مرۆڤـــ درووست بكه‌ن پێش هه‌ر شتێكى تر

مرۆڤـــ درووست بكه‌ن پێش هه‌ر شتێكى تر
دامه‌زرێنه‌رى ده‌وڵه‌تى سه‌نگافوری و یه‌كه‌م سه‌رۆك حكومه‌تى سه‌نگافورا (لی كوان یو) ده‌لێ " مرۆڤ درووست بكه‌ن پێش هه‌ر شتێكى تر، وه‌ پێداویستیه‌كان و خزمه‌ت گوزراییه‌كان ده‌سته‌به‌ربكه‌ن ئینجا به‌كارى بهێنن به‌ شێوه‌یه‌كى شارستانى و پاك".
سه‌نگافورا له‌ ساڵى 1965 سه‌ربه‌خۆی وه‌رگرت و لی كوان یه‌كه‌م سه‌رۆك وه‌زیرانى بوو كه‌ رووبه‌رووى كۆمه‌لێ گرفتى وه‌كو نه‌خوێنده‌واری و بێكارى و گه‌نده‌ڵى كارگێڕى و هه‌ژاری و كێشه‌ى نیشته‌جێبوون و داڕمانى ئابووری بویه‌وه‌، جگه‌ له‌وه‌ش پێكهاته‌ى سه‌نگافورا تێكه‌ڵ و پێكه‌ل بوو له‌ چه‌نده‌ها نه‌ته‌وه‌ له‌ (چین و هیند و دوورگه‌كانى مالایا و چه‌ندانى تر)، به‌ڵام (لی كوان) هه‌ر سه‌ره‌تا هه‌ستى كرد كه‌ ناتوانێ ووڵاته‌كه‌ى به‌ره‌ووپێشه‌وه‌ ببات و گه‌شه‌ى پێ بكات گه‌ر سیسته‌مێكى فێركردنى تۆكمه‌ و ته‌واوكه‌ر دانه‌مه‌زرێنى، چونكه‌ سیسته‌مى فێركردنى راست و درووست ده‌سته‌به‌رى هه‌موو هه‌نگاوه‌كانی پێشكه‌وتن دابین ده‌كات كه‌ ووڵات پێویستیه‌تى هه‌ر به‌ خوێندن ده‌توانێ به‌ره‌نگاری نه‌خوێنده‌واری و كه‌م كردنه‌وه‌ی بێكاری و گه‌مارۆدانى هه‌ژاری بكات، ئه‌وه‌ بوو (لی كوان) چه‌نده‌ها كه‌سایه‌تى به‌توانا و شاره‌زاى له‌ سه‌نگافورا هه‌ڵبژارد كه‌ له‌ حكومه‌ت كاربكه‌ن و به‌هۆیه‌وه‌ توانى تیمێكى كاری سه‌ركه‌وتووی نایاب بۆ درووست كردن و ده‌ركردنى بڕیار و جێ به‌جێ كردنى له‌ ژێرده‌ست بێت هه‌ر له‌وه‌شدا توانى سیسته‌مى فێركردن بگۆرێت كه‌ پێشتر له‌لایه‌ن كه‌سانى ده‌وڵه‌مه‌ند و به‌رژه‌وه‌ندخواز به‌رێوه‌ده‌بڕان بۆ كه‌سانى پسپۆرو دڵسۆز و شاره‌زا كار بكه‌ن له‌ بوارى فێركردن و سیسته‌مى فێركردن هی هه‌مووان بێت نه‌ك كه‌سانى دیاریكراو و تایبه‌ت، وه‌ حكومه‌ت پاڵپشتى فێركردن و خوێنده‌وارى كرد و خوێندن به‌ خۆرایی بوو بۆ هه‌موو چین و توێژه‌كانی سه‌نگافورا ،وه‌ ئامانجى سه‌ره‌كى بریتى بوو له‌ گه‌شه‌پێدانى تواناكانى قوتابی له‌ رووى بیركردنه‌وه‌ و ره‌وشت و جه‌سته‌ی ، وه‌ دۆزینه‌وه‌ی كارامه‌یی و توانای هه‌ قوتابیه‌ك كه‌ بتوانێ له‌ پێناو خزمه‌ت كردنى نیشتیمان و كۆمه‌ڵگه‌كه‌ى جێ به‌جێ بكات، وه‌ لی كوان هه‌ر ته‌نها به‌ دیارى كردنى ئامانجه‌كانى فێركردن و