رەهەندەكانی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا لە ئاست رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا
February 27, 2019
وتار و بیروڕا
سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا و رەخنەگرەكانی
لە راستیدا ئەو كەسانەی نێو خودی ئەمریكا كە رەخنە لە سیاسەتی دەرەوەی ئیدارەی سەرۆك ترەمپ دەگرن، بەسەر دوو بەرەی سەرەكیدا دابەش دەبن، بەرەی یەكەمیان بە باڵی راستڕەوەكانەوە پەیوەست دەكرێتەوە، كە كەسانی ئەنتی ئیمپریالیزم لەخۆ دەگرێت، لەگەڵ ئەو كەسانەی بەرهەڵستی دەستێوەردانی ئەمریكا دەكەن، لەبەر ئەوەی پێیانوایە ئەم دەستێوەردانانە ناموراڵین و لە هەندێ حاڵەتدا دژ و پێچەوانەی یاسای نێودەوڵەتین، لەگەڵ ئەوەشدا لە مەودای دووردا لەسەر بەرژەوەندییە ستراتیژیەكانی ئەمریكا دەرئەنجامی پێچەوانەیان لێدەكەوێتەوە، بگرە هەندێ جار كاردانەوەی گرووپ و لایەنە توندڕەوەكانیشی لێدەكەوێتەوە. بەرەی دووەمی رەخنەگران پتر سەر بە باڵی راسترەون، كە زیاتر مەیلی گۆشەگیرییان هەیە، دید و تێڕوانینی ئەوان ئەوەیە كە پێویستە كات و سەرچاوە و كۆششەكانی خۆمان بۆ پرسە ناوخۆییەكان تەرخان بكەین، واتە ئەمانە كەمتر بایەخ بە دەرهاویشتە و دەرئەنجامە مۆراڵی، یان یاساییەكانی دەستێوەردانی ئەمریكا دەدەن، چونكە ئەمە بەلای ئەوانەوە پرسێكی گرنگ نییە، بەڵكو بەرهەڵستیی ئەوان زیاتر لە روانگەی ئەو راستییەوەیە كە دەستێوەردانەكانی ئەمریكا ژیانی سەربازانی ئەمریكا دەخاتە مەترسییەوە و داهاتی ئەمریكاش بە هەدەر دەدات، كە دەكرێت ئەو داهاتەش لە ناوخۆی وڵاتەكەدا بەكار بهێنرێت. سیاسەتەكانی ئیدارەی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ رەنگدانەوەی تێڕوانینەكانی بەرەی دووەمە، واتە باڵی راسترەوی گۆشەگیرخواز، هەرچەندە سەرۆك ترەمپیش رووبەڕووی رەخنەكانی ناوەندەكانی سیاسەتەكانی دەرەوەی ئەمریكا دەبێتەوە، ئەو ناوەندانەی پشتیوانی لە دەستێوەردانی ئەمریكا دەكەن.
