سەرۆک و کورسی

سەرۆک و کورسی

لە دنیادا سەرۆکەکان دەکرێن بە دوو بەشەوە، سەرۆکی مێژووکرد و سەرۆکی کورسیکرد، هەرچی سەرۆکە مێژووکردەکانن بە قەد گەورەیی خۆیان کورسی گەورە دەکەن، هەرچی سەرۆکە کورسیکردەکانیشن کورسییەکە وەک خۆیان بچووک دەکەنەوە، ئەوە جیاوازی سەرۆکی مێژووکرد و سەرۆکی کورسیکرد بوو، بۆیە ئەوانەی پێیان وابوو کورسی سەرۆک بارزانی گەورە کردووە دەکرێن بە سێ گرووپەوە، گرووپی یەکەم ئەوانەن کە لە مێژوو بێئاگان، گرووپی دووەم ئەوانەن کە لە ئاست مێژوو هەست بە کەمی و خەجاڵەتی خۆیان دەکەن، گرووپی سێیەمیش ئەوانە کە کەوتوونە ژێر کاریگەری ئیرهابی فکری گرووپی یەکەم و دووەم.
مێژوو ئەو راستییەی دەرخستووە کە لە هیچ کات و زەمانێکدا کورسی کەسی گەورە نەکردووە و هەر کەسێکیش گەورەیی خۆی لە کورسیدا بینیبێ بۆتە پەندی زەمانە، بۆیە دەبێ ئەوانە تێبگەن کە سەرۆک بارزانی بە کورسی و بێ کورسی هەر گەورەیە، چونکە ئەوەی کەسەکان بە گەورەیی دێڵێتەوە مێژووە، پێشمەرگە بوونە، خەبات و قوربانیدانە لە پێناو گەل و نیشتیمانەکەیدا، کوردبوون و کوردایەتی کردنە.
جا ئەگەر لە خەسڵەت و تایبەتمەندیەکانی سەرۆکی مێژووکرد و سەرۆکی کورسیکردەوە بۆ گەورەیی سەرۆک بارزانی بڕوانین، تێدەگەین کە گەورەیی سەرۆک بارزانی مێژووکردە نەک کورسیکرد، پێچەوانەی ئەو کەس و دەستە و گرووپانەی بۆ شاردنەوەی بچووکی خۆیان بانگەشەیان بۆ دەکرد، بۆیە دەبێ ئەوانە تێبگەن کە سەرۆک بارزانی بە کورسی و بێ کورسی هەر گەورەیە و بە گەورەییش دەمێنێتەوە.
لە رووی مێژووەوە سەرۆک بارزانی جیا لەوەی خۆی خاوەنی مێژوویەکی پڕ لە سەروەری و دەستکەوتە بۆ کورد، لە باب و بنەماڵەکەشیەوە مێژووی پێشمەرگە بوون و خەبات و قوربانیدان و کوردبوون و کوردایەتی کردنی بە میرات بۆ ماوەتەوە و بۆ ساتەوەختێکیش دەستبەرداری ئەو بنەما جوانانەی ئەو مێژووە نەبووە, هەر ئەوەشە سەرۆک بارزانی بە گەورەیی هێشتۆتەوە و هەر بە گەورەییشی دەهێڵێتەوە، رووداوەکانی ئەم دواییە و دوای ئەوەی سەرۆک بارزانی جگە لە کورسی مێژووی پێشمەرگایەتی و کوردبوون و کوردایەتی هیچ کورسییەکی تری نەما، ئەوەتا هەموو ناوەندە ناوخۆیی و نێودەوڵەتیەکان سەرۆک بارزانی بە سەرۆکی هەموو سەرۆکە یاساییەکان دەزانن، چونکە ئەوان لەو راستییە گەیشتوون کە سەرۆک بارزانی یاسای کورسی سەرۆکبوونی خۆی لە مێژووی پێشمەرگایەتی و کوردبوون و کوردایەتی و قوربانیدان وەرگرتووە و هیچ هێزێکیش ناتوانی ئەو کورسییە مێژووکردەی لێبستێنێ.
Top