(شۆربای بزمار)

(شۆربای بزمار)
دەگێڕنەوە كابرایەكی داماوی دەربەردەری بێكەس لە دارستانێكدا دەسووڕایەوە، ماڵەكانی ناو دارستانەكە زۆر لە یەكدی دوور بوون، بە شێوەیەك ئەو پیاوە بێ ئومێد بوو كە بەر لەوەی تاریكی دابێت، پەناگەیەك بۆ خۆی بدۆزێتەوە، بەڵام لە ناكاودا رووناكییەكی لەناو درەختەكاندا بەدی كرد، سەرچاوەی رووناكییەكەش ئاگری ناو خانوویەكی بچووك بوو، بیری بۆ ئەوە چوو كە چەند خۆشە بەم سەرمایە لە نزیك ئاگرەكە دابنیشێت و پارچە نانێك بخوات، چونكە زۆری برسی بوو، وردە وردە لە خانووەكە نزیك بووەوە، پیرێژنێكی بینی كە بەرەوە رووی هات.
- ئێوارە باش.
+ گیانت باش، پیرەژنەكە وەڵامی دایەوەو لێی پرسی لە كوێوە هاتوویت؟
- لە باشووری خۆرەوە، لە رۆرژهەڵاتی مانگەوە، دەمەوێت بگەڕێمەوە نیشتمانی خۆم، سەردانی هەموو شوێنێكی دنیام كرد، جگە لەم شوێنە.
+ دیارە تۆ گەریدەیەكی بە توانایت.. پێم بڵێ..چیت دەوێ لێرە؟
- بەڵێ... پەناو جێگەیەكم دەوێت.. ئەم شەوی لێ بكەمەوە.
+ وا چاكە هەر ئێستا ئێرە جێ بهێڵیت، مێردەكەم لە ماڵ نییە ، ماڵی منیش هۆتێل نییە.
- پوورێ گیان ئاوا دلڕەق مەبە! ئێمە هەموومان مرۆڤین و پێویستە یارمەتیی یەكدی بدەین، ئەوە قەدەرمانە.
+ چۆن یارمەتیت بدەم ؟ خۆ من لێرە پارچە نانێك شك نابەم! بڕۆ شوێنێكی دیكە بدۆزەوە باشترە.
پیاوەكە سوور بوو لەسەر ئەوەی كە نەڕوا، پیرەژنەكە زۆر لێی بێزار بوو، بەڵام ئەو خۆی بە زەوی داداو لێی پاڕایەوە كە ئەم شەوە جێی بكاتەوە، وردە وردە هەستی كرد ئەو ژنە راستگۆ نییە، بەڵكو رەزیل و پیسكەیە، بە هەر شێوەیەك بوو، هەوڵی زۆری دا پیرەژنەكە شتێكی بداتێ تا بیخوات، بەڵام بەردەوام دەیگوت: هیچم نییەو لە بەیانییەوە شتێك نەچۆتە هەناومەوە.
پیاوەكە زۆر وریا بوو، پێی گوت: ئەی داپیرە هەژارەكەم، وا دیارە زۆر برسیتە، دەتەوێت شتێك لەگەڵ مندا بخۆیت؟
پیرەژنەكە گوتی: چی شتێك لەگەڵ تۆدا بخۆم؟ باشە تۆ خۆت برسیتە، دەمەوێت بزانم چیت هەیە پێشكەشم بكەیت ئەوانەی زۆر سەفەردەكەن و دنیا دەبینن، زۆر جار شتی وا دەبینن كە خەڵكی دیكە نایبینن، ئادەی پورێ مەنجەڵێكم بدەرێ! پپرەژنەكە بەم قسەیە تێكچوو، یەكسەر مەنجەڵەكەی دایێ، پیاوەكە پڕی كرد لە ئاوو خستییە سەر ئاگردان، بە هەموو هێزێكی فووی لە ئاگردانەكە كرد تا بە جوانی گەشایەوە، دواتر دەستی خستە گیرفانییەوەو بزمارێكی درێژی دەرهێنا كە درێژییەكەی چوار گرێ بوو، یەكسەر هاویشتییە ناو مەنجەڵەكەوە. پیرەژنەكە زۆر سەرسام بوو، لێی پرسی ئەوە چییە؟
پیاوەكە لەگەڵ تێكدانی مەنجەڵەكە وەڵامی دایەوە، ئەوە شۆربای بزمارە!!
پیرەژنەكە: من هەموو جۆرە شۆربایەكم بیستووە، بەڵام هەرگیز گوێم لە شۆربای بزمار نەبووە، لەلایەك ئەمە باشە بۆ ئەوەی هەژاران فێری ببن، بۆیە منیش حەز دەكەم بیزانم!
پیرەژنەكە تا دەهات مێشكی لەم پیاوە ئەستوور دەبوو، ناچار بە چوارمەشقی بەرامبەری دانیشت و لە نزیكەوە سەیری دەستی دەكرد كە چۆن شۆرباكەی تێكدەدا.