ئەمریكا لەنێوان دەستێوەردان و پاشەكشەكردن لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست
هەرچۆنێك بێت، ئەوەی دەتوانین لەم رووەوە ئاماژەی پێبكەین ئەوەیە، كە سەرۆك ترەمپ كەسێكی ئەنتی ئیمپریالیستی نییە و لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا خوازیاری كەمكردنەوەی هەژمونی ئەمریكا نییە، چونكە پشتیوانییەكی گەورە لە داگیركاریی ئیسرائیل دەكات، بەرهەڵەستییەكی گەورەی ئێران و پاڵپشتیی دیكتاتۆرە عەرەبەكان دەكات، لەگەڵ ئەوەشدا باوەڕی وایە، كە دەرئەنجامە باشەكانی بوونی سەربازانی ئەمریكا لەسەر ئەم ناوچەیە هێندەی ئەو تێچوونە نییە كە هێشتنەوەی ئەو سەربازانە لەخۆی دەگرێت. هەر لەم روانگەیەوە پێموایە بڕیاری كشاندنەوەی سەربازە ئەمریكییەكان لە سووریا بە مانای ئەوە نییە كە چیدی ئەمریكا دەستێوەردان ناكات، بەڵكو ئەمریكا بەردەوامە لە بۆردومانكردن و بەردەوامیش دەبێت لە بەكارهێنانی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان بۆ لێدانی ئامانجەكان، بە هەمان شێوە بەردەوام دەبێت لە دەستەبەركردنی هاوكاریی سەربازی بۆ رژێمە عەرەبییە هاوپەیمانەكانی لە ناوچەكەدا. هەرچۆنێك بێت، پێموانییە كشاندنەوەی سەربازەكانی ئەمریكا لە سووریا گۆڕانكاریییەكی ستراتیژی بە دوای خۆیدا بهێنێت، چونكە ئەوان تەنها چەند هەزار سەربازێكن و ئەو ناوچانەش زۆر بەرفراوان و بەربڵاون، و هێزە مەحەلییەكانیش، وەك هێزەكانی رژێمی سووریا و هێزە كوردییەكانی باكوور بەسن بۆ تێكشكاندنی پاشماوەكانی داعش. بە دڵنیاییەوە نیگەرانییەكی دیكە پەیوەستە بە ئەگەری دەستێوەردانی توركیا و هێرشكردنەسەر كورد، بە چەشنی ئەوەی توركیا لە ناوخۆی وڵاتەكەیدا كردوویەتی، هەروەها جێی گومانە كە ئەمریكا پارێزگاری لە كورد بكات، تەنانەت ئەگەر سەربازەكانی ئەمریكاش لەوێ بن، چونكە ژمارەیان زۆر كەمە و ئەو ناوچەیە زۆر بەربڵاوە. لەم سۆنگەیەوە پێموانییە بڕیاری كشاندنەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە سووریا گۆڕانكاریی ستراتیژی بەدوای خۆدا بهێنێت، ئەمەش ئاماژە نییە بە ئاڵوگۆرێكی گەورە لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا، بەڵكو بەداخەوە، بە شێوەیەكی گشتی سیاسەتی ئەمریكا وەك خۆی دەمێنێتەوە.
ئەمریكا و پاشەكشەپێكردنی دەستڕۆیشتووویی ئێران لە سووریادا
لە راستیدا ئەمریكا كارێكی زۆری لەدەست نایەت بۆ بەرەنگاربوونەوە و بەرپەرچدانەوەی دەستڕۆیشتووویی ئێران لە ئەمریكا، چونكە بوونی چەند هەزار سەربازێك لە باكووری سووریا، كە پانتاییەكی گەورەیە، نابێتەهۆی ئەوەی بتوانرێت دژایەتی بوونی ئێران بكرێت لەو وڵاتەدا. دواتر ئێمە دەبێت ئەوە بزانین كە بوونی هێزەكانی ئێران لە سووریا لەسەر بانگهێشتی فەرمیی حكومەتی سووریا بوو. واتە راستە كە رەخنەی رەوا هەیە لە ئاست رۆڵی ئێران لەو وڵاتەدا، بەڵام هەروەك ئاماژەم پێكرد بوونی ئەو هێزانە لەسەر داوای حكومەتی سووریایە. لەگەڵ ئەوەشدا، رەنگە عەقڵانییەتێك هەبێت لە جێگیركردنی چەند هەزار سەربازی ئەمریكی لە سووریا بۆ رووبەڕووبوونەوەی بوونی ئێران لەو وڵاتەدا، بەڵام هیچ شتێك نییە لە یاسای نێودەوڵەتیدا كە بوار بە وڵاتێك بدات بۆ ئەوەی هێزەكان لەسەر خاكی وڵاتێكی دیكە جێگیر بكات، هەر