سلێمانی بۆتە تاقیگەی سیاسی

سلێمانی بۆتە تاقیگەی سیاسی
کاتی ئەوە هاتووە سلێمانیەکان پرسیار لەو حزب و لایەنانە بکەن کە لە دوای راپەڕینەوە لە هەر چوار ساڵ مانگێک خۆیان دەکەن بە خاکوخۆڵی ژێرپێی سلێمانیەکان و سێ ساڵ و یازدە مانگیش سلێمانیەکان دەکەنە خاکوخۆڵی ژێرپێی خۆیان، لە هەر چوار ساڵ مانگێک خۆیان دەکەن بە خزمەتکاری سلێمانیەکان و سێ ساڵ و یازدە مانگیش سلێمانیەکان دەکەنە خزمەتکاری سیاسی خۆیان.
حزب و لایەنەکانی سلێمانی ئەو شارەیان کردۆتە تاقیگەی سیاسی و هەر چوار ساڵ جارێک بە درووشم و موزایەدە خۆیان لەو تاقیگەیە تاقی دەکەنەوە و سلێمانیەکانیان بۆ دوو مەبەست دەوێ، یەکەمیان بۆ ئەوەی دژایەتی پارتی پێبکەن و دوومیشیان بۆ ئەوەی پۆست و دەستکەوتی تایبەتیان پێ دەستەبەر بکەن، بۆیە هەر چوار ساڵێک مانگێک دەبنە میوانی سلێمانیەکان و بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانیان و بەدەستهێنانی دەستکەوتی زیاتر ناوە ناوەش دژی پارتی دەیانجووڵێنن.
ئەو حزب و لایەنانە بەوەشەوە نەوەستاون و ئێستا لە هەوڵی ئەوەدان سلێمانیەکان بکەنە گرووپ گرووپ و بەگژ یەکتریاندا بکەن، لێردا دەپرسین: ئەرێ کاتی ئەوە نەهاتووە سلێمانیەکان بەو حزب و لایەنانە بڵێن: ئیتر بەسە! ئەرێ کاتی ئەوە ناهاتووە سلێمانیەکان شارەکەیان لەو گرووپبەندیە رزگار بکەن و بەو لایەنانە بڵێن: ئێمە لە دێرزەمانەوە تاقیگەی کوردایەتی بووین و چیتر رێگەتان پێنادەین بمانکەنە تاقیگەی حزبی و هەر چوار ساڵ جارێک بە دەمامکێکی نوێوە خۆتانمان پێ نمایش بکەن.
Top