چارەنووسی گەلان و بەرژەوەندیی دەوڵەتانی دەرەكی
December 11, 2019
وتار و بیروڕا
كاتێ باس لە رووخان و نەمانی یەكجارەكیی خەلافەتی داعش دەكرێت و وا پیشان دەدرێت كە بە كوشتنی ئەبوبەكر بەغدادی ئەو رێكخراوە كۆتایی هاتووە، خۆی لە خۆیدا ئەو راستییە دەسەلمێنێت كە ئەوەی لەم بارەوە دەگوزەرێت وەهمێكە و بە بەشداریی (70) دەوڵەت نەتوانرا كۆتایی بەو رێكخراوە بهێنرێت، بەڵگەش بۆ ئەمە هەڵكشانی جموجۆڵییەتی لە ناوچە جیاجیاكانی عێراق.
ئەوەی بارودۆخەكەی زیاتر ئاڵۆزكرد و دەرگای بۆ زیادبوونی ئەو جموجۆڵانە كردەوە(بە تایبەتیش لە سووریا) كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا بوو لەگەڵ هێشتنەوەی هێزێكی كەم لە دێرزورو حەسەكە، هاوكێشەكە بە شێوەیەكی دیكە كەوتەوە، ئەو ناوچانەی پێشتر داعش كۆنتڕۆڵی كردبوون دوای ئەم كشانەوەیە بە بەتاڵی مانەوەو ئەم جارە كەوتنەوە دەست هێزەكانی سەر بە ئێران و توركیاو ئەمریكا و رووسیا.
نووسەری ناودار (سیس فرانتزمان) لە گۆڤاری (فۆرین پۆلیس)ی ئەمریكی وتارێكی نووسیوەو تێیدا ئاماژە بەوە دەكات كە ململانێی تازە سەری هەڵدایەوە، لەوەی پێشتر ئاڵۆزترو بێ چارەسەری نزیك، خۆپیشاندانەكانی عێراق و پەلاماری هێزەكانی توركیا بۆ سەر ناوچە كوردنشینەكانی سووریا، وێڕای مناكۆكی و ململانێی توندی نێوان ئیسڕائیل و بریكارەكانی ئێران، وەك حزبوڵا.
دیارە عێراق و سووریا شەڕەكەیان بردەوە، بەڵام ئاشتییان لە دەست دا، بەڵگەشمان سەرهەڵدانەوەی ململانێی ئاڵۆزترو كارەساتبارتر كە خەریكە ناوچەكە دەگرێتەوە، ئەوەتا بە بەهەزاران خەڵكی دیكە ئاوارەبوون و ماڵ و حاڵی خۆیان جێهێشت و بە هەزارانی دیكەش بێ سەروشوێن بوون.
ئەگەر بە لایەكی دیكە باس لەم بابەتە بكرێت، دەبێت ئەو راستییەمان لەبەر چاو بێت كە تا ئێستا پتر لە سێ هەزار هاووڵانی ئێزیدی بێ سەروشوێنن كە لە ئاكامی هێرشەكەی ساڵی 2014ی داعش بۆ سەر ناوچەكانیان رفێندران، سەرباری چەندین گۆڕی بە كۆمەڵ كە زۆربەی روفاتەكان نەناسراونەتەوە.
ئەو نووسەرە(فرانتزمان) جەخت لەوە دەكاتەوە چۆن ئەمریكا پشتی لە (هەسەدە) كردو ئەو ناوچانەی لە ماوەیەكی كورتدا بۆ هێزەكانی توركیا چۆڵكرد كە ئەم هەموو كارەساتەی لێكەوتەوە. زیاتر نووسیویەتی: لە گەشتێكی ئەم دواییەمدا بۆ هەرێمی كوردستان چاوم بە ئاوارە ئێزیدییەكان كەوت كە لەنێو خێوەتدا لە نزیك شاری دهۆك لە رەوشێكی ناجێگیردا ژیان بەسەر دەبەن، ئەوان دەڵێن ناتوانین بگەڕێینەوە گوندەكانمان لە دەوروبەری چیای شنگال لەبەر ئەو هەموو خاڵی پشكنینی چەكداران كە لە ناوچەكەدا كراونەتەوە، كە هەندێكیان سەر بە گروپێكی میلیشیای شیعەن.
