پێگەی كوردستان و سەرۆكەكەی لە داڤۆس
January 26, 2020
وتار و بیروڕا
لە كاتێكی هەستیار و لە كۆڕبەندێكی نێودەوڵەتیدا لە داڤۆس رێزدار نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان چەندین دیدار و چاوپێكەوتنی گرنگی لەگەڵ سەرۆكی وڵاتان و سەرۆك وەزیران و بەرپرسانی گەورە رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان سازدا، دیدارەكەی سەرۆكی هەرێم لەگەڵ دۆناڵد ترامپ سەرۆكی گەورەترین وڵاتی جیهان لەو كۆڕبەندەدا و بە ئاڵای كوردستانەوە، گرنگترینی ئەو دیدار و رووداوە دیپلۆماسییانە بوون، لە رووی سیاسی و ئابوورییەوە بایەخێكی ئێجگار زۆری هەبوو، بە رادەیەك لە كۆشكی سپی و لە ناوەندەكانی ئەمریكا بە گرنگییەوە باسی كرا، ئەمە جگە لە بڵاوكردنەوەی قسەكانی هەردوو سەرۆك لە لایەن كۆشكی سپییەوە، تەلەفزیۆنی فوكس نیوزی ئەمریكاش راستەوخۆ قسەكانی پەخش كرد. لە رووی دیپلۆماسییەوە دانانی ئاڵای كوردستان جگە لەوەی وەكو رێز و ستایشی گەلی كوردستان و قارەمانێتیی هێزی پێشمەرگە بوو، نیشانە و ئاماژەیەكیش بوو بۆ ئەو سیاسەتە راست و دروست و سەركەوتووەی كە سەرۆكی هەرێم لە رووی پەیڕەوكردنی دیپلۆماسییەتێكی زیرەك و عاقڵانەوە پەیڕەوی كردووەو، درێژەپێدەری سیاسەتی ژیرانە و نیشتمانپەروەرانەی سەرۆك مسعود بارزانی-یە و پەروەردەی قوتابخانەی بارزانی-ی نەمرە، ئەم سەركەوتنەی رێزدار نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە كۆڕبەندی داڤۆس بەرهەمی ئەو سەركەوتنەیە كە لە ناوخۆی هەرێمدا بەدەستی هێناوە و، سەرۆكایەتیی هەرێم بووەتە چەتری كۆكەرەوەی هەموو حزب و لایەنە سیاسییەكان و لە بەغداش یەكڕیزی و یەكدەنگیی لێ كەوتۆتەوە، كوردستانیش بووەتە پێگە و ناوچەیەكی ئارام و سەقامگیر و جێی بایەخی گەورەی وڵاتانی پیشەسازیی جیهان، كە وەكو هەرێمێكی بەهێز و سەقامگیری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەیر دەكرێت.
سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەم دیدارەی لەگەڵ ترامپ و هاوكات قسەكانی سەرۆكی ئەمریكاش ئەوەیان سەلماند كە پارێزگاریكردنی هەرێمی كوردستان لە ریزبەندی پێشەوەی كارەكانی كۆشكی سپی و ئەمریكایە، ئەو وەكو هەرێمێك لە ناو دەوڵەتێكدا مامەڵەی لەگەڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستان نەكرد، بەڵكو وەكو پێگەیەكی بەهێز و گرنگ هەڵسوكەتی لەگەڵ كرد، بەمەش سەرۆكی هەرێمی كوردستان سەلماندی كە هەروەكو چۆن لە بەرپرسیارێتیی پاراستنی یەكڕیزی و تەبایی ناوخۆ سەركەوتوو بووە، هەرواش لە مەحافیلە نێودەوڵەتییەكاندا رۆڵ و پێگەی دیار و بەرچاوە، ئەم سەركەوتنەی سەرۆكی هەرێم و كوردستانییان بۆ ئەو پشتگیرییە بەهێزەی سەرۆك مسعود بارزانی دەگەڕێتەوە كە لە ناوخۆی هەرێم و مەحافیلە نێودەوڵەتییەكاندا لە بەڕێزیان دەكرێت، لەو دیدارەدا لە داڤۆس سەرۆكی گەورەترین وڵاتی جیهان و ستافەكەی زۆر بە وریایی و ژیرییەوە ئەو سەرۆك و كەسایەتیانەیان دیاریكردبوو، كە لە میانەی رێوڕەسمی كۆڕبەندەكەدا دۆناڵد ترامپ بیانبینێت و نیشانەی گرنگی و بایەخی سیاسەتی ئەمریكایە بە هەرێمی كوردستان، بۆ پێگەی ئابووریی هەرێمیش بایەخ و گرنگی خۆی هەیە، كاتێك سەرۆكی گەورەترین وڵاتی جیهان بە سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەڵێت: «جێگەی خۆشحاڵییە لەگەڵ سەرۆك بازرانی-ی كوردستاندام و كۆبوونەوەیەكمان هەیە و كاتەكەی دیاری دەكرێت، ماوەیەكی زۆرە دەمانەوێت كۆببینەوە و پێكەوە زۆر باش كارمان كردووە». لە كۆتاییشدا دەڵێت: «جێگای خۆشحاڵیمە لەگەڵ تۆ دام، زۆر سوپاس» ئەم وتانە پەیام و واتایەكی زۆر گەورەی بۆ گەلی كوردستان و سەرۆكەكەی هەڵدەگرێت.
سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە پانێڵێكدا لە داڤۆس بە ناونیشانی (رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ناسەقامگیر) بەشداریی كرد و باسی ئاڵۆزی و پشێوییەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عێراقی كرد و ئاماژەی بەوەش كرد، كە رووداوەكانی عێراق كاریگەرییان لەسەر هەرێمی كوردستان هەیە، هەر بۆیە سەرۆكی هەرێم گوتی: «هەموو هەوڵی هەرێمی كوردستان ئەوەیە كە دۆخی عێراق ئارام بێت و لەگەڵ بەغداش هەوڵەكانمان بەردەوامن، بۆ دۆزینەوەی رێگەیەك بۆ دەرچوون لەو كێشەیە» هەروەها گوتی: «لە هەرێمی كوردستاندا ئێمە ناتوانین خۆمان جیا بكەینەوە لەوەی تا ئێستا لە عێراق دەگوزەرێت و ئێمە بەشێكین لەم وڵاتە، بێگومان ئەوەی لەوێ روودەدات، كاریگەریی لەسەر دۆخی ئێمەش هەیە...» سەبارەت بە بڕیاری پەرلەمانی عێراقیش بۆ دەركردنی هێزە بیانییەكان، نێچیرڤان بارزانی بە راشكاوانە ئاماژەی بە مەترسیی پشتگوێخستنی ویست و ئیرادەی كورد و عەرەبی سوننەش كردو گوتی: «ئەوەی لە پەرلەمانی عێراق روویدا كارێكی دروست نەبوو، سەرهەڵدانەوەی داعش و تیرۆریزم لە عێراق مەترسییەكی جددییە و عێراق پێویستی بە یارمەتیی نێودەوڵەتی و ئەمریكا هەیە و پێویستە هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق بمێننەوە...» سەرۆكی هەرێمی كوردستان سەبارەت بە خۆپیشاندانەكانیش گوتی: «گەلی عێراق شایستەی ژیانێكی باشترن و پێم وایە بەو خۆپیشاندانانەی كردوویانە پەیامی خۆیان بە دەسەڵاتدارانی عێراق گەیاندووە، دەبێ ئێمە هەست بە بەرپرسیارێتی بكەین...»، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە پانێڵەكەدا باسی لە كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراقیش كردو كاتێك ئاماژەی بەوەكرد كە دەمانەوێت كێشەكانی خۆمان لە چوارچێوەی عێراقدا چارەسەر بكەین، بەڵام ئەگەر لە بەغدا بە چاوێكی دیكە سەیری ئەم پێكهاتانە بكرێت، ئەوا بێگومان كێشە دروست دەبێت، ئەم هەنگاوە مێژووییەی رێزدار نێچیرڤان بارزانی وایكرد كە گەورەترین زلهێزی جیهان لەسەر زاری سەرۆكەكەیەوە لە كۆڕبەندەكەی «داڤۆس»دا بڵێت: ئێمە قەرزارتانین، ئەمە وێڕای ئەوەی سوپاس و پێزانینی ئەمریكا بۆ رۆڵی هەرێمی كوردستان و پێشمەرگەی لە تێكشكاندنی داعش و پاراستنی پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانی كوردستان دووپات كردەوە. بەشێوەیەكی گشتی لەم خولەی كۆڕبەندی ئابووریی جیهانی لە داڤۆس، كوردستان و سەرۆكەكەی رووداوە دیپلۆماسی و گەورەكە بوون، كە ئارامی و سەرقامگیرییەكی باش بە هەرێمەكە دەگەیەنێت و كۆمپانیاو بیزنێسكار و گەورە وەبەرهێنی زیاتر ئامادەییان دەبێت كە روو لە هەرێمێكی سەقامگیر و ئارام و بەهێز بكەن، كە جێگای ستایش و رێزی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئەمریكایە.