كوردی سووریا لەنێوان كشانەوەی ئەمریكاو هەڕەشەی توركیادا

كوردی سووریا  لەنێوان كشانەوەی ئەمریكاو هەڕەشەی توركیادا
بڕیارەكەی سەرۆكی ئەمریكا بە كشاندنەوەی هەموو كارمەندانی دەرەوەی وڵاتەكەی بە شێوەیەكی كتوپڕی و سەربازەكانیشی كە ژمارەیان دوو هەزارن لە بنكەكانیان لە باكووری رۆژهەڵاتی سووریا لە ماوەی سێ مانگدا، بۆ هەموو چاودێران شتێكی سەرسوڕهێنەرو چاوەڕواننەكراو بوو، هاوكات بێزارییەكیش بوو لای وەزارەتی بەرگری-پنتاگۆن-و هەندێ لە ئەندامانی كۆنگریسەوە، پەرچەكرداری ئەم بڕیارە لەنێوان وریایی و پەلەنەكردن لەلایەن رووسیاوەو لەنێوان راگەیاندنی ئیسڕائیلدا هات، بەوەی كە پشت بەخۆی دەبەستێت، دوای رۆیشتنی ئەمریكا لە سووریا، هەروەها تۆمەتباركردنی ئیدارەی ئەمریكا بە خیانەت لەلایەن هێزەكانی سووریای دیموكراتەوە، دیسان سەرلێشێواوی و سەرسامیی ناوەندەكانی هەموو گروپەكانی سەر بە پەكەكە. لەبەرامبەر بڕیاری كشانەوەی ئەمریكاو هەڕەشەكانی توركیا بە هێرشكردن، سەرۆك مسعود بارزانی نیگەرانیی خۆی پیشاندا لەهەمبەر چارەنووسی كوردانی سووریا، هەروەها لێكدانەوەكانی ئەوەی كە ئەم كشانەوەیە هاوئاوازە لەگەڵ حەزو ئارەزووی توركیا دوای رێككەوتن لەسەر گرێبەستی پاتریۆت بە (50.3) ملیار دۆلار و هەڕەشەكردن بە داگیركردنی منبج، هەروەها پێداگریی هەسەدە بە بوونی هێزگەلێكی دیكەو تەدارەكی سەرسنووری توركیاو سووریا.
لەبەرامبەر هەڕەشەكانی توركیا بە هێرشبردنی سەربازی بۆ رۆژهەڵاتی فوڕات، واتا ئەو ناوچە كوردییانەی كە ماون دوای ئەفرین و ئەو لێكەوتانەی لەم دوژمنكارییەدا دێنەئاراوە لە راگواستن و كوشتن و كاولكاری، دەبێ بڵێین ئەو حزبانە و بە دیاریكراویش سەركردەكان خۆیان ئەو كارەساتەیان بەسەر ناوچەكەدا هێنا، ئەوانن كە كوردی سووریایان بەم دەردە برد، گەلی ئێمە یەكڕیز دژی رژێمێكی ستەمكار وەستابوونەوە بۆ ئەوەی بگەنە مافەكانیان لەسەردەمی راپەڕینە نیشتمانییەكەی سووریا، چونكە هەر ئەوە كە دوژمن و چەوسێنەری سەرەكییانە، چەكدارانی پەیەدە هاتن بۆ پاڵپشتیكردنی رژێم و بەرەنگاربوونەوەی شۆڕش، حزبەكانی ئەنەكەسەش بێ لایەن بوون، ئەوەی لەئێستادا چاوەڕوانمان دەكرد، رووینەدەدا ئەگەر پەیەدە پابەند بوایە بە بەرژەوەندییەكانی ئاسایشی نەتەوەیی و نیشتمانیی كوردانی سووریا، هەروەها ململانێی پارتی دایك (پەكەكە)یان لەگەڵ توركیا نەگواستبایەوە بۆ ناو خاكی سووریا بە دیاریكراویش ناوچەكانی ئێمە، ئەوەش پاساو بوو بۆ حاكمی توركیا دوای ئەوەی ئەو هەلەی قۆستەوە تاكو شەڕەكە لە توركیا دووربخاتەوەو بتوانێت زیاتر تێكەڵ بە