تەنیا لەبەر ئەوە تۆ ناكۆكیت لەگەڵ ئەو هاوپەیمانێتییە نێودەوڵەتییە ئەو وڵاتە لەگەڵ هێزەكانی دیكەداگرێی داوە. لەلایەكی دیكەوە و بە پێی دەستووری ئەمریكا، جێگیركردنی هێزە سەربازییەكانی ئەمریكا لە ناوچەكانی شەڕ و لە دەرەوەی سنووری ئەمریكا پێویستی بە رەزامەندیی كۆنگرێس هەیە و ئێمە دەزانین لە حاڵەتی سووریادا كۆنگرێس رەزامەندی نەداوە، كەواتە لە روانگەی یاساكانی ئەمریكاشەوە بوونی سەربازانی ئەمریكا لە سووریا نایاساییە. كەواتە ئەگەر ئەمریكا سیاسەتی ناردنی هێزی سەربازی بۆ وڵاتانی دیكە بگرێتەبەر، تەنیا بۆ بەرەنگاربوونەوەی دەستڕۆیشتووویی ركابەرێكی لەسەر خاكی ئەو وڵاتانە، ئەوا ئەمە لە سیاسەتی تەقلیدیی ئەمریكادا بە هەڵكشانێكی گەورە هەژمار دەكرێت و مشتومڕێكی نێودەوڵەتی گەورەی دەوێت، بە مشتومڕی نێو كۆنگرێسیشەوە، لەگەڵ ئەوەشدا نە ئەم گفتوگۆیە لەئارادایە و نە كۆدەنگییش دروست بووە. كەواتە كەسانی نێو هەردوو بەرەكە پێیانوایە تاوەكو ئەم كۆدەنگییە بەرفراوانە دروست نەبێت، ئەوا نابێت هێزە سەربازییەكانی ئەمریكا بەو شێوەیە لە وڵاتانی دیكەدا جێگیر بكرێن. نیگەرانییەكی دیكە ئەوەیە كە كەسانی نێو ئیدارەكە هەن كە پشتیوانی لە دەستێوەردانی ئەمریكا دەكەن، وەك راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی، جۆن بۆڵتۆن، كە پشتیوانی جۆرێك لە شەڕ دەكات لەگەڵ ئێراندا. هەروەها مەترسیی ئەوە هەیە كە لەنێوان هێزەكانی ئەمریكا و هێزەكانی ئێراندا لە ناو خاكی سووریادا جۆرێك لە پێكدادان دروست بێت، دواتریش ئەمە بكرێتە پاساوێك بۆ هێرشكردنە سەر ئێران، كە ئاشكرایە ئەمە كارێكی مەترسیدارە، هەر ئەمەش بووە هۆی ئەوەی كە هەندێ كەس خوازیاری ئەوە بن، هێزەكانی ئەمریكا خاكی سووریا جێبهێڵن. تەنانەت ئەو كەسانەشی كە پشتوانی هێشتنەوەی هێزەكانی ئەمریكا دەكەن لە سووریا لە پێناو پاراستنی كورددا، زۆر نیگەرانن لەوەی ئەم هێزانە بەكار بهێنرێن بۆ هەڵگیرساندنی ناكۆكی لەگەڵ ئێراندا.
بەكارهێنانی عێراق لەلایەن ئەمریكاوە وەك پێگەیەك بۆ چاودێریكردنی ئێران
بە دڵنیاییەوە كەسانێك هەن لە نێو ئیدارەی سەرۆك دۆناڵد ترەمپدا خوازیاری ئەوەن هێزەكانی ئەمریكا لە عێراقدا بەكار بهێنرێن بۆ بەرەنگاربونەوەی دەستڕۆیشتوویی ئێران و ئەو میلیشیایانەی نێو عێراق كە هاوپەیمانی ئێرانن، بەڵام ئاشكرایە كە حكومەتی عێراق بە پێچەوانەی حكومەتی سووریاوە لەم بارەیەوە هاوهەڵوێست نییە، حكومەتی عێراق كۆنتڕۆڵی بەشی هەرە زۆری خاكی وڵاتەكەی كردووە، بەو پێیە ئەم حكومەتە دەتوانێت داوا لە ئەمریكا بكات هێزەكانی بكێشێتەوە ئەگەر هاتوو بۆی دەركەوت كە ئەمریكا كەڵكی خراپ لە هێزەكان وەردەگرێت، واتە ئەگەر هاتوو بەكارهێنرا بەدەر لە ئامانجەكانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم و هاوكاریكردنی سەربازیی عێراق، بۆ نموونە: بۆ دروستكردنی ناكۆكی و رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئێراندا. هەرچەندە بوونی راوێژكارە ئێرانییەكان و هەندێ میلیشیا كە لە نێو عێراقدا بە شێوەیەكی سەربەخۆ كار دەكەن، مایەی مشتومڕ و ناكۆكین، لەگەڵ ئەوەشدا زۆربەی عێراقییەكان پێیانوایە پێویستە خودی عێراق خۆی ئەم مەسەلەیە یەكلا بكاتەوە و بڕیاری لەبارەوە بدات، نەك ئەمریكا.
