بەردەرکی سەرای سلێمانی و بەردەم قەڵای هەولێر

بەردەرکی سەرای سلێمانی و بەردەم قەڵای هەولێر
دوای ئەوەی شاسوار لە کەناڵەکەی خۆی گوتی: رۆژێک دێ کوڕانی تاڵەبانی لەبەر دەرکی سەرا و کوڕانی بارزانیش لەبەردەم قەڵای هەولێر وەک مفەوەز شەماڵ هەڵدەواسرێن، برادەرێک لە مەسنجەر نامەیەکی بۆ ناردم و تێیدا نووسیبووی: تۆش لەگەڵ کوڕانی بارزانی لەبەردەم قەڵای هەولێر لە هەڵواسراوەکان دەبی.
من لەو نوسراوەدا هیچم لەسەر بەردەرکی سەرا و هەڵواسینی کوڕانی تاڵەبانی نییە، چونکە وەک کورد دەڵێ ئەو ماستە موویەکی تێدایە و ئەو کاسە بێ ژێرکاسە نییە، ئەوەی دەمەوێ تیشکی بخەمەسەر نامەکەی ئەو برادەرە و هەڵواسینی خۆمە لەگەڵ کوڕانی بارزانی.
دیارە مفەوەز شەماڵ لەسەر خیانەت و شۆڕشگێڕان هەڵیانواسیوە، مێژووی بارزانی و کوڕانی بارزانیش ئەوەندە پاک و کوردانە بووە داگیرکارانی کوردستان و خیانەتکاران هەموو کات خۆزگە و حەسرەتی ئەوەیان خواستووە کوڕانی بازانی هەڵبواسن و ئەو حەسرەت و خۆزگەشیان بردۆتە ژێر گڵ، بارزانی و بارزانیەکانیش هیچ کات لەوە نەترساون کە دوژمنان و خیانەتکاران هەڵیانواسن، هەڵواسینی شێخ عەبدولسەلامی بارزانیش بە دەستی تورکە عوسمانیەکان بەڵگەی حاشا هەڵنەگری ئەو راستییەی سەرەوەیە، بۆیە دڵنیام لەوەی ئەگەر کوڕانی بارزانی هەڵبواسرێن لەسەر دەستی خیانەتکار و داگیرکارانی کوردستان و لەسەر کوردایەتی دەبێ، ئەوکات بۆ من جێگای شانازی دەبێ کە لەسەر شۆڕشگێڕی و کوردایەتی بەو سەروەریە مەزنە بگەم و وەک کوڕانی بارزانی حەساب بکرێم و لەگەڵ ئەوانیش هەڵبواسرێم.
Top