بارزانی هێمای شكۆ و هه‌وێنی به‌رخودان

بارزانی  هێمای شكۆ و هه‌وێنی به‌رخودان
بارزانی نه‌مر باوكی رووحی نه‌ته‌وه‌ی كورد دیاری خوداوه‌ند بوو بۆ گه‌لێكی سته‌مدیده‌، له‌ شه‌وه‌ زه‌نگی تاریكی چرایه‌ك بوو بۆ نه‌ته‌وه‌یه‌كی به‌شمه‌ینه‌ت له‌ زه‌مه‌نێكی غه‌در و سته‌م، چونكه‌ له‌و كاته‌دا كورد كه‌مترین به‌هایی هه‌بوو له‌ ناو كۆمه‌ڵگه‌ی عێراق له‌ ئان و ساتێكی وه‌ها دا (بارزانی نه‌مر) چه‌كی شه‌ره‌ف ئه‌كاته‌ شانی و ڕوو له‌ شاخه‌كانی كوردستان ئه‌كات له‌و چیا بۆ ئه‌و چیا خه‌بات ئه‌كات تاوه‌كو ئازادی و شكۆمه‌ندی بۆ كوردستانیان به‌ده‌ست بهێنێت و به‌ سه‌رانی ڕژێمه‌ یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كانی عێراق بڵێت كورد بوون گوناه نیه‌ تاوه‌كو به‌و شێوازه‌ سزای بده‌ن، له‌لایه‌كی تریش مه‌غز و تێڕوانینی مرۆڤی كوردی گۆڕی به‌وه‌ی دروشمی ئازادی و كوردستان یان نه‌مان به‌رز بكاته‌وه‌ ئه‌و دروشمه‌ی وای كرد پرسی سه‌ربه‌خۆی كوردستان ببێته‌ ئامانجێكی نه‌بڕاوه‌ی تاك به‌تاكی كوردستانیان، بۆ ئه‌وه‌ش هه‌موو كوردستانیه‌ك له‌ ژێر كاریگه‌ری ئیلهامی ڕێبازی پیرۆزی بارزانی تێده‌كۆشێت تا دوا مه‌نزه‌ڵگه‌ بۆ سه‌ربه‌خۆی و ئازادی و دادپه‌روه‌ری ڕاسته‌قینه‌.
سه‌ركرده‌ی كارێزما بارزانی نه‌مر خه‌مخۆرێكی به‌رچاوی نه‌ته‌وه‌كه‌ی بووه‌ و هیچ كاتێك خه‌مساردی نه‌كردوه‌ له‌ خزمه‌تكردن، هه‌ر بۆیه‌ لای دۆست و نه‌یاره‌كانی جێگه‌ی رێز بووه‌، چونكه‌ باش دركیان به‌وه‌ كردبوو كه‌ بارزانی زیاتر له‌ پێاوێكی مێژووی ئه‌چێت، ئه‌مه‌ش ده‌سكه‌وتێكه‌ هه‌موو كه‌س پێی نادرێت.
مسته‌فا بارزانی به‌ هه‌موو پێوه‌ر و هه‌ڵسه‌نگاندنێك بۆ ئه‌به‌د وه‌ك باوكی رووحی نه‌ته‌وه‌یی كورد ده‌مێنێته‌وه‌، چونكه‌ هه‌ڵگری هه‌مان ئه‌و سیفات و ئاكاره‌یه‌ كه‌ باوكێك تا دوا دڵوپه‌ خوێن ڕۆڵه‌كانی له‌ ڕه‌شه‌با و تۆفان و گه‌رده‌لول ده‌پارێزێت، هه‌ر بۆیه‌ ئاكار و تایبه‌تمه‌ندیه‌كانی پێمان ده‌ڵێت كه‌ بارزانی نه‌مر به‌ كرده‌وه‌ باوكی رووحی نه‌ته‌وه‌ی كورد بووه‌، خزمه‌ت و خه‌بات كردن له‌ پێناو نیشتیمان دیارترین سیفه‌تی بارزانی نه‌مرن هه‌ر ئه‌وه‌شه‌ وای كردوه‌ كه‌ كۆده‌نگییه‌كی گشتی هه‌بێت. وه‌ك چۆن ( كوبایه‌كان شانازی به‌ گیڤارا و ئه‌لمانه‌كان به‌ بسمارك و هیندیه‌كان به‌ گاندی و ..............هتد) ده‌كه‌ن و به‌ باوكی روحی خۆیانیان داده‌نێن. ئه‌وابێگومان ئێمه‌ش بارزانی نه‌مرمان هه‌یه‌ وه‌ك باوكی روحی نه‌ته‌وه‌ی كورد، چونكه‌ هیچی له‌وان كه‌متر نیه‌ ئه‌گه‌ر زیاتر نه‌بێت كه‌ سیفه‌تی باوكی روحیان پێدراوه‌. بارزانی هه‌ر له‌ بونیه‌وه‌ تاوه‌كو 1-3-1979 كه‌ ماڵئاوای كرد بێ وچان هه‌وڵی دا له‌پێناو سه‌رفرازی و ئازادی گه‌له‌كه‌ی ئه‌مرۆ كه‌ چل ساڵ تێپه‌ر ده‌بێت به‌سه‌ر كۆچی دوایی ئه‌م رابه‌ره‌ مه‌زنه‌ برینێكی قوڵ و سارێژنه‌كراوه‌ له‌ جه‌سته‌ی نیشتیمان ڕاسته‌ بارزانی نه‌مر به‌جه‌سته‌ لامان نه‌ماوه‌، به‌ڵام له‌ رووح و زه‌هنیه‌تی هه‌زاران قوتابی و شوێنكه‌تووی ڕێبازی پیرۆزیان زیندووه‌ و بۆ ئه‌به‌د نامرێت ئه‌وه‌ی ماوه‌ بڵێن له‌ ڕۆژێكی وه‌ها ماته‌مدا په‌یمان نوێئه‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ درێژه‌ پێده‌ری ئه‌و رێبازه‌ مه‌زنه‌ ئه‌بین و قوتابێكی چاپوك ئه‌بین تا كوردستان بگاته‌ كه‌ناری ئارامی و سه‌ربه‌خۆیی، هه‌زاران سڵاو له‌گیانی پاكی رابه‌ری رووحی نه‌ته‌وه‌ی كورد بارزانی نه‌مر و كاكه‌ ئیدرسی هه‌میشه‌ له‌یادو ته‌واوی شه‌هیدانی ڕێگای ڕزگاری و سه‌ربه‌خۆی كوردستان.
Top