دۆسێی سووریا ببێت، سەرەتا ئەفرین بوو كە داگیركرا، ئێستاش جەزیرەو كۆبانێ، لە هەموو حاڵەتێكدا ئەوانەی تێوەگلاون لەوەی ئەم دۆخەیان هێنایە ئاراوە، دەبێ چارەسەریشی بۆ بدۆزنەوە، پێموانییە ئەوەی گەلەكەی بۆ چەند جارێك سەرشۆڕ كرابێت، چاوەڕوان بكات داكۆكی لە ئەجێندا گومانكراوەكەی بكرێت، هەروەها پێموانییە كە بژاردەی ئەنەكەسە لە قۆستنەوەی دۆخەكە بەشێوەی هەلپەرستی بە گەڕانەوە بۆ رێككەوتنەكانی هەولێر و دهۆك كاربكاتە سەر هەڵوێستی توركیا، وێڕای ئەوەی كە نیگەرانیی ئەمریكای هاوپەیمانی تازەی گروپەكانی پەكەكە سوودی هەبێت، كەواتە تاكە بژاردە كە من دەیبینم كە هەست و كەفوكوڵی توركیا دامركێنێتەوە، ئەوەیە كە پەیەدەو حزبەكانی دیكەی ئەنەكەسە مل بدەنە بانگەوازی رزگاریی نەتەوەیی و نیشتمانی و گەڕانەوە بۆ كۆدەنگیی میللی، هەروەها رادەستكردنی چارەنووسیان بە كۆنگرەی نیشتمانیی كوردی سووریا، هاوكات یەكسەر دەستكردن بە وتووێژ لە قامشلی، یان كۆبانێ، یان هەولێر، بۆ پێكهێنانی لیژنەی ئامادەكاری، بەمەش هەموو پاساوەكان دەڕەوێنەوەو كوردانی سووریاش دەبنە خاوەنی خۆیان و نابنە ژێردەستەی هیچ كەسێك.
گروپەكانی پەكەكە لە سووریا چەكداران بە چەندین ناوی دیكە دەقۆزنەوە، لەوانە رێكخستنی سەربازیی ئافرەتان، كە قوربانییەكانیان سەدان كەسە، كە لە بیابانەكانی رەقەو دێرزور لەبەر ئامانجی سیاسی مایەی رێزن، لەوانەش لابردنی تۆمەتی تیرۆرە لەسەر سەركردەكانیان لە قەندیل و پارەداركردنی پڕۆژەو پیلانەكانیان، وەك بەشداریكردن لە ئیدارەدانی ململانێی ناپرەنسیپیی شێوەیی لەگەڵ توركیا لەسەر حیسابی كێشەكانی سووریاو كوردان، بەڵام حزبەكانی ئەنەكەسە بەخۆڕایی ناوبەناو دەیانەوێت لاسایی ئەو گروپانە بكەنەوە بۆ خۆبەهێزكردن بە پێشمەرگەی رۆژ كە مایەی رێزن، لە كاتێكێشدا ئەوان بەشێكن لە رێكخستەكانی پێشمەرگەی كوردستانی عێراق و لەژێر فەرمانی ئەواندان، ئەوەی مایەی گاڵتەجاڕییە ئەوەیە كە هەردوولا نەخشەڕێگا و بەرنامەی كاری سەربازی و ئامانجی روونیان نییە پەیوەست بە كێشەی نەتەوەیی و نیشتمانی، لەو سێ رۆژەی رابردوودا ئەوە ئاشكرابوو كە ئایا پێشمەرگەی رۆژ چوونە ناو خاكەكەوە، یان نا! ئەمە ئەو پەڕی داوەشان و سەرشۆڕییە بۆ حزبە كوردییەكانی سووریاـ ئەوە وێڕای كاریگەرییان بە فاكتەری دەرەكی، لێدوانی تەمومژاوی مستەر جیفری وای لە حزبەكان كرد كە سەریان لێ بشێوێت، ئەو گوتی: پێشمەرگەی رۆژ چوونەتە نێو سووریاوە بە ئاگاداریی ئێمە و هەسەدە، بەڵام روونی نەكردەوە چۆن و لەكوێوە چوونەتە ژوورەوە و چەند سەعاتی لێ مانەوەو كەی گەڕانەوە.
