ئیدریس بارزانی دیپڵۆماتکارێکی خاوەن ئەزموون
January 30, 2020
وتار و بیروڕا
لە سەفیری وڵاتانی ئەوروپییەوە بگرە تا مەلاکانی ئێران دەهاتنە لای کاک ئیدریس. ئەو کەسایەتییەکی سیاسیی، سەربازیی و کۆمەڵایەتی و دیپلۆماتێکی بە توانابوو، لەگەڵ هەرکەسێک وەک کەسی ڕووبەڕووی قسەی دەکرد. لەگەڵ جوتیار، جوتیار بوو و لەگەڵ سیاسیکار، سیاسەتمەدار و لەگەڵ ئەوەشدا پێشمەرگەیەکی سادە، نەترس و خاوەن پلان بوو، ئەوانەی لەگەڵ ئیدریس دادەنیشتن، چاویان دەکرایەوە و ئەگەر پێشمەرگەیەک یان کەسێکی ئاسایی شەهید دەبوو، زۆر بە توندی نارەحەت دەبوو. بەرلە شەڕ و جەولە کردنی پێشمەرگە، لەگەڵ پێشمەرگەکان قسەی دەکرد و ئامۆژگاری دەکردن و بە دوور لە چاوی پێشمەرگەکان، بە بەرپرسەکانی ڕادەگەیاند کە هوشیار بن و پێشمەرگە بە کوشت نەدەن.
جارێک حافز ئەسەد بانگهێشتی کرد بوو، و کاک ئیدریس چوو. لە فڕۆکەخانەی دیمەشق، ڕۆژنامەنوسێک پرسیاری لێدەکات و دەڵێت: "سەدام حوسێن بەعسییە و دوژمنتە و حافز ئەسەدیش بەعسییە. ئێوە چۆن باوەڕی پێدەکەن؟" ئیدریس لە وەڵامیدا دەڵێت: ئێمە دوژمنی هیچ کامیان نین، ئێمە هاتووین ئەگەر هاوکاریمان بکات، قەبووڵی دەکەین و ئەگەر بیهەوێ بە قازانجی خۆی بەکارمان بهێنێت، بۆ ئێمە جیاوازییان نابێت.
کاک ئیدریس هەوڵیدەدا کۆماری ئیسلامی لە دوکتۆر قاسملوو نزیک بێتەوە. جارێک وەفدێک لە مەلاکانی ئێران هاتنە لای و گوتیان: "خودموختاری لە قورئاندا نییە و ئێمە قەبووڵی ناکەین." کاک ئیدریس لە وەڵامیاندا گوتی: هەر ئەو پرسەی کە ئێوە لە منی دەکەن، جارێک لە لایەن بەعسییەکانەوە، ئاراستەی باوکم کرا. لە وەڵامیاندا فەرمووی: "وەرن بە قورئانمان لەگەڵ بکەن، بزانن ئەو زیاترە یان حوکمی زاتی."
پێشمەرگەکان شەش ئەندازیاریان گرتبوو. گیراوەکان ئەڵمانی، فەرەنسی و هی دەوڵەتێکی تر بوون. ڕۆژێک سەفیری ئەڵمانیا لە ئێران هاتە لای ئیدریس و داوای بەردانی ئەندازیارەکانی کرد، کاک ئیدریس گوتی: ئەموانە بەردەدەم، بەڵام تۆش بچووە لەو هەشت هەزار کەسەی کە لە ئێمە گیراوە، یەک کەسمان بۆ ئازاد بکە کە هەموو بنەماڵەکانیان ئاوارەن، منداڵەکانیان بەبێ باوک و ژنەکانیان بەبێ سەرپەرشت ماون. ئیدریس پێی گوت: ئەوەیە دیموکراسی و مافی مرۆڤ کە ئێوە باوەڕتان پێیانە؟
ڕۆژنامەی ئیتلاعات لە ژمارەی ڕۆژی ٢٦/٧/١٣٥٨- ١٨/١٠/١٩٧٩دا چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ ئیدریس بارزانیی بڵاوکردەوه. ناوبراو لە بەشێکیدا سەبارەت بە بەئاشتی چارەسەرکردنی کێشەکانی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دەڵێت:
چونکە ئێمە میوانی میللەتی ئێرانین، بە هیچ شێوەیەک دەست لە کاروباری ناو ئێران وەرنادەین و داوا دەکەین گیروگرفتی گەلی کورد لەڕێی وتووێژ و ئاشتییەوە چارەسەر بکەن. داوای ئێمە لە کوردەکانی ئێرانیش ئەوەیە کە هەوڵبدەن گیروگرفتی خۆیان بە ڕێگەی ئاشتییخوازانە و برایانە لەگەڵ ئیمام خومەینی چارەسەر بکەن و ڕێگە نەدەن دوژمنانی میللەتی ئێران و دوژمنانی گەلی کورد کەڵکی خراپ وەربگرن. هەرچەشنە ڕێککەوتنێک لەم بوارەدا، یارمەتیدەرە بە یەکیەتی خاک و نەتەوەیی ئێران. ئێستا هەموو ئەوانەی کە ئێمە دەیبیسین لەچوارچێوەی ئیسلامیی و برایەتی دایە و هەروەک خوای گەورە لە قورئانیشدا دەڵێت: إنما المؤمنون إخوة "هەموو موسوڵمانەکان پێکەوە بران"، دیسانیش برای گەورە دەبێت لە بوارەکانی سیاسی، ئابووری و فەرهەنگییەوە مافی برای بچوکی خۆی بدات، بەڵام ڕادەی دروستیی ئەو مافە لەلایەن نوێنەرانی ڕاستینی گەلی کورد و دەوڵەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دیاریی دەکرێت. ڕەنگە دوای خودموختاریی هەندێک گیروگرفت سەرهەڵبدات، بەڵام ئومێدەوارین بە هۆشیاریی هەموو خەڵکانی ئێران، گرفتەکان چارەسەر بکرێن. ئەو خودموختارییەی کە ئێمە بیری لێدەکەینەوە، بەڕێوەبردنی هەرێمی کوردەکانە، بەڵام بوارەکانی سەربازیی، ئابووری و سیاسەتی دەرەوەیان لە دەست حکومەتی ناوەندییدا دەبێت