ئەو پارتەی بۆ یەكەمین جار ئافرەتی گەیاندە سەركردایەتی بۆ یەكەمین جاریش گەیاندیە سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان
February 25, 2019
وتار و بیروڕا
لە رۆژی 18ی ئەم مانگەشدا (18ی 2ی 2019) جارێكی دیكە هەمان پارتی (پارتەكەی مستەفا بازانی) هەنگاوێكی دیكەی گرنگی بۆ بەرەوپێشەوەبردنی زیاتری دۆز و پێگەی ئافرەت لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەكە هەڵگرت و، خانمێكی دیكەی بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان كاندید كرد و لەناو پەرلەمانیشدا متمانەی بەدەستهێناوە و بووە یەكەم خانم كە لەسەر كورسیی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان دابنێشێت، ئەو خانمەش كە ئێستا سەرۆكی پەرلەمانی كوردستانە د.ڤالا فەرید ئیبراهیم-ـە. لەمەش زیاتر جێگەی شانازیی هەموو ئافرەتانی كوردستانە، دیارە پێكهاتەكانی دیكەی كوردستانیش بۆ پۆستی جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمان هەر خانمێكیان كاندید كرد و ئەو خانمەش لەناو پەرلەمان متمانەی بەدەستهێنا و ئەویشیان مونا نەبی قەهوەچی-یە.
بۆ تێكڕای ئافرەتانی كوردستان بەگشتی و ئێمەی ئافرەتانی پەرلەمانتار لەناو پەرلەمانی عێراقدا، ئەم رووداوە نەك هەر جێگەی سەرنجدان و شانازییەكی گەورە بوو، بەڵكو ئێمەی گەیاندە شكۆ و پێگەیەكی ئەوتۆ كە بتوانین زیاتر بە دەنگی بەرز بە متمانە بە خۆبوونێكی زیاترەوە داكۆكی لە مافەكانی گەلی كوردستان بەگشتی و پرسی ئافرەتان لەسەر ئاستی عێراق و كوردستان لە ناو پەرلەمانی عێراقدا بكەین.
جیاوازیی نێوان ژینگەی سیاسیی پەرلەمانی كوردستان و پەرلەمانی عێراق، هەر هێندە نییە كە رێژەی خانمان لە دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان دوو بەرابەری رێژەی پیاوانە، بەڵكو جیاوازیی نێوان ئەو دوو ژینگە پەرلەمانییە، پیشاندانی دوو ئەقڵییەت و دوو تێڕوانینی جیاوازە بۆ بەشداریی ئافرەتان لە پرۆسەی سیاسی و بەشداریی راستەقینەی ئافرەت لە پرۆسەی دروستكردنی بریاری سیاسیدا، ئەم جیاوازییەش رەنگدانەوەی لەسەر ئاستی ئەو پرۆژە یاسایانە سەبارەت بە پێگەو شكۆی ئافرەت هەیە كە لەناو پەرلەمانی كوردستان چ پرۆژە یاسایەك بۆ هاوسەنگی و یەكسانیی نێوان ژنان و پیاوان ئامادەكرێت و دەخرێتە ناو بەرنامەی كاری پەرلەمانەوە، لە بەرامبەردا لەناو پەرلەمانی عێراقدا چ جۆرە پرۆژە یاسایەك بۆ پێگە و شكۆی ئافرەت دێتە بەر باس و دەخرێتە ناو بەرنامەی كاری پەرلەمانی عێراقەوە بۆ ئەوەی بڕیاری لەسەر بدرێت، یان دەنگدانی لەسەر ئەنجام بدرێت.
لە خولەكانی پێشووتری پەرلەمانی كوردستاندا زۆر لە لیژنە گرنگەكانی پەرلەمان و وتەبێژی فراكسیۆنەكان و تەنانەت پۆستی سكرتێری پەرلەمانیش بە ئافرەتان سپێردراوە و هەمووشیان بە بێ جیاوازیی حزب و نەتەوە لە كارەكانیان سەركەوتوو بوون، بەڵام لەناو پەرلەمانی عێراقدا ئەو بوارە نەڕەخساوە كە بەشداری كردەیی لە پۆستە هەستیارەكاندا، یان تەنانەت لە سەرۆكایەتیی هەندێك لیژنەی گرنگی ناو پەرلەمانیشدا بە ئافرەتان بسپێردرێت، هەر بۆیە ئاستی پێشكەوتن و رۆڵ و كاریگەریی ئافرەتان لەناو پەرلەمانی عێراقدا بە بەراورد لەگەڵ پەرلەمانی كوردستان لە ئاستێكدایە زەحمەتە بەراورد بكرێت.
دیارە ئەم دیمەنەی ئێستای دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان پیشانی عێراق و ناوچەكە و جیهانی دەدات، كارێكی رێككەوت و سەرپێی نییە و پێشتریش پەرلەمانی كوردستان كاری لەسەر ئەم پرسە كردووە، بەوەی دەبێت لەناو دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستاندا ئافرەتێك یەكێك لە پۆستەكانی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان وەربگرێت، هەر بۆیە ئەوەی جێگەی هەڵوەستە لەسەر كردنە و دەبێت ئاماژەی پێ بكرێت، بەتایبەتی دوای ئەوەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان بە هەوڵ و ماندووبوونی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە تەمموزی (2018) هەموار كرایەوە، بە یاسا چەسپاندی كە دەبێت یەكێك لە ئەندامانی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان (سەرۆكی پەرلەمان، یان یەكێك لە دوو جێگرەكەی) ئافرەت بێت، ئەم هەنگاوەش یەكێكی ترە لە دەستكەوتەكانی پەرلەمانی كوردستان كە جێگەی شانازیكردن بێت، لەكاتێكدا هەتا ئێستا لە پەرلەمانی عێراقیدا هیچ جۆرە یاسایەكی لەو شێوەیە نییە كە رۆڵ و پێگەی ئافرەتانی لە نێو دەستەی سەرۆكایەتیدا دیاری كردبێت، ئەمەش خالێكی تری جیاوازییە لەنێوان پەرلەمانی عێراقی و پەرلەمانی كوردستاندا و لەلایەكی ترەوە گەواهیدانی مێژووە بۆ هەوڵی بەردەوامی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ دەرخستن و گرنگیدان بە تواناكانی ئافرەتان.
ئەمڕۆ ئافرەتێك سەرۆكی پەرلەمانە، مایەی خۆشحاڵییە بۆ ئێمەی ئافرەتان و هەست بە سەركەوتن دەكەین و هەست بەوە دەكەین كە ئێمەی ئافرەتیش خاوەن بڕیارین، لەلایەكی ترەوە وەك ئەندامێكی پارتی دیموكراتی كوردستان هەست بە شانازی دەكەم كە پارتی ئافرەتێكی كاندید كرد بۆ ئەم پۆستە سیادییە، ئەمەش نیشانەی خەمخۆری و دڵسۆزیی پارتییە بۆ گشت پرسە هەستیارەكان بە دۆسیەی ئافرەتانیشەوە.
ئەوەی لێرەدا زۆر گرنگە راشكاوانە جەختی لەسەر بكرێتەوە و فەرامۆش نەكرێت، ئەوەیە ئەم وەرچەرخانە گەورەیە لە پرسی ئافرەتدا لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستانەوە دەستپێشخەری بۆ كراوە و پارتی دیموكراتی كوردستان چۆن لە خەبات و قوربانیدان لەپێناوی مافە نەتەوایەتی و نیشتمانییەكانمان پێشەنگ و رێبەر بووە، بەهەمان شێوە لە خەباتی بە مەدەنیكردن و بە مۆدیرنەكردنی كۆمەڵگەشدا ریچكە شكێن و هەموو كات دەستپێشخەر بووە، هەر بۆیە ئەگەر چاوێك بە مێژووی خەباتی پارتی دیموكراتی كوردستاندا بگێڕینەوە، ئەو راستییە وەك رۆژی رووناك دیارە كە هەمیشە كادیرە ئافرەتەكانی پارتی لە پۆستە باڵاكاندا پێشەنگی ئافرەتان بوون لە ئەركەكانیاندا و سەركەوتنیان بەدەستهێناوە.
تێگەیشتن و دیدوبۆچوونەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان بەم هەنگاوە گرنگەی سەلماندنی كە تێگەیشتن و تێڕوانینی ئەم پارتە بۆ سیاسەت و حوكمڕانی بە شێوەیەكی كردەیی لە تێگەیشتن و تێڕوانینی حزب و لایەنە سیاسییەكانی عێراق و ناوچەكە جیاوازترە و ئەوەی پارتی لە میانەی پێگە و رۆڵی گرنگی ئافرەت لە پێشخستنی كۆمەڵگە دەیبینێت و هەستی پێ دەكات و لە پێناویدا دەستپێشخەری دەكات، هێشتا لە ناو تێگەیشتن و ئەقڵی سیاسیی ناوچەكەدا بیری لێ نەكراوەتەوە، ئەمەش پەیامێكی راشكاوانەیە بۆ هەموو ئەوانەی خۆیان بە دۆست، یان دوژمنی دۆزی رەوا و ئەزموونی حوكمڕانیی كوردستان دەزانن، پارتی دووبارە سەلماندیەوە كە جارێكی دیكە هزری مرۆڤساڵاری لە كوردستاندا بووژاندەوە.