پیاوەكە پێی گوت: ئەوە من هەفتەیەكە بەڕێوەم و چەندین جار ئەو بزمارەم بەكارهێناوە، لەوانەیە تامی تێدا نەمابێت و شۆرباكە زۆر خەست نەبێت!
بۆیە خۆزگە تۆزێك ئاردمان دەست دەكەوت! تێكەڵمان بكردایە! پیرەژنەكە لە شوێنی خۆی هەڵیدایێ. وا بزانم هەندێ ئاردمان هەیە، كە هێنای ، پیاوەكە كردییە مەنجەڵەكەوەو پیرەژنیش زۆر بە سەرسامییەوە چاوەڕوانی ئەنجامەكەی دەكرد. پیاوەكە هەر لە قسەكردن بەردەوام بوو: ئەم شۆربایە زۆر خۆش دەبێت ئەگەر تۆزێك گۆشتی سووكراوەو چەند پارچە پەتاتەیەكی تێ بكرێت، ئەمەیان خواردنی پاشاو كاربەدەستانی خواپێداوە، پیرەژنەكە ئەمەشیانی كرد بە ئومێدی تەواوبوونی شۆرباكە، بەردەوامیش سەیری دەستی پیاوەكەی دەكرد، بەڵام ئەو هێشتا داوای شتی دیكەی دەكرد، ئەم جارەیان رووی تێ كرد: خۆزگە هەندێ دەنكە جۆو چۆڕێك شیرمان تێدەكرد كە شازادەو ئافرەتە شۆخ و جوانەكانی نێو كۆشكەكانی پاشا لەم جۆرە شۆربایە فڕدەكەن، پیرەژنەكە یەكسەر بیری بۆ ئەوە چوو، كە ئەو بەم زوانە مانگایەكی زاوەو دەتوانێت شیر بۆ پیاوەكە پەیدابكات، تەنانەت چووە حەوشەكەوەو هەندێ دەنكە جۆشی هێنا، دوای ماوەیەك لە تێكدانی شۆرباكە، دواجار پیاوەكە بزمارەكەی لە مەنجەڵەكە دەرهێنا، بە پیرەژنەكەی گوت: ئێستا خواردنەكەمان ئامادەیە، بە راستی ئەمڕۆ جەژنەمانە! بەوەشەوە نەوەستا گوتی: ئایا دەزانی شاو شاژنەكان لەگەڵ خواردندا هەمیشە مەی دەخۆنەوەو ناو بەناوێكیش گۆشتی سوورەوەكراو دەخۆن و دیارە ئەو هەموو خواردنانە پێویستە لەسەر مێزێك دابنرێن و بڕازێنرێتەوە!
پیرەژنەكە ئەم جارەیان هەستی بە گەورەیی و خۆبەزل زانین كردو بەو ناوەی كە ئەو، شاژنەو ئەم پیاوەش داماوەو ئاوارەیە! بۆیە بێ دوودڵی، لەناو كاونتەرەكە شووشەیەك مەی دەرهێناو پارچە گۆشتێكی برژاوو هەندێ كەرەو پەنیریشی هێنایە سەر سفرەكە! ئەم پیرەژنە بە درێژایی تەمەنی ئەم جۆرە خواردنانەی تام نەكردووە! كە لە بزمارئامادەكراوە! ئەو زیاتر دڵی بەوە خۆش بوو كە لەمەودوا دەتوانێت بەو خەرجییە كەمە ئەم جۆرە خواردنە ئامادەبكات، بۆیە نەیدەزانی چۆن سوپاسی ئەو پیاوە داماووئاوارەیە بكات و پاداشتی بداتەوە. بۆیە بەم رێگەیە هەردووكیان تێریان خواردو خواردەوە، تا پیاوەكە لە درەنگانی شەودا زۆر خەوی دەهات، بۆیە لەسەر زەوییەكە پاڵ كەوت، بەڵام پیرەژنەكە بە بیری داهات چۆن ئەم پیاوە زیرەكە لەسەر زەوی بخەوێت، بۆیە داوای لێ كرد لەسەر چوارپایەو لە ژوورێكی گەرم بخەوێت، بەیانی زوو كە لە خەو هەڵسا، پیرەژنەكە قاوەیەكی گەرمی پێشكەش كرد، دواتر كە هەنگاوی نا بۆ ئەوەی بە یەكجاری پیرەژنەكە بەجێ بهێڵێت، سەرسام بوو، كاتێ پیرەژنەكە دراوێكی خستە دەستییەوە، ئەویش سوپاسی كرد، بەڵام لە دوا وتەیدا رووی لە پیاوەكە كردو گوتی: زۆر سوپاست دەكەم كە منت فێری ئەو جۆرە شۆربایە كرد كە لە بزمارەوە ئامادەكرا! پیاوەكە : زۆر ئاسانە مادامەكی كەرستەی دیكەت لەژێر دەستدایەو دەتوانیت ئەم جۆرە خواردنە دروست بكەیت، بەڵام تا لەبەر چاوی ون بوو، پیرەژنەكە هەر بە سەرسامییەوە دەیڕوانییە ئەم پیاوە، كە لەناكاودا قۆناغێكی ژیانی گۆڕی و وانەیەكی سوودبەخشی فێركرد.
Top