بەش بە حاڵی خۆم وەك هەموو تاكێكی ئەم میللەتە رەسەنە شانازی بەوە دەكەم كە زمانی شیرینی كوردی بۆتە بەشێك لە ناسنامەی نەتەوەییم و ئاواتەخوازم بەردەوام ئەو زمانە سیماو تایبەتمەندی و رەسەنایەتیی خۆی بپارێزێت، دڵخۆشیش دەبم كاتێك كەسێكی دڵسۆز هەوڵی پێشخستن و پەرەپێدانی زمانی كوردی دەدات چ بە پاككردنەوەی لە هەندێ هەڵە، یان بە تەتەڵەكردن و داهێنان و موتوربەكردنی بە وشەو زاراوەی گونجاو.. دیارە زمانی كوردی لە هەندێ بواردا پێویستی بە زاراوەو وشەی تازە هەیە، بەتایبەتیش لە سیاسەت و زانست و فەلسەفەو ئابووری و هەندێ لایەنی كۆمەڵایەتی، بەڵام ئەوەندەش پەست دەبم و مووچركە بە گیانمدا دێت كاتێ دەبینم هەندێ كەس، یان كەناڵ و میدیاكانی راگەیاندن وشەو زاراوەی سەیروسەمەرە بەكاردێنن و بەزۆر دەیانەوێت ئەم وشەو زاراوانە بسەپێنن، لە دوای راپەڕینەوە جۆرە كرانەوەیەك لە مامەڵەكردن و پەیوەندیمان لەگەڵ گەلان و وڵاتانی جیهان هاتۆتە ئاراوە، بە رێگەی سەفەرو تێكەڵی و گەشتیاری و سەردانی شاندو رێكخراوو كەسایەتییەكان و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و سۆشیال میدیاوە، هەروەها كردنەوەی قوتابخانەو پەیمانگەو كۆلیژەكانی زمانانی بیانی لە هەرێمی كوردستان، تا رادەیەكی باش شارەزای كلتووری ئەو گەل و وڵاتانە بووین، تەنانەت زۆرمان فێری زمانەكانیشیان بووینە، دێمەوە سەر ناوەرۆكی ئەم بابەتە، بەداخەوە هەندێك لەو كەناڵانەی راگەیاندن سەریان لە بینەر و بیستەرو خوێنەر شێواندووە.. ئەویش بە بەكارهێنانی وشەی بیانی كە ئەوان بە جۆرێك لە پێشكەوتنی خۆیان و كەناڵەكانیان دەزانن! راستە كاتێ تۆ لە زمانی كوردیدا وشەی گونجاوت بەرامبەر چەند زاراوەیەك نییە دەتوانیت لەو حاڵەتەدا پەناببەیتە بەر بەكارهێنانیان، بەڵام بەشێوەی گونجاندن نەك وەرگێڕانی سەقەت و بەو شێوەیەی كە ئەوان گۆی دەكەن، لێرەدا چەند نموونەیەك دێنمەوە كە لە هەندێ كەناڵ بەكاردەهێنرێن: (Political Bureau ) كە ئینگلیزییە و بە واتای(مەكتەبی سیاسی)یە.. كێ لەنێو كورد ئەگەر ئینگلیزی نەزانێت لەمە دەگات، لەوەتەی حزبەكان درووستبوون هەر گوتراوە مەكتەبی سیاسی. (Economy) واتا (ئابووری)، كێ هەیە لە كورد نەزانێت ئابووری چییە، كەواتە بۆچی پەنای بۆ دەبرێت. (mine) كە بەرامبەر (لوغم) بەكاری دەهێنن، جا سەیرەكە لەوەدایە لە قسەكردندا دەڵێن(ماین) راستە بە ئینگلیزی دەبێت بەم شێوەیە گۆبكرێت، بەڵام چەندین ساڵە دوای راپەڕین ئێمە(دەزگای مین)مان هەیە، رەنگە بینەرو بیستەری كورد (ماین) بە ئاژەڵەكە تێ بگات. (Meeting) لەجیاتی(ديدار،چاوپێكەوتن ...) بەكاردەهێنرێت.
ئەمەو دەیان وشەو زاراوەی دیكە كە پێویست ناكات بێنە نێو زمانەكەمانەوە، مەگەر پێویستمان پێیان بێت ئەویش بە شێوەی نزیككردنەوە لە واتا یان لەكاتی نەبوونی بەرامبەر.. بۆیە پارێزگاریكردن لە زمان بەشێكە لە خەبات و داكۆكیكردن لە رەسەنایەتی و مانەوەی نەتەوەو رووبەڕووبوونەوەی هەموو ئاستەنگ و تەحەددیی دوژمنان.