ئەی ئەوانەی بەخۆتان دەڵێن سەركردەی حزبەكان و بەدرۆ خۆتان كردۆتە نوێنەری گەلی كوردی سووریا، بڕوام پێ بكەن، بگرە هەر لە گەورەتانەوە تا بچووكتان و لە پەكەكەشەوە بەو هەموو پۆستە سەربازی و سیاسی و ئەمنییەوە تادەگەنە هەموو رێكخستنە شكستخواردووەكانتان كە لەسەر خێرو پاشماوەی لیوای ئەمنی محەمەد مەنسوورە دەژین، هەمووتان تۆزقاڵێكتان لە شەرعییەتی نەتەوەیی و نیشتمانیتان نییە، ئێوە تەنیا نوێنەرایەتیی خۆتان دەكەن، ئێوە بوونەتە فاكتەری نائارامی و سەرچاوەی مەترسی بۆ سەر سوورییەكان و لەسەرووشیانەوە كورد، بەرپرسیارێتیی تەنگژەكەی ئێستاتان لە ئەستۆدایە بە هەموو دەرهاویشتەكانی حازری و دواڕۆژیشەوە، ئەوانەی لەپشتیشتانەوە دەوەستن، لەوانە رژێمی ئەسەدو تاران و ئەمریكاو رووسیا، یان توركیا هەموویان لە بەرژەوەندیی كێشەكەماندا نین، بەڵكو بۆ تێكدان كاردەكەن، دوژمن و دۆستیش ئەمە چاك دەزانێت، یەك شت رەنگە تووڕەیی گەلتان لەسەر لاببات ئەویش ئەوەیە بە هێمنییەوە وازبێنن و چارەنووستان بدەنە دەست نیشتمانپەروەرانی خەباتگێڕ كە زۆرینەن لە رێی كۆنگرەی نیشتمانیی كوردیی سووریاوە...
ئەی نیشتمانپەروەرانی بەشەرەف تاوانەكان پەردەپۆش مەكەن، لەسەر ناحەقی بێدەنگ مەبن و بجووڵێنەوەو كۆببنەوەو بە ئازایەتییەوە باسی چارەنووسی خۆتان بكەن.
ئەمڕۆ ئەو رۆژەیە كە پێویستە تێیدا هەموومان لەپشت هێزەكانمانەوە بوەستین و راپەڕینی گشتی كە ئیدارەی خۆیەتی لە باكووری رۆژهەڵاتی سووریا رایگەیاند فەرمانەو پابەندبوون پێیەوە ئەركێكی نیشتمانییە، بەڵێ ئەمە لۆژیكی حزبە تۆتالیتارییە سەركێشیكارە ناشەرعی و هەڵنەبژێردراوەكانە لەلایەن گەلەوە، كە رێگە بەخۆی دەدات بێ گەڕانەوە بۆ گەل راپەڕینی سەرتاسەری رابگەیەنێت، راپەڕینی گشتی لە كاتی چارەنووسسازی وەك ئێستا روودەدات، كە پێویستە بەخۆداچوونەوەیەكی جددی هەبێت لەگەڵ بەدیهێنانی ئاشتبوونەوەو بەهێزكردنی بەرەی ناوخۆ لە هەردوو ماڵی كوردی و سووریدا، هاوكات جێبەجێكردنی ئەو بڕیارو پڕۆژانەی لێیانەوە دەردەچن، لەسەر ئاستی كورددا ئەوا كۆنگرەی نەتەوەیی كە لەلایەن بزاڤەوە خراوەتەڕوو تاكە رێگەیە بۆ گەیشتن بە كۆدەنگیی شەرعیی نەتەوەیی، هەروەها دیاریكردنی شێوازەكانی بەرەنگاربوونەوە بە ئاشتی و بە شەڕ، یان بە دیپلۆماسی، وێڕای دەستنیشانكردنی هێزو ئامڕازەكان بۆ بەرەوڕووبوونەوەی تەحەدییەكانی هاوشێوە.
