ئەکسیۆلۆژیای پێشمەرگەی کوردستان

ئەکسیۆلۆژیای پێشمەرگەی کوردستان
بەھا (القیمە یان value) بریتییە لە بڕیاردان لەسەر نرخی شتێک یان بیروباوەرێک لە رۆانگەی مرۆڤەوە بە پێی گرنگی یان گرنگ نەبوونی، ئەو بابەت و شت و باوەر و کەسە، و لە کەسێکەوە بۆ کەسێکیتر جیاوازە، و ئەو بەھا و بڕیاردانە کاریگەرییەکی زۆر قووڵی بەسەر رەفتار و کردارەکانیەوە ھەیەتی، و زێدەڕۆیی نیە گەر بگۆترێت ھەموو یان بەشی ھەرە زۆریان. بۆیە لە گۆڕەپانی زانست، و بەتایبەت چەرخی سەردەمدا زۆر گرنگی بەم لایەنە دراوە، لە کاتێکدا ھێشتان ئێمە لە کوردستان، وەک پێویست گرنگی پێنادەین.
***
سلاستینین و چیژۆکۆڤا، دوو پسپۆری ناسراوی فەلسەفەی پێداگۆگی و پەروەردەیی لە وڵاتی روسیای فیدراڵ، لە ناوەرۆکی بەرھەکانی خۆیاندا، بدرێژایی باس لە گرنگی گەشەی بھاکان دەکەن لە چەند سەد ساڵەی رابردوو لە جیھانی مرۆڤایەتیدا، و ئەو بابەتە لە روانگەی فەیلەسۆف و پەروەردەکارە مەزنەکانی جیھان و رۆژئاڤا و رۆسی، بە پێی قۆناغەکانی گەشەی روون دەکەنەوە. لە پێناسەی خۆیاندا بۆ وشەی بە بنەرەت یەونانیی ئەکسیۆلۆگیا و (axialogos)، زانستی بەھاناسی (علم القیم) زۆر سادە و ساکار بە توێژینەوەیەکی فەلسەفیانەی بەھاکان دەیناسێنن(٣). سەرەتای سەرھڵدانی ئەم زانستە بۆ دەستپێکی سەدەی بیستەم دەگەڕێتەوە، وەک ھەنگاوێک بۆ لێکۆڵینەوە و چارەسەری بۆ کێشە و "گرفتی بەھاکان" لە کۆمەڵگەی مرۆڤایەتیدا. کۆمەڵگەکان بە پێی ئەو توێژینەوانەی کە تیایدا ئەنجامدراون، ھەر یەکەو خاوەنی کۆمەڵێک بەھای تایبەتن، کە جیاوازە لە ھی ئەوانیتر، و بەرھەمی سیستەمی ژیانی کۆمەڵایەتی، سیاسی، کەلتووری و فەرھەنگی، و تەنانەت سروشتی جۆگرافیاییەکەیانن. بەھاکان یەکەی تێرکردنی ھزریی مرۆڤەکانە، کە بە ھۆیانەوە ھێل و وێنە و نەخشەرێگای ژیان و بەختەوەری تاکەکانی کۆمەڵگا دادەڕێژرێن. چونکە لە پەنای ئەوانەوە مرۆڤ جۆرێکی تایبەت رەفتار و کردار ئەنجام دەدات، و ھەڵسوکەوتەکانی لەگەڵ خۆدی خۆی و دەوروبەر و نەتەوە و ژینگە مرۆڤی و فیزیکییەکەیەوە بە ھۆیانەوە روودەدەن، تەنانەت وەک زانایانی دەروونی بۆی دەچن دەرووندروستی و سازان و گۆنجانی دەروونیشی پەیوەستە بەو بەھایانە، و جیاوازی و ناکۆکی و ناتەبایی ئەوان لەگەڵ یەکتری مرۆڤ تووشی زۆر جۆری تێکچوونی رەفتاری و دواتر دەروونی، دەکات، چونکە نائاسوودەیی مرۆڤ بە ھۆکاری لادانی لە پێوەرەکانی دەروونیی وەک وژدان و بەھاکان، تووشی ھەستکردن بە تاوانباری و گۆناە دەکات، و ئۆقرەیی لێی دەسەندرێت، و بەرەو ئاقارێکی نادیاری دەروونی پاڵدەدات.
