ماڵ لە سەروەختی کۆڕۆنادا

ماڵ لە سەروەختی کۆڕۆنادا

کۆڕۆنا وەک پەتایەکی ترسناکی سنووربڕی جیھانگیر سەرجەمی مرۆڤایەتی بەخۆیەوە گیرۆدە کردووە، دەکرێ لەمەودوا کۆڕۆنا وەک جیاکەرەوەی نێوان دوو قۆناخی مێژووی مرۆڤایەتی بە سەردەمی پێش کۆڕۆنا و پاش کۆڕۆنا پۆڵێن بکرێ. ئەگەر لە پێش کۆڕۆنا باس لە جیھانگیری و نەمانی سنووری نێوان وڵاتان دەکرا، کۆرۆنا کارێکی وای کرد نەک وڵاتان سنوور بەڕووی یەکتردا داخەن، بەڵکو ئەو داخستنە لە نێو شارەکانی یەک وڵات و ھەرێم و تەنانەت خودی ماڵەکانیشدا پێڕەو کرا.
ترسناکی ئەم پەتایە و خێرا بڵاوبوونەوە و تەشەنەسەندنی و ڕووبەڕووکردنەوەی مرۆڤەکان لەگەڵ مەرگێکی تراژیدی، بووە بە ھۆی تێڕامانی مرۆڤ لەوەی دەکرێت کۆرۆنا وەک وێستگەیەک بێت بۆ بەخۆداچوونەوەی مرۆڤەکان و پەرەپێدان بە دۆستایەتی و ھاوئاھەنگی و گیانی ھاوکاری یان بە پێچەوانەوە مرۆڤ پاڵ پێوە بنێ بەرەو زیاتر خۆویستی و خۆپەسەندی، بە تایبەت کاتێک ئەم پەتایە کارێکی وای کرد مرۆڤەکان سڵ لە یەکتری بکەنەوە و دورەپەرێزی و گومانبردن ببێتە پردی پەیوەندی نیوانیان،
خۆپارێزی کە بە واتای ئەوپارێزی، کۆمەڵگە، وڵات و ژیانپارێزیشە گرنگترین و سەرەکیترین ڕێنمایی پزیشکانە بۆ ھاوڵاتیان و باشترین خۆپارێزیش زۆرترین مانەوەیە لە ماڵەکاندا، ماڵ لە سەرانسەری جیھاندا وەک پارێزراوترین شوێن خێزانەکانی تێدا کۆبووەو بەمەش کۆرۆنا جارێکی دیکە بیری ھەموانی ھێنایەوە کە ماڵ چەندە گرنگە لە ژیانی مرۆڤدا. ماڵ وەک شوێنێک بۆ کۆبوونەوەی مرۆڤەکان و پێکەوەبوونیان لە چوارچێوەی پەیوەندیی ھاوبەشی و ڕێز و خۆشەویستی و نەوایەکی پڕ ئاسایش و ھاوسەنگ لە ئەرک و ماف و بەرپرسیاریەتی دوور لە پەیوەندی فەرمی و پیشەیی.
ماڵ لە کۆمەڵگەی کوردستانیدا پیرۆزی خۆی ھەیە و گرنگی تایبەتی پێ دەدرێت."ھیچ شوێنێک وەک ماڵ نییە، لە ھیچ کوێ ئاسودە نابی ماڵی خۆت نەبێ" و ھی تریش لەو دەستەواژانەن کە بەردەوام بەرگوێمان دەکەوێت؛ ھیچ نکۆڵی لەمانە ناکرێ و ماڵ لەوەش زیاتر گرنگەو ئەو شوێنەیە کە مرۆڤ تێیدا پشو دەدا و دەحەسێتەوە، ھەست بە سەربەخۆیی و خاوەنداری و ئازادی دەکات و پەیوەندییەکی ڕۆحی تەنانەت بە کەرەستە و دار و بەردی ماڵەکەش دەیبەستێتەوە. بەڵام ھەموو جار و بۆ ھەموو کەسێک بە تایبەت بۆ ئەو ئافرەتانەی کە بەھۆی چەندین بەھا و بیروباوەڕی ڕەگەزسالاری ماڵەکانیان بۆ کراوە بە شوێنێک بۆ چەوسانەوەو ستەم و توندوتیژی یاخود سوکایەتی و بەکەم سەیرکردن و پەراوێزخستن، بەو شێوەیە نییە.
