگیری مالیکی و عامری کرد، کۆتایی بەھاوکارییەکانی بۆ بنەماڵەی حەکیم ھێنا، لە ئێستادا عەمار حەکیم مانۆرێکی سیاسی دەستپێکردووە، نزیکترین ھەنگاویشی لەم سۆنگەیەوە دەیەوێت جلەوی سیاسی لەدەستی (دەعوە) و (بەدر) دەربھێنت، بۆ ھەتا ھەتایی خۆی وەک سەرکردەیەکی سیاسی تەنھای شیعە بناسێنیت، بێگومان لەم ھەنگاوەشدا سیستانی وەک مەرجەعی نەجەف پشتگیری دەکات، چونکە حەکیم بە یەکێک لە پەیرەوانی مەرجەعی نەجەف ناسراوە پێچەوانەی عامری و خەزعەلی کەپەیرەوی مەرجەعی قوم دەکەن، ئەم ھەنگاوەش زیاتر حەکیم بەھیز دەکات، چونکە ھەم ئەمریکیەکان بەدوای کەسێکی لەم چەشنە دەگرین ھەم ھێزە ھەریمیەکانیش بەتایبەتی سعودیە و ئیمارات دەیانەوێت دەستی مەرجەعی قوم لەعیراقدا نەھیڵن.
لەکۆتایدا ئەم ھاوپەیمانێتیە زۆر تایبەتمەندی لەخۆ دەگرێت لەوانە ھێزێکی شیعە مەزھەبی نزیک لە ئەمریکا دەبێت بەجیاوازتر دەردەکەوێت چونکە ھەنگاوەکانی حەکیم زۆر ووردن و تەنانەت ئەگەرێکی زۆرە بتوانێت دەرگای ھاوپەیمانێتیەکەی ھێندە فراوان بکات، کۆتایی بەخەونی ھیلالی شیعی ئیران بھێنیت و قوناغێکی نوێ لە ھاوکێشەی سیاسی لەعیراقدا دروست بکات.