یەکێتی و پۆستی سەرۆکی هەرێم
February 23, 2019
وتار و بیروڕا
کەرکوک کە لای پارتی دڵی کوردستانە و بە هیچ شێوەیەک دەستبەرداری نابێ و کوردستانی بوونی کەرکوکیش لە پۆست و پۆستکاریدا نابینێ، بۆیە هەرگیز ئامادە نییە کوردێک سەر بە هەر لایەنێک بێ زەلیلی بکاو بیکاتە کۆیلە و ئالەتی بەردەستی حەشدی شەعبی.
یەکێتی دوای ئەوەی دڵنیا بوو کە پارتی لە پێناو وەرگرتنی پۆستی پارێزگار ئامادە نییە بەرپرسێکی یەکێتی بکاتە کۆیلەی عەرەب و تورکمان بایکۆتی پرۆسەی سیاسی کرد، لەگەڵ ئەوەشدا یەکێتی بە هەڵەکانی خۆیدا ناچێتەوە و دەیەوێ هەڵە بە هەڵە چارەسەر بکات، ئەوەتا ئێستا لە شوێنی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان داوای پۆستی سەرۆکی هەرێم دەکات.
گریمان پارتی بەو داوایەی یەکێتی رازی بوو، ئەوجار کێشەکە دەکەوێتە ناو باڵەکانی یەکێتی، کاندیدی پۆستی سەرۆکی هەرێم کێ بێ و سەر بە کام باڵە بێ؟ گریمان بە ناوبژی دۆستەکانیان لە تاران و بەغدا ئەوەشیان یەکلا کردەوە، دوای ئەوە کێشەیەکی تر سەرهەڵدەدا، سەرۆکی هەرێم دەبێ یان لەناو پەرلەمان هەڵبژێردرێ یان لەناو خەڵک و لەو دوو حاڵەتە بەدەر نییە، لە هەردوو حاڵەتەکەشدا یەکێتی دەدۆڕی و ناتوانێ ئەو پۆستە وەربگرێ، کەواتە باشترین رێگاچارە بۆ یەکێتی گەڕانەوەیەتی بۆ ناوماڵی کورد و کوردایەتی کردن و دەستبەردار بوونیەتی لە سیاسەتی عێراقچێتی.