سیاسەت، رەھەندێکی بەھێزی بەشێک لەو سیستەمە بەھاییانەی تاکی ئەو کۆمەڵگایانەن، کە ھەندێ جار و لە ھەندێ سەردەم و لەژێر کاریگەری دۆخەکانی نەخوازراوی سیاسی، بۆ نموونە روودانی جەنگ کاریگەری نەرێنی و خرابی کردووتە سەر سایکۆلۆژیای تاکەکانی. دیاردەی خۆکۆشتنی جەنگاوەران و سەربازانی رۆژئاوایی، و بە تایبەت دوای جەنگی جیھانی ڤیێتنام، و زۆر جەنگی ھاوشێوە تەنھا و تەنھا بە ھۆی ئەوە بووە کە ئەو وڵاتانە و سەربازانە، بە پێچەوانەی پێشمەرگەی کوردستان کە تەنھا بەرگریکەر بوونە و دەبن، و ئەو دیاردەیە لە نێویدا زۆر دەگمەن و تەنانەت بوونی نیە، داگیرکەربوونە. ئەو سەربازانە دوای ھەر جەنگێک، وەک بیردۆزەکانی دەروونناسی ئاماژەی پێدەکەن، تووشی دۆخێکی ناڵەباری دەروونی دەبن و ھەمیشە ھەستیان بە گۆناھباری کردووە، ھەمان ئەو شتەی کە دەبێ لە نێو تیرۆریستانەوە لە لووتکەی خۆیدا بێ، چونکە دەزانن بۆ ھیچ کردوویانە و داگیرکەر بوونە. بەڵام پێشمەرگە، نابێ ھەرگیز ئازاری ھەستی گۆناھباری (sense of guilty) لا ھەبێ چونکە ھەمیشە خۆی بە ئامرازێکی پاراستن و بەرگریکردن زانیوە و ئەو ھزر و بیرە نەک تەنھا ھەندێ بابەتی لاوەکین، بەڵکۆ بەھا رەسەنەکانی کۆمەڵایەتی و تاکیی خۆدی خۆیەتی، و ھەڵقولاوی پەروەردەیەکی کوردەوارین، کە جگە لە "کردار و ھزر و گۆتاری باش"، خزمەتکردن بە مرۆڤایەتیش لە ناوەخن و تانۆپوودی ئەو کەسێتییە ھەردەم شەکاوە و گەشە، وێرای زۆڵم و زۆردارییە لە بن نەھاتووەکەی سەردەستی داگیرکەرانی ناوچەکە بە ھەر ناوونیشانێک تەنانەت ئایینیشەوە، ھێشتان یەخەی بەرنەداوین. کوردستانیان بە ھۆی ھەڵکەوتەی جۆگرافیایی، و دۆخی سەختی ژیانی بندەستی و جەنگە سەپێنراوەکان، کە دواترینیان جەنگی تاریکپەرستانی تیرۆرستی داعش بوو، بوونەتە خاوەن سیستەمێکی تایبەتمەندی بەھایی خۆی، کە لە ھیچ نەتەوە و نەژادێک ناچێت.
ئەو پێشمەرگەیە کۆڕی ھەمان ئەو کوردانەیە کە دیرۆکناسی ئێرانی، عەبدۆلعەزیم رەزائی، لە پەرتووکەکەی خۆی "مێژووی دەە ھەزار ساڵەی ئێرانیەکان" بەم شێوەیە دەگێڕێتەوە: رۆژێکیان عەبدولمەلیک خەلیفەی دووھەمی ئەمەوییەکان لەگەڵ پۆڵێک لە کەڵە پیاو و دەستھەڵاتدارانی خۆی سەردانی یەکێک لە مزگەوتە بەناوبانگەکانی دیمەشقی پایتەختی خۆیان دەکەن. لەوێ سیمینار و کۆڕ و کۆبوونەوە و وانەگۆتنەوەی زۆر بەڕێوەدەچوون. کاتێک خەلیفە لە نەژاد و نەتەوەی مامۆستایانی ئەو مزگەوتەی پرسی ئەوانەی لەگەڵی بوون پێی راگەیاندن کە ئێرانین[ دیارە کە نووسەر نەویستووە لە نووسینی مێژوودا راستگۆ بێ ئەگەینا ئەو سەردەمە ئەو ئاریاییانەی لەو ناوچەیە بوونیان ھەبووبێ تەنھا کوردەکان بوونە]. خەلیفە لەگەڵ سەرسۆڕمانی خۆی، زۆریش تووڕە بوو و ئەمەی پێیناخۆش بوو، و وتی:" ئاریاییەکان ھەزار ساڵ حۆکمرانیان بەسەر ئێمە کرد بەڵام تەنانەت یەک رۆژیش پێویستییان بە ئێمە نەبووە، کەچی ئێستاکە ئێمە تەنھا چەند رۆژێکە دەستھەڵاتمان بەسەر ئەوانەوە ھەیە و بۆ ھەموو شتێک و تەنانەت بۆ فێربوونی زمانەکەشمان پێویستیمان بە ئەوانەوە ھەیە"(٢).
