کێشەی کەرکوک
June 24, 2019
وتار و بیروڕا
هەرچی پارتی بوو پێی وابوو کێشەی کەرکوک لەگەڵ بەغدایە و بە دانانی پارێزگارێکی کورد و یەکێتی یان هەر لایەنێکی تر، کێشەکە چارەسەر ناکرێ و لە خەم و ئازاری کەرکوکیەکانیش کەم ناکرێتەوە، چونکە بەلای پارتییەوە لە پۆست گرنگتر دیاری کردنی چارەسەرێکی بنەڕەتییە بۆ کێشەی کەرکوک، لە پۆستی پارێزگارێکی کوردی بێدەسەڵات گرنگتر ئاسایی کردنەوەی دۆخی کەرکوک و نەهێشتنی ئەو دۆخە سەربازیەیە کە بە زۆر و لە ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە بەسەر کەرکوک و کەرکوکیەکاندا سەپێنراوە، لە پۆستی پارێزگارێکی بە کۆیلەکراو گرنگتر جێبەجێ کردنی ماددەی ١٤٠ی دەستوور و یەکلا کردنەوەی ناسنامەی کەرکوکە.
یەکێتی بە پێچەوانەی پارتی و حزبیانە لە کێشەکەی دەڕوانی و کێشەی کەرکوکی لە کێشەی نێوان کورد و حکومەتی عێراق بچووک کردەوە و کردیە کێشەی نێوان پارتی و یەکێتی، ئاسایی کردنەوەی دۆخی شڵەژاوی شارەکە و کێشەی یەکلا کردنەوەی ناسنامەی کوردستانی بوونی کەرکوکیشی لە دانانی پارێزگارێکی کورد و یەکێتیدا کورت هەڵێنا.
گریمان وەک یەکێتی دەڵێ پارێزگارێکی کورد و یەکێتی بۆ کەرکوک دانرا، ئایا کێشەی کەرکوک چارەسەر دەبێ؟ ئایا بەغدا رێوشوێنە یاساییەکان بۆ ئەو پارێزگارە کورد و یەکێتیە جێبەجێ دەکات؟ گریمان رێوشوێنە یاساییەکانیش جیبەجێ کران! ئەوکات پرسیارە گرنگرگە ئەوەیە: ئەو پارێزگارە کورد و یەکێتیە لەو دۆخە سەربازیەی بەسەر کەرکوکدا سەپێنراوە و لەژێر هەژموونی سەربازی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق چی دەکات و چی پێدەکرێ؟؟؟