پاراستنی كەلەپوور پاراستنی مێژوو و ناسنامەیە

پاراستنی كەلەپوور پاراستنی مێژوو و ناسنامەیە

كەلەپوور بەشێویەكیگشتیبناغەو كۆڵەگەیەكیسەرەكیی ناسنامەی كلتووریی گەلانە، هاوكات ناونیشانی شانازی و سەرفرازیی رابردوو وئێستاو ئاییندەیە، كەلەپوور سەرچاوەی هەڵێنجانی داهێنان و ئەفراندن و بەرهەمی دانسقەی نووسەرو هونەرمەندان و بیرمەندو فەیلەسووفەكانە، رابردووی نەتەوە بە ئێستا دەبەستێتەوە، ئاستی پێشكەوتن و شارستانێتیی هەموو نەتەوەكانی سەر ئەو زەمینە لە كەلەپووردا بەرجەستەدەبێت، بە درێژایی مێژوو هەموو بەرهەمە زارەكی و نووسراوەكانی گۆرانی و میوزیك و نووسینەكانی سەر دیوار و خشڵ و چەك و جلوبەرگ وئامێرە كشتوكاڵی و بیناسازی و كەلوپەلەكان بەڵگەی زیندەگی و بەردەوامیی ژیان و بوونی نەتەوەن.
كەلەپوور بریتییە لە كەڵەكەبووی شارەزایی و ئاشنایەتیی ئادەمیزاد لە ئاوێتەبوونی لەگەڵ سروشتدا، واتا ئاڵوگۆڕكردنی ئەزموون لەگەڵ دەوروبەردا، بە واتایەكی دیكە لە مێژووی ئەزموون و داهێنانەكانی ئادەمیزاد و سوودوەرگرتن لە هەورازو نشێوی سەختی ژیاندا رەنگ دەداتەوە، بێ گومان خودی كەلەپوور ناسنامەی گەلانە، لە كەلەپوورەوە گەلان شارەزای رابردوو و شكۆمەندی و قوربانیدان و داهێنان و تەنانەت لایەنی سایكۆلۆجی و كۆمەڵایەتی و حوكمڕانیی یەكدی دەبن،دیارە لەدەستدانی كەلەپوورو بێ سەروشوێنبوونی ئەو سامانە دەوڵەمەندە كاریگەریی نەرێنیی هەیە بۆسەر ئێستاو ئاییندەی نەوەكانی نەتەوە، چونكە بەپێی شارەزاو پسپۆڕانی بواری پاراستن و ئەرشيفكردن ئەم سامانە دوو جۆرن، یەكەمیان ئەوانەی كە دەستیان لێ دەدرێن یان بەچاو دەبینرێن وەك خانوو وبەرەو شارو كەلوپەل و جل وبەرگ.. تاد، دوومیان كەلەپووری نەبینراو بەڵام هەستپێكراو، وەك داب و نەریت و بیروباوەڕو سروت و زمان و دەقەكان، بۆیە پارێزگاریگردن لەو سامانە پارێزگاریكردنە لە ناسنامەی نەتەوەیی.
كەلەپوور لەگەڵ كلتووردا جیاوازە، هەندێ كەس بە هەڵە بەكاری دەهێنن، یان تێكەڵی دەكەن، دەتوانین بڵێین كە كەلەپوور، چەند بوارێك دەگرێتەوە.
- زارەكی: وەك ئەفسانەو سەرگوزەشتەوو چیرۆك وقسەی نەستەق و مەتەڵ و هۆنراوەی میللی و ئاوازو شایی و گۆرانی .. تاد.
- نووسراو یان دەستنووس: بەڵگەنامەو دەستنووسی مێژوویی و دەقی ئایینی و وێنەو هێڵكاریی سەردیوار یان ئەشكەوت و شوێنە پیرۆزەكان .. تاد.
- بیناو شوێنە گشتییەكان: شارو گەڕەكە كۆن و مێژووییەكان و منارەو گومەز .. تاد.
- گواستراوە: پارچە خشڵ و پارەو كاسەوكەوچك و دەفرو چەكی كۆن و كەلوپەلی كشتوكاڵی وبیناسازی و پاشاو فەرماندەكانی سەربازی و حوكمڕانی.
كەواتە دەتوانین بڵێین كە كەلەپوور كۆی ئەو هەموو بیركردنەوەو خەیاڵگە كۆمەڵایەتییەی ئادەمیزادەو بە قۆناغەكانی ژیان و مێژووی گەلاندا تێدەپەڕێت و لە هەر یەك لەو قۆناغانە بەرهەم و داهێنان و ئەفراندنی لێ دەكەوێتەوە، زۆربەی ئەو گۆڕانكارییە سەردەمیانەی روودەدەن لە داب و نەریت و پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان سەرچاوەو بنەما سەرەكییەكانی هەر لەو كەلەپوورە رەسەنەوە هەڵدەقوڵێن، بە تێپەڕبوونی كات گۆڕانكاری و گۆڕینی شێوەو دەنگو رەنگی جیاجیا بەخۆیەوە دەبینێت، هەرچەندە كەلەپووری هیچ گەلێك بەدەر نییەو نابێت لە كاریگەریی گەلانی دیكە كە بەدرێژایی مێژوو بە حوكمی داگیركاری و هێرشی سەربازی سڕاوەتەوە، یان تێكدراوە یاخود دزراوەو بۆتە موڵكی گەلانی داگیركارو دوژمن. بەهەر حاڵ كەلەپوور ناسنامەو بوونی نەتەوەیە و پارێزگاریكردنیشی ئەركی سەرشانی دەسەڵات و تاكەكانی كۆمەڵگایە.




Top