قەیرانەکان و پلانەکانی ڕووبەڕووبونەوەیان لە گوتارەکەی سەرۆکی حکومەتدا

قەیرانەکان و پلانەکانی ڕووبەڕووبونەوەیان  لە گوتارەکەی سەرۆکی حکومەتدا

گوتارە مێژووییەکەی ڕێزدار مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، ڕوون و ڕاشکاو و پڕ پەیام و ئاماژەی گرنگ بوو، پەیامی پارێزگاری لە سیستەم و قەوارەی ھەرێمی کوردستان بە یەکگرتوویی و ڕەتکردنەوەی ھەر ھەوڵێک بۆ لاوازکردن و دابەشکاری، سوربوون و پاشەکشەنەکردن لە پرۆسەی چاکسازی و ڕووبەڕووبونەوەی گەندەڵی، ھەمەجۆرکردنی داھات و خۆلادان لە پشتبەستن بە تاکە داھات، باشکردنی دۆخی ھاوڵاتیان، لە ھەمووی گرنتر گەشبینی و ورەبەرزی سەرۆکی حکومەت و تیشک خستنەسەر کێشەکان و ڕاشکاوی و شەفافیەت، ھەموو ئەوانەش ورەی ھاوڵاتیانی ھەرێمی کوردستانی بەرزکردوە و لە ئێستاوە دڵنیایین کە ھەرێمی کوردستان بەسەر ئەم ھەورازەش سەردەکەوێت و قەیرانەکان تێدەپەڕێنێت.

لە دوای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و راگەیاندنی کارنامەی حکومەت لەلایەن ڕێزدار مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی ھەرێم، جەماوەری کوردستان بەو کارنامەیە خۆشحاڵبوون و دەتوانم بڵێم زۆرینەی جەماوەریش خواست و داواکارییەکانیان وەک ھاوڵاتییەکی ئەم ھەرێمە لە چوارچیوەی ئەو کارنامەیەدا دەبینییەوە، ئەمەش لە ڕوانگەی ڕەنگدانەوەی خاڵ و بڕگەی ھەنوکەیی و دوورمەودا و ھەمەلایەن و تیشک خستنەسەر کۆی سێکتەرەکان و جێکردنەوەی خواست و داواکارییەکانی سەرجەم چین و توێژەکانی جڤاتی کوردستانی لە چوارچێوەی کارنامەکە و لە ھەمووی گرنگتر جدیبوون ھەروەھا پاشخانی سەرکەوتوی ئەزمونی ڕێزدار سەرۆکی حکومەت لە سەرکردایەتیکردنی پرسی ئارامی و ئاسایشی ھەرێمی کوردستان.
بەلەبەرچاوگرتنی ھەموو ئەو دەسکەوتە کارگێڕی و ئاوەدانی و گەشەسەندنە ھەمەلایەنانەی لە بوارەکانی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی، کابینەکانی پێشوتری حکومەتی ھەرێم و مێژووی پرۆسەی حوکمڕانی لە ھەرێمی کوردستان و ھەنگاوەکانی زیاتر بەدامەزراوەییبوونی ئەم قەوارە نیمچە سەربەخۆیە کە ھۆکار بوون لە گەشەسەندنی ھەرێمی کوردستان، دواتر قەیرانی دارایی و ھێرشی بەربڵاوی تیرۆریستانی داعش و بڕینی بودجەی ھەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی ناوەند، پاشان ھیڕشی میلیشیاکان ھەرێمی کوردستانی ڕووبەڕووی بارودۆخێکی سەخت کردەوەو ھەر بە حیکمەتی سەرۆک بارزانی و بە دیبلۆماسیەتی سەرۆکی پێشووی حکومەت ڕێزدار نێچیرڤان بارزانی ھەرێم لەو مەترسی و بارودۆخە سەختە ڕزگاری بوو.

ھەربۆیە دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەم لە ئان و ساتێکی پڕ قەیراناوی و ئاستەنگ بۆ بەڕێوەبردنی ھەرێمێک کە تازە شەڕی تیرۆر یەخەی بەردابوو، گیرۆدەی چەندین کێشەی دژوار بوو کارێکی سەخت بوو، ھەر دوای چەند مانگێکیش ڕووبەڕووی پەتای کۆرۆنا و دواتریش قەیرانی ئابوری جیھانی کە خۆی لە دابەزینی تەواوی نرخی نەوت دەبینییەوە، ھەردوو ئەم قەیرانەش قەیرانی جیھانین و کاریگەرییان لەسەر رەوتی پێشکەوتنی مرۆڤایەتی لەسەر گۆی زەوی داناوە، لێرەدا ئەگەر بە چاوی بەراوردکاری سەیری مامەڵەی حکومەت لەگەڵ ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بکەین؛ دەبینین حکومەتی ھەرێم بە گرتنەبەری ھەنگاوی پێشوەختەی خۆپارێزی و پلانی دەستوبرد تا ڕادەیەکی باش ھاولاتیانی ھەرێمی کوردستانی لەو پەتایە پاراست و نمونەیەکی جوان و سەرکەوتوی پیشانی جیھان دا، لە ڕووبەڕووبونەوەی قەیرانی داراییش وەک لە گوتارەکەی سەرۆکی حکومەت ڕەنگی دایەوە دەبینین پلانی حکومەت تۆکمە و ستراتیژییەو ئاماژەکانی دەربازبوون ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر دەدەکەون.
داکۆکیکردن لە مافی ھاوڵاتیان و ھەڵبژاردنی بەرەی زۆرینەی جەماوەر لە ھەمان کات ڕاگەیاندنی پرۆسەیەکی سەرتاسەری چاکسازی لە چوارچێوەی گوتاری سەرۆکی حکومەت، خۆی لە خۆیدا لوتکەی بوێری و سوربوونە بۆ سەرکەوتن. ھەربۆیە لە دووتوێی گوتارەکەی سەرۆک وەزیران ئاماژەکانی سەرکەوتن دەرکەوتن و دواتریش وەک سەرۆکی حکومەت ئاماژەی پێکرد، شەریکی سەرکەوتنەکان زۆر دەبن.

• سکرتێری یەکێتی ئافرەتانی کوردستان
Top