با ئاگاداری زمانەكەمان بین و بزانین چۆن دەنووسین

با ئاگاداری زمانەكەمان بین و بزانین چۆن دەنووسین

(رابردووی تەواو چۆن دروست دەبێت؟)
بەشێوەیەكی گشتی كاری رابردوو لە زمانی كوردیدا لە لابردنی نوونی چاوگ دروست دەبێت، چاوگیش بە پیتەكەی پێش (ن) ەكە ناودەنرێت، كاری رابردووی تەواویش لە رابردووی سادە+ پاشگری(وە) یان(ووە) دروست دەكرێت.. بۆیە پێویستە لە كاتی نووسیندا ئەم رێنماییانە پەیڕەو بكرێن:
1- ئەگەر كارەكە لە چاووگی (یایی) وەرگیرابوو وەك (كڕین)،(نووسین)، واتا رابردووە سادەكە بە پیتی (ی) كۆتایی هاتبوو ئەوا دەبێت (وە) بخرێتە كۆتایی رابردووە سادەكە نەك(ووە)، واتا دەبێت بەم شێوەیە بنووسرێت:( كڕی+وه =كڕیوە)، (نووسی+ وە= نووسیوە).
2- ئەگەر كارەكە لە چاووگی (ئەلفی) وەرگیرابوو وەك (فەوتان)،(سووتان)، واتا رابردووە سادەكە بە پیتی (ا) كۆتایی هاتبوو ئەوا دەبێت (وە) بخرێتە كۆتایی رابردووە سادەكە نەك(ووە)، واتا دەبێت بەم شێوەیە بنووسرێت:( فەوتا+وه =فەوتاوە)،(سووتا+وە=سووتاوە).
3- ئەگەر كارەكە لە چاووگی (واوی) وەرگیرابوو وەك (چوون)،(بوون) واتا رابردووە سادەكە بە پیتی (وو) كۆتایی هاتبوو ئەوا دەبێت (وە) بخرێتە كۆتایی رابردووە سادەكە،بەڵام لە نووسیندا دەستبەرداری(و)ێك دەبین و نابێت سێ (و) بنووسرێت، واتا دەبێت بەم شێوەیە بنووسرێت: (چوو+وه =چووە)،(بوو+وە= بووە).
4- ئەگەر كارەكە لە چاووگی (دالی) وەرگیرابوو وەك (بردن)،(مردن) واتا رابردووە سادەكە بە پیتی (د) كۆتایی هاتبوو ئەوا دەبێت (ووە) بخرێتە كۆتایی رابردووە سادەكە نەك(وە) بە پێچەوانەوە، واتا دەبێت بەم شێوەیە بنووسرێت:( برد+ووه =بردووە)،(مرد+ووە= مردووە).
5- ئەگەر كارەكە لە چاووگی (تایی) وەرگیرابوو وەك (گرتن)،(كوشتن) واتا رابردووە سادەكە بە پیتی (ت) كۆتایی هاتبوو ئەوا دەبێت (ووە) بخرێتە كۆتایی رابردووە سادەكە نەك(وە) بە پێچەوانەوە، واتا دەبێت بەم شێوەیە بنووسرێت:( گرت+ووه =گرتووە)،(كوشت+ووە= كوشتووە).
Top