مینتاڵیەتی پیاوسالاری پاوانخواز بۆ ھەر بابەت و پرسێک تێگەیشتنێکی ھەیە و ئەو تێگەیشتنەش پیرۆزی وەرگرتوەو قبوڵکراوی کۆمەڵایەتییە، خێزان وەک دەزگایەکی کۆمەڵایەتی و سەرەکیترین و گرنگترینیان بەشی شێری بەرکەوتوە لە پیڕەوکردنی ئەو تێگەیشتنانە، لەو چوارچێوەیەدا کۆمەڵێک چەمک دەکرێت بە پێوەر بۆ خێزان و دەبێت لە چوارچێوەی ماڵەکاندا پێڕەوبکرێن. ھەموو ئیشوکارێکی ماڵ و بەخێوکردنی منداڵ دەخرێتە ئوستۆی ئافرەت و پیاو بەدەردەکرێ لەو کارانە. بەڵام کە دێتەسەر بڕیاردان و خاوەنداری ئەوە پیاو باڵادەست و خاوەن ماڵ و بڕیارە. کاتێکیش کە لە مافەکانی خۆی دێتەدەنگ ئەوە ڕووبەڕووی توندوتیژی دەرونی و زارەکی و جەستەیی دەبێتەوە، ئەو شێوازە لە پەیوەندی ناتەندروست بۆ منداڵەکانیش دەگوازرێتەوە، دەسەڵاتی ڕەھا دەدرێ بە کوڕی ماڵ بەوپێیەی کوڕ وەک ھەڵگری ناونیشان و جێگری باوک و پارێزەری ڕەچەڵەکی خێزان وێنا دەکرێ. لێرەدا ماڵ ئەو شوێنە نابێ و کە لێی دواین و پێچەوانە دەبێتەوە لەگەڵ ئەو وێنا ئایدیاڵییە کە بۆی دەکرێت، ماڵ ئەو دەزگایە نابێت کە سەرجەمی تاکەکانی تێیدا ھەست بە ئازادی و خاوەنداری و شکۆ بکەن.ئەوکاتە ماڵ نەک ھەر پارێزراوترین و ئارامترین و خۆشەویستترین شوێن نییە بۆ ئافرەت، بەڵکو نائارامترین و مەترسیدارترین شوێنە.
گۆڕینی ئەم کەشە بەوە دەبێت کە پەیوەندی ئافرەت و پیاو لە ژن و مێردەوە بگۆڕێت بۆ پەیوەندی ھاوژینی و ھاوژیانی، ڕەنگە یەکەم ھەنگاو بۆ ئەم گۆڕانکارییە لە ناندینی ماڵەوە دەست پێ بکات، کاتێک پیاو بڕوای بەوە ھێنا چێشتکردن و ماڵداری ھەر ئەرکی ئافرەت نییە بەڵکو ئەرکی ئەویشە، دواتر بڕوا بەوەش دەھێنێت کە بڕیارەکانیش ھی ھەردوو ھاوژینە و دەبێت بە ھەماھەنگی و تێگەیشتن بێت نەوەک خۆفەرزکردن و تاکڕەوی، چونکە ئەو شوێنە کە ماڵە شوێنی ژیانکردنی ئەو دوو مرۆڤەیە کە بڕیاریان داوە پێکەوە بژین و خێزانێکیان بونیاتناوە، لە پەروەردەوە دەست پێ دەکات دوور لە پەروەردەی ڕەگەزی و بەپەسەندزانینی ڕەگەزێک لە ئاست ڕەگەزەکەی دیکە؛ بەڵکو پێڕەوکردنی پەروەردەیەک لەسەر بنەمای مرۆڤسالاری و یەکسانی لە بەھا و پلەدا بۆ ئەوەی تاکێکی نوێخواز و کراوە دوور لە ھزری توندڕەوی و شەڕانگێزی و خۆپەسەندی پەروەردە بکرێ.
Top