شیعە و کەڵکەڵەی تۆڵە سەندنەوەى حوسێن

شیعە و کەڵکەڵەی تۆڵە سەندنەوەى حوسێن
لە دوای پرۆسەی ئازادی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣ شیعە لە ژێر کاریگەری تۆڵە سەندنەوەى حوسێن و بە هاندانی ئێران کەوتنە هەڵەیەکی وا ستراتیجی کە راست کردنەوەى مەحاڵە، دەبوایە ئەوکات کەڵک لە سیاسەتی توندوتیژی و کوشتوبڕ و خۆ سەپاندنی سەددام حوسێن و حزبی بەعس وەربگرن, ئەگەر لەباتی ئەو سیاسەتە توندوتیژی و خۆسەپاندنەی ئێستا گرتوویانەتە بەر، سیاسەتی دیموکراتی و پێکەوەژیانیان هەڵبژاردبا، هەم پشتیوانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیان بۆ خۆیان مسۆگەر دەکرد و هەم بە پێی پرنسیبە دیموکراتیەکان بە هاوبەشی پێکهاتەکانی تر فەرمانڕەوایی عێراقیان دەکرد و خۆشگوزەرانیشیان بۆ خەڵکی عێراق دابین دەکرد, هەم عێراقیشیان بەو دەردە نەدەبرد و دوژمنایەتی ١٤٠٠ لەمەوبەری نێوان خۆیان و سوننەکانیشان نوێ نەدەکردەوە.
کورد دەڵێ: نەدیوبدی کوڕێکیان دی, لەباتی ناوکی کیریان بڕی، شیعەش لە عێراق هەمان دەردی بوو، لەدوای رووخانی رژێمی بەعس لەباتی ئەوەی بۆ فەرمانڕەوایی عێراق دیموکراتی هەڵبژێرن، بە فیتی ئێران دیکتاتۆریان هەڵبژارد، بەرژەوەندیەکانی ئێرانیش وای دەخواست لە عێراق کێشەی نێوان شیعە و سوننە قوڵتر بکەن و دوژمنایەتیەکە نوێ بکەنەوە, بۆیە سیاسەتی کاول کردنی ناوچە سوننە نشینەکانیان پێ گرتنەبەر, لەوەدا ئێران سەرکەوتنی بەدەست هێنا، قەیس خەزعەلی سەرۆکی رەوتێکی میلیشیای ناو حەشدی شەعبی لەکاتی ئامادەکاری بۆ هێرش کردنە سەر موسڵ گوتی: لە ئازاد کردنی موسڵدا تۆڵەی ئیمامی حوسێن دەکەینەوە، چونکە باب و باپیری ئەوانە بوون حوسێنیان شەهید کرد، رێک ئەوە سیاسەتی ئێران بوو کە پێشوەختە بۆ میلیشیاکانی سەر بەخۆی داشتبوو.
رژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ ئەوەی خۆی لە چارەسەری ئاقڵانەی کێشەی کوردیش لە ئێران ببوێرێ، کاریان بۆ ئەوە کرد لە عێراق دۆستایەتی کۆنی نێوان کورد و شیعە تێکبدەن و لە رێگای گرووپە شیعەکانی سەر بەخۆیان ئەو ئامانجەشیان پێکا.
ئێرانیەکان لە عێراق بەوەشەوە نەوەستان و بۆ ئەوەی زیاتر دەست بخەنە ناو کاروباری ناوخۆی عێراق، ناوماڵی شیعەکانی عێراقیان بەو شێوەیەی ئێستا پەرتوبڵاو کرد، لەوەشدا مەبەستیان بوو گرووپە شیعەکان لە ململانێ و بۆ زاڵبوون بەسەر یەکتریدا زیاتر بکەونە ژێر هەژموونی ئێران, بەوەش ئێران لە عێراق براوەی یەکەمە و شیعەکان دۆڕاوی یەکەمن، چونکە بە هۆی ئەو گەمەیەی ئێران لە عێراق بە شیعەکانی کرد، بۆ داهاتوو شیعەکانی عێراقی توشی چەندین کێشە کردووە لەوانەش:ــ
١ــ لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە گشتی و جیهانی عەرەبی دابڕیون.
٢ــ ئاسان نییە لە مەودای دوور و نزیکدا بتوانن پەیوەندیەکانیان لەگەڵ سوننەکانی عێراق ئاسایی بکەنەوە و بەیەکەوە بژین.
٣ــ ئەو دۆستایەتیە مێژووییەی شیعە لەگەڵ کورد لە عێراق هەیبوو، ئێران لە رێگای گرووپە شیعەکانی سەر بەخۆی تێکیدا و مەحاڵە لە داهاتوودا شوێن و پێگەی خۆی بگرێتەوە.
٤ــ ناوماڵی شیعەی عێراقیشی وا تێکداوە لە ئەگەری کەمبوونەوى هەژموونی ئێران بەسەر عێراقدا گرووپە شیعەکان بەڕووی یەکتریدا دەتەقنەوە.
Top