بەھاکانی تاکی کوردی، ھەمان ئەو بەھانەن کە پێشمەرگەی کوردستان نممونەیەتی، و خاوەن بەھاکانی مرۆڤدۆستانەن، کە جەنابی سەرۆک بارزانی لە کۆنگرەی ھاوبەشی رۆژنامەوانیی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و بەرێز (فرانک ڤاڵتێر شتانمایەر) ی وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لە ١٦/٨/٢٠١٤ دا و لە پەرتووکی وتار و دیمانە و کۆنگرەی رۆژنامەوانی بەرێز مەسعود بارزانی... پێشمەرگەیەک لە پێگەی سەرۆکی ھەرێمدا، بەرگی ٦ ل. ١١٧ " ئەو بەھایانەی ئێمەی کوردستانیان بڕوامان پێیەتی وەک دیمۆکراسی، ئازادی، پێکەوە ژیان و لێبۆردەیی"، و لە پەنجایەمێن سالڤەگەری پێشمەرگایەتی خۆی، خۆدی پێشمەرگەبوونی "گەورەترین شانازی"(١)، وەسفدەکات.
دیارە پێشمەرگە ھەمیشە سیمبۆڵی مەزڵوومیەتی کوردستانیان، و ستەمگەری داگیرکەران بووە. ئازایەتی، ئازادیخوازی، مرۆڤدۆستی، خۆڕاگری، ئەمەکناسی، ئەرکناسی، نیشتمانپەروەری، "خۆنەچەمێنەر"، ...ھتد، ئەو بھایانەن، کە نەک کورد و کوردستانیان بەڵکۆ تێکرای مرۆڤایەتی دەبێ شانازییان پێوەبکات، و لێرەدا داوادەکەم بە پێی پێوەرە جیھانییەکانی وەک میلتۆن رۆکیچ (Milton Rokeach)، وایت (White)، ئەلپۆرت و ڤێرنۆن (Allport and Vernon)، دۆد(Dodd)، ئەلبێرت (Alber)، ڤیلیامز (Williams)، سپرێنجێر (Springer)، مۆریس (Morris)، دالک (Dahlk)، کلۆکھۆھن (Kluchhohn)، و ...ھتد، توێژینەوەی زانستی و ئەکادیمی لەبارەی ئەم بھایانە و سیستەمی بەھایی (Values system) توێژی پێشمەرگە ئەنجام بدرێت و سەمپڵەکەی زیاتر لە ١٥٠٠ کەس بێ، تاوەکو ئەنجامەکانی بۆ جیھانیان سەرسۆڕمان بھێنێ و ئەم کەڵەپیاوە ئەمەک ناسە زیاتر لەوەی کە بە مێرخاسی و چەلەنگی خۆی لە جەنگی دژی دڕندەترین تیرۆریستانی سەدەی بیست و یەک بۆ جیھانیان دەرکەوت، زیاتر بناسرێت. و ھەمان داواکاری بۆ تێکرای کوردستانیان لە گشت پارچەکانی کوردستان (ئەگەر بکرێت)، ئەنجام بدرێت تاوەک نەتەوەکانیتری جیھان بەھاکانی تاکی کورد و سیستەمی بەھایی ئەو تاکە زیاتر بۆ جیھانیان ئاشکرا ببێت کە نھێنی ئەو مرۆڤدۆستایەتییەی تاکی کورد و حەز و ئارەزووی بۆ بەزەیبردن بە نەتەوەکانیتری ھاوبەش لەگەڵیدا لەنێو کۆمەڵگە و ھەرێم و کوردستان چین، کە ئەوان وێرای ئەو ھەموو نەھامەتییەی لەسەر دەستی بەشێک لەو نەتەوانە بینیویانە بەڵام پێکەوە ژیانی ئایینی و نەتەوەیی کورد لەگەڵ ئەوان زۆبانزەدی (خاس و عام) و گشت جیھانە، و پێشمەرگەی قارەمان ھاوشێوەی ھەر کوردێک بەرگری لە ئەوانیشی کرد.