رێگاى جێ به‌جێ كردنیان نه‌وه‌ستا، به‌ڵكو خودى خۆی سه‌رپه‌رشتى كردن و دڵنیابوون له‌ چۆنیه‌تى به‌رێوه‌چوونى سیسته‌مى په‌روه‌رده‌ و فێركردن له‌ ووڵات و تا چه‌ند فێركردن له‌ سه‌ر رێگاى راست ده‌ڕوات، هه‌ر ئه‌وه‌ش بوو پرۆفیسۆر(بیرتل ئه‌ندریسون) سه‌رۆكى زانكۆی(NTU)سه‌نگافوری ده‌گێرێته‌وه‌ ده‌لێ من خۆم شاهێدى چاڵاكییه‌كانى (لی كوان یو)م كه‌ بریتى بوو له‌ سه‌ردانه‌ له‌ ناكاو و به‌رده‌وامه‌كانى بۆ قوتابخانه‌كان و په‌یمانگاكان و زانكۆكان كه‌ به‌به‌رده‌وامى و له‌ ناكاو سه‌ردانى ده‌كردن تا بزانێ چۆن پرۆسه‌ى فێركردن به‌رێوه‌ده‌چێ و هه‌روه‌ها له‌ كۆتایی هه‌موو هه‌فته‌یه‌ك كاتى ته‌رخان ده‌كرد بۆ سه‌ردانى كردنى به‌شه‌ ناوخۆیی قوتابییه‌كان و گوێی له‌ داواكارییه‌كانیان و پێشنیاره‌كانیان و له‌ هه‌مانكاتیشدا كۆڕ و كۆبوونه‌وه‌ و موحازه‌ره‌ى گشتى و به‌رده‌وامى هه‌بوو له‌گه‌ڵ قوتابیه‌كان و ئاراسته‌ى ده‌كردن بۆ خوێندن و فێربوون و هه‌روه‌ها گوێ له‌ داواكاری و پێشنیاره‌كانیانیش ده‌گرت و دواتر كاری له‌سه‌ر ده‌كرد له‌ رێگاى زانكۆكان و قوتابخانه‌كان.
ئه‌وه‌ش له‌ بیر نه‌كه‌ین بۆ گه‌یشتن به‌ پله‌ى نایاب له‌ جۆری فێركردن به‌ شێوه‌یه‌كى سه‌ره‌كى جه‌ختى له‌ سه‌ر توانا و پسپۆری مامۆستاكان و سه‌رجه‌م فه‌رمانبه‌ران ده‌كرده‌وه‌ له‌ كه‌رتى فێركردن، به‌رده‌وام گرنگى به‌ بنیاتنان و گه‌شه‌كردنى توانا و پسپۆری و كارامه‌ییه‌كانى فێركردن و كارگێڕى ده‌كرده‌وه‌ له‌ رێگاى به‌رنامه‌ى گه‌شه‌پێدان و راهێنانى جۆراوجۆر له‌ مه‌ڵبه‌نده‌كانى فێركردن له‌ به‌ریتانیا و ئه‌مریكا، هه‌روه‌ها سیسته‌مێكى ووردی دامه‌زراند بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنى رۆڵى مامۆستاكان كه‌ ئه‌و هه‌ڵسه‌نگاندنه‌ له‌ ئه‌نجامى ده‌ستكه‌وته‌كانى مامۆستا بوو كه‌چى پێشكه‌شى قوتابخانه‌ و كۆمه‌ڵگه‌ كردووه‌ له‌ ئه‌نجامى ئه‌و هه‌ڵسه‌نگاندانه‌ مامۆستاى سه‌ركه‌وتوو پاداشتى زۆر باش و سه‌رمووچه‌ى به‌رز ده‌كرایه‌وه‌ له‌ كۆتایى هه‌ر سالێكدا.
له‌ كۆتاییدا خۆزگه‌ و ئاواتمه‌ ببینم رۆژێك هه‌رێمى كوردستانیش خاوه‌ن سیسته‌مێكى په‌روه‌رده‌ و فێركردنى تۆكمه‌ و به‌هێز بێت و گرنگى پێ بدرێت له‌ هه‌موو روویه‌كه‌وه‌ له‌ پێش ووڵاتانى تر بێت و سوود له‌ ئه‌زموونى سیسته‌مى فێركردنى سه‌نگافورا وه‌ربگرین.
Top