ئەم گۆڤارە لە بەشێكی دیكەی نووسینەكەی(سیس فرانتزمان) دا ئەوە روون دەكاتەوە كە داعش تا ئێستا بە شێوەی جیاجیا هەر ناوبەناو لە شوێنێك بۆ شوێنێكی دیكە دەردەكەوێتەوە، بۆ نموونە لە باشووری موسڵ لە سنووری پارێزگای دیالە و لە هەندێ ناوچەی دیكەی جێناكۆك مەبەستی(ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم)ە، ئەو رێكخراوە نەبوونی هەماهەنگیی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و هێزەكانی عێراقی قۆستۆتەوەو بە بێ ترس تەراتێن دەكات و دەست لە هێزەكانی عێراق و پێشمەرگە دەوەشێنێت و هاووڵاتاینی سڤیل دەكوژێت و دەڕفێنێت، ئەمەیە پێچەوانەی لێدوانەكانی بەرپرسانی عێراق كە گوایە داعش كۆتایی هاتووە.
سەبارەت بە هێزەكانی حەشدی شەعبی عێراقی، نووسەر ئاماژە بەوە دەكات كە هەندێكیان سەر بە سوپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامیی ئێرانن، ئەوانە بەشێكن لەو هێزەی كە بە فتوای ئایەتوڵا عەلی سیستانی لە ساڵی 2014 دامەزراون و بەشدارییان كرد لە شەڕی دژ بە داعش، بەڵام تۆمەتباریش دەكرێن كە بە شێوەیەك لە شێوەكان دزەدەكەنە نێو خۆپیشاندەرانی بەغداو پارێزگاكانی دیكەی باشووری عێراق و پەلاماریان دەدەن و كار گەیشتۆتە ئەو رادەیەی كە گوایە بە جلی مەدەنییەوە تەقەیان لێكردوون و ژمارەیەكیان لێ كوشتن و برینداركردوون، پەیوەست بە هێزی میلیشیاو گروپە چەكدارەكان دەبینین كە توركیا هەندێ هێزی ئۆپۆزسیۆنی كۆكردەوەو سوپای نیشتمانیی سووریای لێ پێكهێنان، كە لە ئەستادا دژی هێزەكانی كوردی بەكاریان دەهێنێت، ئەو بەناو سوپا نیشتمانییەی كە چەندین تاوانی دەرحەق هاووڵاتی كوردی سووریای كردووەو بوو بە كەواسووری پێش هێزەكانی توركیاو هەماهەنگییان كردن تا شارو گوندەكانی كوردنشیانی سووریا داگیر بكەن.
ئەو پێی وایە كە بۆ كۆنتڕۆڵكردنی ئاسمانی عێراق و سووریا، شەڕێك بەڕێوەیە لەنێوان ئێران و ئیسڕائیل چونكە هەردووكیان پێیان وایە سووریا رێڕەوێكی ستراتیژییە، بە بۆچوونی ئیسڕائیل كە ئەگەر رۆڵی ئێران لە سووریا زیاتر هەڵكئێت و رێگەی لێ نەگیرێت، ئەوا تاران دەیان مووشەكی پێشكەوتوو دەداتە حزبوڵای لوبنانی كە مەترسییە بۆ سەر خودی ئیسڕائیل، بە تایبەتیش بە درێژایی هێڵی بەرەوڕووبوونەوە لە بەرزاییەكانی جۆلان.
بەپێی ئەو وێنانەی لە مانگە دەستكردەكانەوە گەیشتوون بە دەیان بنكەی سەربازیی ئێرانی لەسەر رێگاكانی سووریا دانراون، وەزارەتی بەرگریی ئەمریكاش دووپاتی دەكاتەوە كە هەزاران چەكدار لە پاسدارانی ئێرانی لە سووریا بڵاوەیان پێكراوە، كە بەردەوام ئیسڕائیل بۆردومانیان دەكات و گورزی كوشندەیان لێ دەدات، نووسەر زیاتر شرۆڤەی دۆخەكە دەكات كە رەوشی ناوچەكە دوای كوشتنی بەغدادی بە شێوەیەك بوو كە بۆتە گۆڕەپانی ململانێی هێزەكانی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی لەسەر سەپاندنی هێزو دەسەڵات، بۆ نموونە توركیا دەیەوێت دەست بەسەر تەواوی باكووری سووریادا بگرێت چ راستەوخۆ یان بە بەكارهێنانی هێزەكانی دیكە كە هەماهەنگی و هاوكاریی دەكەن، كە لەئێستادا ناوچەكانی عەفرین و ئیدلب و جەرابلوس و گرێ سپیی بەڕێوە دەبات، ئەمەش یەكەم ئۆپەراسیۆنی بەم شێوە فراوانەیە كە دەوڵەتی توركیا لە دەرەوەی وڵاتەكەی پیادەی دەكات لەوەتەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی، بۆیە دوای راگەیاندنی ئاگربەست لەنێوان رووسیاو توركیا هێزی دەوریەی هاوبەشیان پێكهێنا و ئۆپەراسیۆنەكەی توركیاس تا رادەیەك وەستاوە. هاوكات رووسیاش رەگی خۆی لە شاری لازقییەی سەركەنار داكوتاوە، هێزی سەربازیی خۆی ناردۆتە ناوچەكانی رۆژهەڵاتی سووریا و بەتایبەتیش بۆ ئەو ناوچانەی كە ئەمریكا لێیان كشایەوە بە رێككەوتن لەگەڵ توركیا، دیارە ئەمەش لە ئاكامی وتووێژی نێوان فلادیمێر پوتین سەرۆكی رووسیاو هاوتا توركییەكەی رەجەب تەیب ئۆردوگان هاتەئاراوە، بەڵام پێ دەچێت ئەم رێككەوتنە نەخشەی سنووری ململانێیەكان بكێشێت لەنێوان ئەو بریكارانەی كە پشتگیری دەكرێن لە توركیا، هێزەكانی سووریای دیموكرات، هێزەكانی رژێمی سووریا، وا دیارە ئەو رێككەوتنە چارەسەری ئاشتییانەی دۆخەكە ناكات، ئەوە بە تەواوی لەو رێككەوتنە دەچێت كە لە ناوچەی دۆنباس لە رۆژهەڵاتی ئۆكراین كرا كە دەبینین رۆژانە پێكدادان هەیە لەنێوان هێزەكانی سەر بە رووسیاو سوپای ئۆكراین.