زۆرینەی ڕەھای پێشمەرگەی کوردستان کۆڕی چینی ھەژار و کەمدەرامەتی کۆمەڵگەی کوردستانی و بە تایبەت گۆندنشینانن، و کاتی ئەوە ھاتووە دوای ئەو ھەموو قارەمانێتییە حکومەتی ھەرێم لە میانەی پرۆگرامە چاکسازییەکانیدا، و بۆ دەستەبەرکردنی ھێزێکی بە برشتتر، زیاتر لە جاران و لە گشت توێژەکانیتر گرنگی بە ژیانیان بدات، و بە دواداچوون بۆ ھەر کەمتەرخەمییەک لەو بوارەدا بکات و کەس و لایەنی سەرپێچیکار بە تووندترین شێوە سزا بدات، جا ھەر کەس و لایەن و لە ھەر پلە و پایەیەکی کۆمەڵایەتی، لەشکەری و سیاسیدا بێ. کاتی ئەوە ھاتووە چەمک و زاراوەی "سوپاس بۆ پێشمەرگە" ببێتە ھەوێن و فەلسەفەی کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگەی کوردەواری، و نەک تەنھا دروشمێک بێ لەسەر لاپەڕەکان، و تەنھا ئەو کاتەی کە گۆرگە دڕندەکانی وەک داعش پەلاماری کوردستان دەدەن خەڵک پێشمەرگەی بیر بێتەوە، بەڵکۆ زیاتر لەوە دەبێ لە نێو کۆڵان و گەڕەک و ماڵەوەش ھەمان روانگەمان بۆیان ھەبێ، و وشە و ناوی پێشمەرگە، ئەو ناوە شیرین و پیرۆزەیە، کە دەبێ بخرێتە نێو پرۆگرامی خوێندن، و قوتابیان ئاشنای ئەو ھێزە پۆڵاینە و خزمەت و پێگەیان بن. چوونکە ئەو مان و بوونەی ئێستای خۆی و تاکەکانی لە سایەی رەنج و خەبات و ماندووبوون و قۆربانیدان و خوێنی سوور و گەشی ئەوانەوە، دەزانێ. ئەمرۆکە پێشمەرگە نەک تەنھا بەھایەکی کۆمەڵگەی ئێمەیە، بەڵکۆ بەھایەکی بە نرخە بۆ تێکرای مرۆڤایەتی و شارستانیەتەکەی. مرۆڤایەتی قەرزداری ئەو پێشمەرگەیەن. پێشمەرگە مامۆستا و سیمبۆلی بەرخۆدان و "خۆ نەچەماندن"، و بەشێکە لە پێناسەی کورد و کوردستانیان. سەرچاوەکان:
(١) بارزانی، مەسعوود (٢٠١٨): مەسعود بارزانی... پێشمەرگەیەک لە پێگەی سەرۆکی ھەرێمدا: وتار و دیمانە و چاوپێکەتنەکانی رۆژنامەوانی، بەرگی ٥، چ. ١، ل. ١٤٣.
(٢) رچائی، عبدالعڤیم (١٣٧٦): تاریخ دەە ھزار سالە ایران، جلد٢، چ.٨، چ. اقبال، تھران، ل.٢١٦.
(٣)Сластенин В. А. и Чижакова Г. И. (٢٠٠٣): Введение в педагогическую аксиологию:.-м.:из-ктй центр «академия», с.٥.
*پرۆفیسۆری ە. /پسپۆری سایکۆلۆژیای پێداگۆگی/ زانینگەی زاخۆ
*ئەم بابەتە بە دەستکارییەوە لە ژمارەی ٥٦٩٢ی رۆژنامەی خەبات لە رێکەوتی ١٢/٢/٢٠١٩ لاپەڕەی ٦ بڵاوکراوە.
Top