سیاسەتی سزا و فشاری ئەمریكا لە ئاست ئێراندا
ئاشكرایە كە ئامانجی راگەیەندراوی ئەمریكا لە گرتنەبەری فشاری ئابووری لە ئاست ئێراندا ئەوەیە كە سازشی گەورە بە ئێران بكات، هەرچەندە من پێموانییە ئەمە سەركەوتوو بێت، چونكە خودی ئەو فشارانە پێشێلكردنی ئەو رێككەوتنەیە كە ئێران لەگەڵ شەش وڵاتی دیكەدا واژووی كرد، ئەویش لە پێناوی ئەوەی سزاكانی لەسەر هەڵبگیرێت لەبەرامبەر ئەوەی ئێران بە راددەیەكی گەورە پرۆگرامە ئەتۆمییەكەی سنووردار بكات. لە دەرئەنجامدا دەبینین ئەو كەسانەی نێو ئێران كە پاڵپشتی سیاسەتەكانی حكومەتەكەشیان ناكەن، یەكگرتوو بوون بۆ بەرهەڵستیكردنی ئەم فشارانەی ئەمریكا كە پێشێلكردنی رێككەوتننامەكە لە خۆدەگرێت. كەواتە سەرباری ئەوەی ئەم فشارانە دۆخێكی ئابووریی دژواریان دروست كردووە و سەرەڕای ئەوەی كەسانێك هەن لە نێو ئێراندا كە پاڵپشتی سیاسەتە ئابوورییەكانی حكومەتی ئێران ناكەن، بەڵام هەستێك دروست نەبووە بۆ زەرورەتی تەسلیمبوون بە داواكارییەكانی ئیدارەی ترەمپ.
ئەگەرەكانی بەردەوام ئایندەی پەیوەندییەكانی ئەمریكا و ئێران
ئەوەی لێرەدا دەتوانین بە دڵنیاییەوە بیڵێین، ئەوەیە كە هیچ ئومێدێك بە باشتربوونی پەیوەندییەكانی ئێران و ئەمریكا لە ئارادا نییە تا ئەو كاتەی كە دۆناڵد ترەمپ سەرۆی ئەمریكا بێت، بەڵام كاتێك رەچاوی ئەگەری بردنەوەی هەڵبژاردنەكانی 2020ی ئەمریكا دەكەین لەلایەن دیموكراتەكانەوە، ئەوا ئەمە دەرگای باشتربوون بە رووی ئەو پەیوەندییانەدا واڵا دەكات. هەرچەندە ناكۆكیی راستەقینە لە نێوان ئەمریكا و ئێراندا هەیە، كە لێرەشدا نابێت ئەو راستییە لەبەرچاو نەگرین كە ئێران هێزێكی ئیقلیمی گەورەیە، بەڵام دەبینین ئەمریكا پەیوەندیی دیپلۆماتی ئاسایی لەگەڵ چەندین وڵاتدا هەیە كە بۆچوون و هەڵوێستی جیاوازیشی لەگەڵیاندا هەیە، دواتر من پێموایە كاركردنی هەردوو وڵات (ئێران و ئەمریكا) لەگەڵ یەكتردا خزمەت بە بەرژەوەندییەكانی هەردوولا دەكات، لەم روانگەیەوە گرنگە كە هەردوولا خۆیان بە دوور بگرن لەو كارانە كە دەبنە ئاستەنگ بۆ دروستبوونەوەی پەیوەندییەكی ئاسایی لە نێوان هەردوو وڵاتدا.
تایبەت بۆ گوڵان نووسیویەتی