یەک پرسیار و یەک وەڵام و چەندین رەفتاری جیاواز

یەک پرسیار و یەک وەڵام و چەندین رەفتاری جیاواز

لە سیاسی و ناسیاسی، لە گەورە و بچووک، لە مامۆستایەکی زانکۆوە بگرە تا دەگاتە نەخوێندەوارێک و کاسبکارێک، لەم وڵاتە لە هەر کەسێک بپرسی: کورد لەم قۆناغە هەستیار و چارەنووسسازەدا چی بکات باشە؟ یەک وەڵام وەردەگری ئەویش تەبایی ناو لایەنەکان و کۆدەنگی و یەکهەڵوێستی کوردە، بەڵام کاتێ باس دێتە سەر رەفتار و کردار بەشێک لە بەرپرس و سیاسییەکان پێچەوانەی ئەو وەڵامە هەنگاو دەنێن، هەنگاوی ئەو بەرپرس و سیاسیانە پەیوەندی بە پاراستنی بەرژەوەندی خۆیان و حزبەکەیانەوە هەیە و لەو دیدگایەشەوە بۆ تەبایی و کۆدەنگی نەتەوەیی دەڕوانن، لە هەر کات و ساتێکدا تەبایی و کۆدەنگی زیان بە بەرژەوەندیە کەسی و حزبییەکانیان بگەیەنێ بە هەر شێوەیەک بۆیان بکرێ دژی دەوەستنەوە، بەڵام ئەوەی جێگای سەرنج و تێڕامانە هەڵوێستی بەشێک لە خوێندەوار و ئەو خۆ بە رۆشنبیرزانانەیە کە لە پێناو بەدەستهێنانی رەزامەندی سیاسییەکان پێچەوانەی وەڵامەکەی خۆیان رەفتار دەکەن و پاساو بۆ هەڵویستی تێکدەرانەی سیاسی و بەرپرسە بەرژەوەندخوازەکان دێننەوە، رەفتاری دووڕووانەی ئەو خوینەداوار و بەناو رۆشنبیرانە دەبێتە پاڵپشتێک بۆ ئەو سیاسی و بەرپرسانەی کە بەرژەوەندی کەسی و حزبی پێش بەرژەوەندیە نەتەوەیی و نیشتیمانیەکان دەخەن، رەفتاری ئەو خوێندەوار و بەناو رۆشنبیرانە زۆر مەترسیدارە، چونکە ئیش و کاریان شاردنەوەی راستییەکان و بەلاڕێدا بردنی رای گشتییە، بەوەش هەم خزمەت بە سیاسی و بەرپرسە بەرژەوەندخوازەکان دەکەن و هەمیش خزمەت کردنی داگیرکارانی کوردستانە.
Top