تێڕوانینی گشتی سەبارەت بە ئەركەكانی بیناتنانەوەی بزووتنەوەی كورد و بەدیهێنانی كۆنگرەی رزگاریی نیشتمانیی كوردیی سووریا دەردەكەوێت كە سڕینەوەی رەشبینی لای زۆربەی دەستەبژێری رۆشنبیر و سیاسیمان جۆرێك لە بێسەروبەریی پێوە دیارە، پێموایە ئەمە بۆ مەیلی پشتبەستن بە خەڵكی دیكە دەگەڕێتەوە، هەروەها لەدوورەوە چاودێریكردن، یان بڕوابوون بەو شتەی كە رەنگە زۆر بە خێرایی رووبدات، ئەم شتەش تەنیا پێویستی بە بەیاننامەی ژمارە یەك و راگەیاندنی ژمارەیەكی تازەی حزبی هەیە، بەڵام راستییەكە بەم شێوەیە نییە، بزووتنەوەیەك بە قەبارەی بزووتنەوەكەی ئێمە كە دوچاری ستەم و دزەكردن بۆتەوە لەلایەن رژێمی شۆڤینییەوە بە درێژایی زیاتر لە شەش دەیە، هاوكات رووبەڕووی لاساری و ساختەكاری بۆتەوە لەگەڵ ئەوەی كە ناوەڕۆك و ناوەڕۆكە خەباتگێڕییەكەی لێ شێوێندرا لەلایەن سەركردەی هۆزە حزبییەكانەوە كە تێكچرژابوون لەپێناو بەرژەوندییە تایبەتییەكانیان، ئەمە پێویستی بە نۆژەنكردنەوەو كاری بە كۆمەڵ هەیە، هاوكات پێویستی هەیە بە كات و كۆششی فیكری و پیادەكردنی پراكتیكی و قوربانیدان، بەڵێ ئێمە لەبەرامبەر فاكتەرێكی خۆمانەی لاوازداین، جگە لە فاكتەرگەلێكی بابەتییانەی ناوخۆیی و دەرەكیی ناسەقامگیر، قەدەریشمان وایە كە پشت ببەستین بە ئیرادەی گەلەكەمان بۆ گۆڕینی هاوكێشەكان و بەدیهێنانی ئامانجەكان، كە بزووتنەوەكانی گەلانی دیكەش بە درێژایی مێژوو لەمەدا پێش ئێمە كەوتوون.
لە رێی ئەو سەكۆیەی (گوڵان)ەوە داوا لە برایانم دەكەم لە كوردستانی عێراق و لە حكومەت و پەرلەمان و بەتایبەتی لە برای بەڕێزم سەرۆك مسعود بارزانی كە نیگەرانییەكەی لەهەمبەر گەلەكەمان بەردەوام بێت تا ئەو كاتەی یەكێتی و تەبایی لەنێوان كوردانی سووریادا دێتەئاراوە، ئەویش بە پشتیوانی و پشتگیری لە پرۆژەی گرێدانی كۆنگرەی نەتەوەیی- نیشتمانیی كوردانی سووریا بە زۆرینەیەكی نیشتمانیی بێ لایەن، لەلایەن بزاڤی لاوان و رێكخراوەكانی كرمەڵگەی مەدەنی، هەروەها بەشداریكردنی لایەنگرانی حزب بە یەك لەسەر سێ، چونكە سەركردەی حزبەكان بێ جیاوازی بەتایبەتیش ئەوانەی سەر بە پەكەكەن هۆكاری ئەو مەینەتییەی ئێستان، پێویستە بوار بدەنەوە زۆرینە تاكو خەبات بەڕێوەبەرن دوای گەڕاندنەوەی هەردوو شەرعییەتی نەتەوەیی و نیشتمانی لە رێی ئەو كۆنگرەیەی كە ئاواتی ئێمەیە.


Top