ئەو پیاوە عیرفانەی بارزان خیانەتی لێکرا.

ئەو پیاوە عیرفانەی بارزان خیانەتی لێکرا.
شێخ عبدولسەلام بارزانی کوڕی شێخ موحەمەدی شێخ عبدولسەلامی یەکەمی بارزانی و برا گەورەی مصطفی بارزانی نەمرە.

لە دەوروبەری ۱٨٨۷ له گوندی بارزان چاوی بە دونیا هەڵێناوە. لە تەمەنی شەش ساڵیدا بنچینەکانی ئاینی ئیسلامی و فیقهی عیرفانی تەسەوفی خوێندوە.
لەدوایی وەفاتی شێخ موحەمەدی باوکی لە ساڵی ۱۹۰۳دا بۆته شێخی ڕابەری ڕێبازی نەقشبەندی له تەکیەیی بارزان و ناوچەکە.

هەر لە تەمەنی لاویدا شێخ عبدولسەلام هەستی نیشتیمانی وای لێدەکات بیر لە داهاتووی میللەتەکەی بکاتەوە بۆییە کەوتە خزمەتکردنی خەڵك.
دواتر شێخ عبدولسەلام پەیوەندیەکی بەهێز لەگەڵ سەرۆك هۆز و عەشیرەتەکانی تری کورد بەست بۆ ئەوەیی ئەو زوڵم و زۆرداریەیی لەلایەن عوسمانیەکانەوە خراوەتە سەر میللەتی کورد لاببرێت.

بۆیە شێخ دەکەوێتە گەڕان و سەردانی سەرۆك هۆز و شێخەکانی ڕێبازی (قادری و نەقشبەندی) لەلایەك و پەیوەندی کردن بە ڕێخراوە کوردیەکانی وەك (کۆمەڵی تەعالی و تەرەقی کوردی و کۆمەڵەی هێڤی و کۆمەڵەی سەربەخۆی کورد)
هەروەها شێخ پەیوەندی بە "شێخ مەحوودی حەفید و شێخ عبدالقادری نەهری و سمۆکی شکاك"ەوە دەکات و هۆشیاری سیاسی دەوڵەمەد دەبێت و گەشە دەکات.

لە بەهاری ۱۹۰۷دا شێخ دەچێتە سەردانی (شێخ نووری موحەمەد بریفکانی)و شێخی ڕابەری تەکیەیی قادری لە بادینان، لەوێ لەگەڵ سەرۆك هۆزەکانی کورد و پیاوە ئاینییەکان کۆدەبتەوە ئەم داخازیانەیی خوارەوە بە تەلەگرافێك دەنێرێ بۆ (سوڵتان عبداولحمید) لە ئەستەنبول.

*یەکەم: زمانی کوردی لە ناوچە کوردییەکاندا بکرێتە زمانی ڕەسمی.

*دووەم: خوێندن لە قوتابخانەکاندا بەزمانی کوردیبێت.

*سێیەم: قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیەو کاربەدەستان و کارمەند ئەوانەبن کە کوردی دەزانن.

*چوارەم: باجەکان وەکو خۆیان بمێنەوە بەمەرجێك لە چاککردنەوەی ڕێگاوبان و کردنەوەی قوتابخانە له ناوچە کوردییەکاندا خەرج بکرێت.

وێنەیی ئەو تەلەگرافە نێردرا بۆ (شێخ عبدالقادری نەهری و ئەمین عالی بەدرخان و فەریق شەریف پاشا)، لە کۆبوونەوەیەکی گشتیدا هەموویان سوێند دەخۆن کە ئەم داخوازیانە بپارێزن و وازی لێ نەهێنن.

کاتێك سوڵتانی عوسمانی ئەو بروسکەیەیی پێدەگات زۆر پەست و توڕە دەبێت، ئەم تەلەگرافەی بە دەرچوون لە فەرمانی میری و داواکردنی جیابونەوە دانا. بۆیە سوڵتان جاڕی جەنگی ڕاگەیاندو له کۆتایی ۱۹۰۷ هێزیکی زۆری ناردە سەر بارزان و هیچ کام لەو سەرۆك هۆزانەی سوێندی پیرۆزیان خوارد ڕێگریان لەو هێزەی عوسمانیەکان نەکرد. تەنها هێزی بارزان بە سەرکردایەتی شێخ عبدولسەلام دوومانگ بەرگریەکی قارەمانانە دەکات و بەرەنگاری دووژمان دەبنەوە، دواتر شێخ ناوچەی بارزان جێدێلێت دەچێتە لای (تیاریەکان و لای مارشەمعون) لەوێ ڕێزیکی زۆری لێ دەنێن، دواتر سوپای عوسمانیەکان باران و دەڤەرەکە دەسوتێنن هەرچی هەبوو بەتاڵانی دەبەن و ژن و منداڵەکانیشیان بەدیل دەگرن، لەو ڕووداوەدا (مصطفی بارزانی نەمر ) لە تەمەنی سێ ساڵاندا لەگەل دایکی له موسڵ بەند دەکرێن.

دواتر شێخ عبدولسەلام بە قۆڵ بەستراوی دەنێردرێتە بەندینخانەی موسڵ، پاش دادگایی کردنێکی ڕواڵەتی کە (سلێمان نەزیف) پێکی هێنابوو، شێخ عبدولسەلام و سێ یاوەرەکەی لە ۱٤ـی۱۲ـی۱۹۱٤ لە سێدارە دەدرێن و شەهید دەکرێن.
Top