لەلایەكی دیكەوە ئێران لە رێی گروپە نیمچە سەربازییە شیعەكانەوە، وەك حزبوڵاو هێزەكانی حەشدی شەعبی كاردەكات بۆ زیاتر سەپاندنی هەژموون و دەسەڵات وەك ئەوەی لە عێراق و سووریادا دەبیندرێت. ئەوەی پەیوەستە بە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بە ئەنقەست و بە سیاسەت هەژموونی خۆی سنوورداركدووە بە هاوبەشی لەگەڵ هەسەدە، بەڵام تائێستاش رۆڵی سەرەكیی لە ناوشەكەدا هەیە، بەتایبەتیش كە (1000) سەربازو فەرمانبەری لە سووریادا هەیە، وێڕای (5000)ی دیكە لە عێراق، سوپای ئەمریكا لە كوردستانی عێراقدا هەماهەنگیی لەگەڵ هێزەكانی پێشمەرگەدا هەیەو هاوكاریی بەرچاوی كردوون لە شەڕی دژ بە داعش.
سەرئەنجامی ئەو هەموو لێكەوتەو پەرەسەندنانەی دۆخی ناوچكە بە گشتی، هاووڵاتیانی سڤیل باجی ئەو هەموو مەینەتی و ماڵوێرانی و قوربانیدانەیان داوە، ئەوەتا حكومەتی ئەمریكا بانگەشەی ئەوە دەكات كە پتر لە حەوت ملیۆن كەسی لەدەست داعش رزگاركردووە، بەڵام نازانێت یان خۆی لێ لادەدات كە بە هەزاران و بگرە نزیك ملیۆن هاووڵاتی ئاوارە بوونە، لە شەڕی دژ بە داعش و دوای پەلامارەكەی توركیاو تێكچوونی بارودۆخی ناوچەكە بە پێی كۆمسیۆنی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كاروباری پەنابەران پتر لە یەك ملیۆن هاووڵاتی عێراقی و دووسەد هەزار پەنابەری سووری لە عێراق نیشتەجێكراون، تەنانەت (12) هەزار كوردی سووریا لە تشرینی یەكەمی ئەم ساڵدا دوای شاڵاوەكەی توركیا روویان لەو وڵاتە كردووە.
چارەسەری گونجاویش بۆ ئەم دۆخە ئاڵۆزەی ناوچەكە تەنیا خۆی لەوەدا دەبینێتەوە كە ئەو وڵاتانە بە ئاشكرا مەرام و نیازپاكی خۆیان بخەنەڕوو، كە هێزەكانیان بكشێننەوەو لێگەڕێن خەڵكەكە خۆیان مشوری خۆیان بخۆن و بتوانن ئەوەی پێیام دەكرێت بۆ دیاریكردنی چارەنووس و ئاییندەی خۆیان بیكەن، هاوكات ئەو دەوڵەتانە هاوكاریی دانیشتوان بكەن بۆ گەڕانەوەیان بۆ زێدی باب و باپیرانیان، بەڵام وا دیارە چ حكومەتەكانی ئیقلمی یان نێودەوڵەتی هەر یەكەیان خەمی خۆیەتی و سیناریۆو ئەجیندای خۆیان جێبەجێ دەكەن و پێیان وایە ئەوەی بەشداریی شەڕی دژ بە داعشی كردووە دەبێت پشكی خۆی لە كێكەكە ببات، گەلانی گیرخواردووش بە دەست ئەو هەموو هێزانەوە چاوەڕوانی قەدەر بكەن بۆ دیاریكردنی چارەنووسی خۆیان.